سلێمانی شاری شاران، شاری شۆڕش و بریسكە ڕۆشنبیرییەكان

19/09/2020

كەمال محەمەد

سلێمانی لەسەرو ئەو وانانەوە دێت كە پێویستە لەڕابردوەوە فێری ببین كە چۆن بەدەستهێنانی بەرهەمی زانستی و ڕۆشنبیرییەكی خاوەن ماهییەتی شۆڕشگێری كردوە بەگرنگییەكی ژیانی و پێویستییەكی دەست بەرلێنەدراوی خۆیەوە، سلێمانی ئەوشارەی كە گەڕانەوە بۆ مێژووەكەی فێركەرو ئەزمونبەخشتر ئەبێت بۆ ئێمەو نەوەكانی داهاتوش هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە پێی دەڵێین شاری ڕۆشنبیری.
سەرباری سەرجەم هەوڵەكانی سوین و پوكانەوەو لەناوبردنی ئەمشارە، بەڵام بەسیفەتی سروشتی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕیەكەی هەمیشە بەردەوامی بەهەبونی خۆیداوە لەچەسپاندنی ماناو ناوەرۆكی خودی سیاسەت و هونەرو ئازادی، هەرچی خودی ئازادی و پێكەوەژیانە نزیكایەتی لەحەقیقەتێك دێنێتەوە یاد، بەهۆی ئەم فاكتەرانەیە كە دەڵێین بەدرێژایی مێژووی سلێمانی مەیلی زاڵ بەرخودان بوە نەوەك ملكەچكردن و هەردەم هێزی ڕۆڵ بینینی هەبوە لەسیاسەت و شۆڕشە یەك لەدواى یەكەكانداو هەمیشە دۆخێكی نەرێنی هیواشكێنی بۆ دوژمنان و ئەوانەش دروستكردوە كە چاویان بەم شارەدا هەڵنەهاتوە.
هۆكاری ئاماژەدانم بەو كورتە مێژوییەی سلێمانی ئەوەیە كە سەرباری ئەوەی ئەم شارە میراسێكی هێژاو بەهاداری بۆ بەجێهێشتوین، بەڵام بەپێی پێویست ئاوڕ لەمشارە نەدراوەتەوەو دەسەڵاتی سیاسی و حكومڕانی تیایدا بەسەر چەندین بەرپرسی دەست ڕۆییشتو دابەشبوە بوە بەجێگای دەیان تۆڕی بازرگانی  لەدەرەوەی یاساورێساكان، بێگومان ناوەندەكانی دەسەڵات و حیزب بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو تۆڕانەدایەكە ئەرك و ئامانجیان پڕكردنی گیرفانی بەرپرس و  زیاتر تاڵانكاری سامانی سروشتی ئەم هەرێمەیە.
بێگومان وەك چۆن نەوت بەدرێژایی دەسەڵاتی كوردی بوە بەنەفرەت بۆ هاوڵاتیانی، ئێستاش دەسەڵات لەرێگەی گردو پێدەشتەكانی ئەمشارەو نەهێشتنی سروشتی سەوزاییەوە لەهەوڵی دروستكردن و زیاتركردنی نەفرەتێكی دیكەیە بۆ هاوڵاتیانی، ئەوەی بەرامبەر بەسلێمانی ئەكرێت و بێدەنگ بونی لێی واتای بەردەوامیدان و كارئاسانییەكی زیاترە بۆ دەسەڵاتێكی كلیپتۆكراتی كە بەناوی موزایەدەی كوردایەتییەوە  هەمیشە لەهەوڵی پێگە سیاسی و بازرگانییەكانی خۆیاندان .
پێویستە لەبیری نەكەین ئەگەر شۆڕشی رۆشنبیری و زهنییەت ڕونەدات ئەوا هیچ شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی رونادات، بێگومان لەشۆڕشەكانی كوردستانیشدا سلێمانی بەمەیدانی شۆڕشی ڕۆشنبیری و زهنییەت دائەنرێ كە چۆن لە میانەی هەوڵە ڕەسەن و خەیاڵەكانی ئەڵتەرناتیڤیبونەوە بەهای ژیانێكی ئەخلاقی و ئيستاتیكاو دەستكەوتێكی زهنی دروستبكات، بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتە لەزهنییەت و ژیان بكاتە پراكتیكی بەرەو پێشچونی خۆی، بەڵام ئەوەی ئێستا لەمشارەی شۆڕش و بریسكە ڕۆشنبیرە بەدی ئەكرێ پێچەوانەی ئامانجە مێژوییەكەیەتی كە ڕوبەروی قوتدەری حەقیقەت و چاوبرسییەكانی بەكاربردنی سەرمایەو سروشتەكەی و فاكتەرەكانی قازانجپەرەستی  كەسانی دەست ڕۆییشتوی حیزبەكان بونەتەوە .
ئێستا لەروی حەقیقەتەوە سلێمانی بوە بەشاری خەیاڵەكانی هاوڵاتیانی و شاری بەكاربردنی بەرپرسەكانی، ناوهێنانی ئەمشارەش بەپایتەختی ڕۆشنبیری لەلایەن دەسەڵات و حیزبەكانەوە تەنها خەیاڵێكە كە خەڵك و نوخبە ڕۆشنبیرەكەی پێ خۆشنود ئەكرێ، چونكە واقیع و كردەكانیان لەگەڵ وتارو دروشمەكانیان ئێجگار جیاوازو لێك دورن، لێرەدا ئەو پرسیارەی بایەخدار ئەبێت ئەوەیەكێ بەرپرسی بەتاڵان بردن دژە ئاوەزای مێژوی ئەو شارەیە، لێكۆڵینەوەو گەڕان بەدوای ئەم پرسیارە ئەو وەڵامەمان بۆ ئەخاتەڕوو كە دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییەو ئەو هێزانەشی كەبەشدارن لەحكومەتی خۆجێیدا بەپرسن بەپێی قەبارەی دەسەڵاتیان، بۆیە هەربێدەنگی و خۆ لادانیان لەبەرپرسیارێتی بەمانای هاوبەشێتیان دێت لەو چەپۆكە توندانەی پاوانەكانی سەرمایەو دەسەڵات كە بەسەر سلێمانیدا ئەهێنن.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی