لە هەولێرەوە، سیستەمی حوكمڕانی كوردستان دەگۆڕێ...

05/08/2020

د. رعد رفعه

بەبیرمە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011 لەگەڵ چەند كەسێكی دیاری هەولێر سەردانی كاك نێوشیروان مستەفامان كرد بەمەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەهەموو كوردستان.
كاك نێوشیروان قسەیەكی قوڵی كرد كاتێك گوتی: "ئێمە دەتوانین لە شەوێكدا سلێمانی كۆنتڕۆڵ بكەین، بەڵام كێشەكە هەولێرە".
هەر لەو قۆناغەدا، دوای ئەوەی سەرەتا خۆپیشاندانەكان لە سلێمانی دەستی پێكرد وجوڵەی جەماوەری لە هەولێر نەبوو، بەچەند برادەرێكی گوتبو: "تازە هیچ نابێت و ئەم دەرفەتەشمان لەدەست دەرچوو بۆ گۆڕانکاری گەورە... تازە مادام خۆپیشاندانەکان سەرەتا لە هەولێر دەستی پێ نەکردو لێرە لە سلێمانی دەستیان پێکرد، کەواتە زۆر ئەستەمە بگوازرێتەوە بۆ ئەو دەڤەرە، هەر لێرە قەتیس ئەمێنێتەوەو هیچ ئاکامێکی گەورەی نابێت، چونکە لێرەوە ناتوانین سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستاندا بگۆڕین".

دیارە دیمۆگرافیا وجیۆپۆلتیک وپێگە دەستوری ویاساییەكەی هەولێری پایتەخت، ئەو رۆڵەی پێبەخشیوە. بۆنمونە لە راپەڕینی 1991 تا هەولێر ئازاد نەکرا، راپەرینەكە ئەنجامی نەبوو. پارتی ویەکێتی شەریان لەسەر هەولێر بوو، لەدوای 31ی ئابی 1996 یەکێتی هەولێری لەدەستدا، هەر بۆیە پێگە سیاسیەكەشی لەدەستدا. تا هەولێر لە بەهاری 2018 خۆپیشاندانی ئەنجام نەدا، حكومەتی هەرێم رێژەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی كەم نەكردەوە!

بەدرێژایی مێژوو، حزب ورەوتە سیاسیە كاریگەرەكانی هەرێم لە دەرەوەی هەولێر دامەزراون وسەرۆكەكانیشیان لەدەرەوەی هەولێر بونە؛ هەر بۆیە بڕیاری سیاسی وجوڵە جەماوەریەكانیان بەڕوانگەی گردو تەپۆلكەكانی دەرەوەی هەولێر بوە وكاریگەری ئەوتۆی نەبوە لە گۆڕانكاری ریشەیی.
حزبەكان، هەولێریان بۆ پارتی جێهێشتوە، سەرۆك حزب هەیە تەنها بۆسێلڤی گرتن دێت بۆ هەولێر! پەرلەمانتارەکانی دەرەوەی هەولێر، پێش هاتنیان بۆ كۆبونەوەكانی پەرلەمان لەهەولێر، بەرنامەی گەڕانەوەیان داناوە!

لە ئێستادا، خەڵکی سلێمانی بێزاربوە لەو خەبات وماندبون وقوربانیە زۆرەی داویەتی لە پێناوی گۆڕانكاری وچاكسازی، بەڵام بێ ئاكام بونە وبەرهەمەكەی نەخواردوە. خەڵکی ئەو دەڤەرەش ئەو تێگەیشتنەیان بۆ دروست بوە کە پێویستە چەقی ململانێکان لە هەولێر بێت، ئەو قەتیس بونە لە سلێمانی ولاوازیەی لایەنەکان لەو پارێزگایە چیتر گۆڕانكاری پێ دروست ناكرێ، ئەوەش دەرەنجامی دە ساڵی رابردوی خەباتی سیاسی و مەدەنی  خەڵکی ئەو پارێزگایەیە.

هەربۆیە دەبێ ئەو قۆناغە نوێیەی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بكەینە دەرفەتێك بۆ گۆڕینی چەقی ململانێ سیاسیەكان لە سلێمانیەوە بۆ هەولێر؛ چونكە گۆڕانکاری فعلی لە هەرێمدا لە پایتەختەوە دەستپێبکات وچیتر سەرجەم هەوڵە سیاسیەكان لە سلێمانی خڕنەكرێتەوە.
لە كۆتاییشدا، دەبێ هەولێر پێگەی خۆی بەدەست بێنێتەوە، نەك تەنها بۆ هەولێریەكان، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی تێكڕای پرۆسە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستان وبنیانانی سیستەمێكی نوێی سیاسی وئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی بۆ خزمەتی خەڵك.
پ.ی.د. رعد رفعه

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی