عەیب و عاری کۆمەڵایەتی و ..سەرانێک لە دەسەڵات

05/08/2020

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

عەیب و عاری كۆمەڵایەتی(الوصمە الاجتماعیە)، چەمکێکی کۆمەلناسیە، بەمانای  تەماشاکردن بە خراپ و  رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی توند بۆ کەسێک یان گروپ و تاقمێکی مرۆیی دێت کە هەڵگرو جێبەجێکاری کۆمەلێک رەفتارو خەصڵەتی تایبەتن کە لەگەل بەهاو رێرەوی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە نایەنەوە جێگەی بیزران و تەنانەت مەترسی و  شوم و نەهامەتی بۆ گشتی هەژمار دەکرێن!!، ئەوەش لەبەرهۆکاری کۆمەڵایەتی دیاریکراو کە ئەو عەیب و عاریە لەسەر بنەمای رەزامەندی زۆرینە یان گشتی دێتەوە و ناسینراوە .

بەمانا لەکاتی بوونی عەیب و عارێکی دیاریکراو دەرکەوتەبوونی لەلایەن تاکێکەوە یان  گروپ و تاقمێکەوە ئەوکات کۆمەڵگە وەک سەرچاوەیەکی مەترسی لەسەر ژیانی گشتیی و یان عەیبەو نەنگی لەسەر رێزو کەرامەتی گشتی و نەهاتنەوە لەگەڵ بەهاو نۆرمەکۆمەڵایەتیەکان تەماشەی دەکات ودەبێتە سەرچاوەیەک بۆ دوودڵی و رارای بۆ ژیانی گشتی و کەرامەتی گشتی. سەرەنجام دەبێت کۆمەڵگە ئەم بۆئرەو دەرکەوتەیە لەخۆی بەدووربخات و رەتیبکاتەوەو هەڵوێستی بەرامبەر وەرگرێت وەک سەرچاوەیەکی مەترسی یان عەیبە لەسەری. و هەوڵی پەناگرتن و بچووکردنەوە وقەتیسکرنی بدات.

دیارە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و ئاستی هوشیاری و بیروباوەرو کۆنەستی کۆمەلایەتی زۆرجار بریاردەر دەبن و لەپشتی جۆری ناساندنی عەیب و عارەکان یان دیاریکردنی (چیەتی – چەندیەتی.. نەنگی و نەهاتنەوەکان).. بۆیە وەصمە ناکرێت بگوترێت لەبواریکی دیاریکراوەوەیە یان دەرکەوتەیەکی دیاریکراوەوەیە بەتەنها، بەلکو بە پێی کۆمەڵگەکان سەرچاوەو هۆکاری وەصمەو عەیب وعاری  فرەجۆرن.  بەوپێیەش کە هۆکارەکان و سەرچاوەکانی عەیبەو عاری لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و جۆری بەرەنگاربوونەوەو رەتکردنەوەیان هەیە بەڵام هەر کۆمەڵگەیەک بەشێوازی جیای خۆی.
سەرچاوەکانی عەیبو عارو بونەمەترسی کەس و تاقم و دەستەکان بۆ ئەوانی تر لەکۆمەڵگەی ئێمەدا لە سێ خاڵدا چر دەکەینەوە:
یەکەم: هەڵگری نیشانە جەستەییە مەترسیەکان.. وەک بوونی خەلەل و دەرکەوتەی نەخۆشی جۆراو جۆر لەوانە: نەخۆشیەعەقڵیەکانی وەک فیصام و نەخۆشیە گوێزراوە وەک گەری- جزام و چاوەقوولە (کولیرا)-لارەشە (تاعوون)، کە ئەمانە لەهەرکەس و خەڵکێک دەرکەوتەبوونایە خەڵکی تر یان دوور دەکەوتەوە لییان یان  تەریکی دەکردن و دووری دەخستنەوە لەخۆی. چونکە وەک سەرچاوەیەکی  مەترسی بۆ ژیانی تاک و گشتی تەماشەی دەکردن، ریگاو شێوازی رووبەرووبونەوەی بۆ دارشتوە. نمونەی دیاری ئیمرۆش نەخۆشی کۆرۆنایە بەو پێیەی کەسەرچاوەی مەترسی وتوشبوونە بۆ ئەوانی تر ئەگەر کەسی دۆست و ئازیزی ئێمە بێ تەنانەت خۆبەدوورگرتن و کەرەنتینەکردنی لەلایەن خۆیەوە بی یان دەزگایەکی تەندروستی کۆمەلایەتیەوە بێ خەریکە مامەئئلەی خەڵک لەگەڵی دەچێتە خانەی وەصمەی کۆمەڵایەتیەوە. 
دووەم: هەلگری نیشانەی کەسایەتی و رەفتاری. واتە بوونی پاشخانی رەفتاری عەیبەو عاری  لەکردەی دزی ورەفتاری لادەری سیکسی(شەروال پیسی (نیر)– داوێنپیسی (مێ) ) و تاوانکاری وەک کوشتن و شەرانی زیانگەیەنەری جەستەی و ودەم پیسی و تەنانەت چاوپیسی وپیس خۆری و تلیاک خۆریو ئالودەبووی مادەی هۆشبەرەکان بەگشتی و   ..هتد. کە ئەمانە لەکۆمەڵگەی  ئیمەی کوردەواریدا مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵدا دەکات کەمجارو بەدەگمەن خۆیان لی کەردەکات بەلکو هەوڵی کەنارگیری و پشت گوی خستن و بەچاوی ناشیرین تەماشەکردنی بکەرانی و درووستنەکردنی پەیوەندی لەگەڵیانو هەر لە هاورییەتیەوە و هاوسێەتیەوە بیگرە تا پەیوەندیگرتنی هاوسەرێتی...
بۆیە مرۆڤی ئەنجامدەر یان سەرچاوە بۆ ئەمانە هەمیشە خەریکی پاکانەکردن و خۆنیشاندان بەوەی کە  شتێکی لەمجۆرە بکەری نیە و نەبووەو ناشبێت!!.
سیێیەم: هەڵگری نیشانەی نەریتی و ئاینی و نەتەوەیی.لەوانە:  دژوەستان یان پێچەوانەکارکردن و لادان لە نەریتی کۆمەڵایەتی وئاینی بەمانا (دژەدینی ودژە نەریتی) و  دژەنەتەوەی ( دژە کوردی).ریگەو شیوازی بەرپەرچ و رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ بەکاربردووە. وەک بەرگیرێک بۆ لەناونەچوونی نەژادی و کوردبوونەکەی. لەکوردەواری ئیمە پرسی خیانەت و بوونە کۆیلەی بیگانەو پیاویکردن بۆ ئەم و ئەو لەگەل دوژمن وەستان بەرامبەر بە نەتەوەی کوردی بەرامبەر ئاینی کوردەواری و دژەی نەریتی کردن و بەرامبەربوونەوەی هەرنەریت و عورفیکی ئاینی و نەتەوەیی بە ئاشکرا بە بی پاساو هینانەوە راستەوخۆ کەسی ئەنجامدەر دەچێتە ناو بازنەی ئەوانەی بەچاوی وەصمەوە تەماشەدەکرێن و شوینگەی عەیب و عارین بۆ خەڵکی.
بۆیە هەموو کۆمەڵگەیەک لە هوشیاری کۆمەڵایەتیدا هەڵگری جۆرێک لەیاساو ریسای نەنوسراوی ئامادەبووی نێو هوشیاری و هەستی تاکەکانیەتی کەلەرێگەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیەوە وەریگرتوە، هەمیشە چاوی لەو عەیب و عارو مەترسیانەیە کەلەسەرژیان و کەرامەتی تاک و گشتی دەکەویتەوە. 
کاتیک دۆرکایم گەورەکۆمەڵناسی فەرەنسی قسە لەسەرتاوان دەکات و دەڵێت: تاوانه ئەوەندەی کە ستەم و دەستدرێژیە لەسەر کەرامەت و ژیانی کۆمەڵایەتی هەرگیز ئەوەندە ستەم نیە لەسەر یاسا. بۆیە وەک وەصمە تەماشەی بکەرانی تاوان دەکرێت.چونکە پرسی رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی و وەصمە پرسێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتیەو کۆمەڵگە لەناخیدا چاندویەتی و ئاماژەیە بۆ پاریزگاری لە کەرامەتی و ژیانی و نەریت و بەهاکانی. هەر بۆیە لەگەل دەرکەوتەبوونی هەر عەیب و عارو لادانێک هەڵویست و وەڵامی بەرپەرچی دەبێت . ئەوەش مانای زیندویەتی ئەو کۆمەڵگەیەو بوونی مفەوماتی پاریزگاری دەگەیەنێت. وەک چۆن زیادبوونی سەرچاوەکانی وەصمەو کەمبرستی بەرەنگاربوونەوەی  کۆمەڵایەتی(( بە بی لەبەرچاو گرتنی باشی وخراپی وەصمە!!) نەبوونی بەدیلی زانستی بۆی!  بۆخۆی مانای بێ هێزی کۆمەڵگەکەو جۆرێک لەدابرانی کۆمەڵایەتی تیایدا دەگەیەنی،و ئاماژەیەکی بەرچاویشە بۆبێ باکی لەخۆی کە ئەمەش مانایەکی مەترسیدارە لەسەرکلتووروناسنامەو  ژیانی گشتی.  
کوردەواری وەک هەرکۆمەڵگەیەکی مرۆیی ئەم سەرزەمینە هەڵگری خەصڵەتی وەهابووە، وەک فاکتەری مانەوەو بەردەوامی بووە، بەڵام ئیمرۆ تەماشە دەکەین ئەو سێبوارەی ئاماژەمان پێدا  کە وەک سەرچاوەی عەیب و عار و مەترسین بوونیان هەیە ، نەوەک پیویست وەک وەصمە تەماشەیان دەکرێت و نەریگەو شیوازی زانستی و سەردەمیانە وەک پێویست لەئا ستیان بەکار دەبرێت: بۆنموونە:
1- کۆرۆنا .و نەخۆشیە دەگمەنە گوزاراوەکان..رێگری کۆمەڵایەتی لەئاستیاندا کەمە و وەک پێویست و لەچاومەترسیاندا لاوازەو نیە.
2- تاوانکاری و لادانە کۆمەلایەتیەکان.زیادی کردوە بەتایبەت بەپاڵپشتی چینی دەسرۆشتووی کۆمەڵگە بەکاربردنی پیگە بۆ مەبەستی خراپ بۆنموونە لادانی سیکسی  و دەستدرێژی سیکسی و دزی و گەندەڵی  و تاوانەکانی تیرۆر و کوشتن و ئالودەیی و و هتد 
3- دژە ئاینی و نەریتی و نەتەوەییەکان. وەستانەوە لەگەڵ خواستی نەتەوەیی و گەلی و لایەنگیری بۆ دەسەڵاتی دژەکورد و دژە دینی و دژە نەریتی کۆمەڵایەتی هەر لەپەلکیشکردنی سوپای بیگانەوە بیگرە تا بڵاوکردنەوەی فیلم و درامای هەمەچەشنەی بیانی .. هتد
لێرەوەو بەتایبەتی پاش راپەرین  زۆرێک لەم عەیب وعاریەی کەلەنێو کۆمەڵگەدا بوونی هەیەو زۆرجار وەک قەیران بەرچاو دەکەوێت،! هەندێ کەس و تاقمی نێو دەسەڵات لەپشتیەوەن و بۆمەرامی کەسی و حیزبی و تاقمی سەردەستەی و بنەماڵەیی بەکاری دەبەن، نەیاسا وەک پێویست بەتایبەتی بۆ تاقمی دەسترۆیشتوو ئەو توانایەی هەیە  بەرگیری تەواویان لی بکات و نەکۆمەڵگەش وەک پێویست توانای بەرەنگاربوونەوەیانی هەیە .! خەریکە پاساوی نابەجێشیان بۆ خۆش دەکرێ!! . بۆیە ئەمە زەنگێگی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و کلتووری و ئەخلاقی کۆمەڵگە پێویستە کۆمەڵگە لەمبارەوە زیاتر هوشیار بکرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی