دەربارەی زنجیرە دانیشتنە 25 كاتژمێرییەكەی هەفتەی رابردوی پەرلەمان

03/08/2020

مەم بورهان قانع

 

دانیشتنەكانی هەفتەی رابردوی پەرلەمانی كوردستان، كە تێكڕا نزیكەی 25 كاتژمێریان خایاند، هیچ بڕیارێكیان تێدا نەدرا؛ كە خێری بۆ خەڵكی كوردستان تێدا بێت. نە لەبارەی بەناهەق بڕینی موچە و پارە پاشەكەوتكراوەكانی موچەی فەرمانبەرانەوە، نە دەربارەی ئیدانەكردن و هەڵوێستوەرگرتن بەرانبەر بە لەشكركێشیی سوپای بێگانە بۆ ناو ناو خاكی هەرێم، نە سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەی بەناو جێناكۆك (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و نە دەربارەی هاوسەنگیی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دابینكردنی پارەی پێویست (بە دادوەریی) بۆ ناوچە جیاجیاكان لە روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، نە سەبارەت بە وردەكاریی دانوستاندنەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، كە پرسیاری زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بو، سەرەڕای ئەوەی وەڵامی كەمترین پرسیاری پەرلەمانتاران درایەوە، تەنانەت وەزیری دارایی هەرێم.

لەبەردەم پەرلەمانتاران دا وتی: "لە دانوستانەكانمان دا لەگەڵ بەغداد، هەنگاوی باش نراون، بەڵام لێرەدا باسناكرێن"! وەك ئەوەی قسە بۆ رۆژنامەنوسان بكات و پەرلەمانتاران نوێنەری گەل نەبن و پێویست نەكات وەزیر وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بداتەوە! ئەمە لەكاتێكدایە تەنها پەرلەمانتارێكیش لەمبارەیەوە نەهاتە دەنگ، ئەوەبو بە خاڵیی پەیڕەوی داوای رونكردنەوەم كرد، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان خاڵە پەیڕەوییەكەی وەرنەگرتم و خۆیشیان رونكردنەوەیان لەوبارەیەوە نەدا، بۆ ئەوەی بزانین چۆن وەزیرێك زانیارییەكانی دانوستانێكی گرنگ لەپەرلەمان دەشارێتەوە، كە كابینەكەیان لەبەردەم پەرلەمان دا سوێندیان خواردوە و متمانەیان پێدراوە؟!

ئەمە لەهەر وڵاتێكی دیموكراسیی پەرلەمانیی دا بێت، متمانە لەتەواوی كابینەكە وەردەگیرێتەوە. كەواتە: ئەمجۆرە دانیشتنانەی پەرلەمان، كە پاڵپشتن بە مادەی 66ی پەیڕەوی ناوخۆ و گڤتوگۆن لەنێوان پەرلەمان و حكومەت دا، ئەگەر بەمجۆرەبن، ئەنجامنەدانیان باشترە. بۆیە دەبێت لەمەودوا پەرلەمانتاران پەنابەرنە بەر مادەی (69)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ پرساندنی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، نەك گڤتوگۆ و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی