بەخێرھاتن بۆ جیھان

19/09/2020

مەریوان وریا قانع

 ”ئێمە لەم جیھانە فرەڕەنگ و پلورالەدا لەدایکبووین کە تیایدا باوک و دایک ئامادەن بۆ وەرگرتن و گرتنەئامێزو بەخێرھاتن لێکردن و ڕێپیشاندانمان، ئامادەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە ئێمە بوونەوەری غەریب و نەناسراو نین“
ھانا ئارێنت ١٩٥٤

یەکێک لەڕووکارە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی فیکری ژنە تیوریستی ئەڵمانی ئەمریکیی، ھانا ئارێنت، ئەو پێداگرتنە بەردەوامەیە لەسەر ڕەھەندە پۆزەتیڤەکانی ژیان لە جیھاندا، ئەگەر زۆرێک لە فەیلەسوفەکان باوەڕیان وایە کە ”مرۆڤ توڕدراوتە ناو جیھانەوە“و ”بەبێ ویستی خۆی ھێنراویتە جیھانەوە“، کردەی ھاتنەجیھانەکەش بە کردەی نامۆبوون و تەنھاکەوتن و نائموێدیی و ڕەنج و تەقالایەکەی پڕزەحمەتیی بەردەوام، یەکساندەکەن. ئەوا ھانا ئارێنت ڕێک بەپێچەوانەوە، کردەی لەدایکبوون وەک کردەیەکی پۆزەتیڤ و وەک بەخێرھاتنێکی گەرم بۆ جیھان مامەڵەدەکات.

لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر منداڵێکدا کەسانێک ھەن بەخۆشەویستیی و گرنگیپێدانەوە چاوەڕێی دەکەن و  دەیگرنە باوەش و گەورەی دەکەن و ڕێگای نیشاندەری دەبن، دەیخەنە سەر ڕێگای خۆی بۆ ئەوەی  لەناو جیھاندا بژیی و ئامادەبێت، لەم دیدەدا مرۆڤ تووڕنادرێتە ناو جیھانەوە بۆ ئازارچەشتن، بەڵکو دێتە ناو جیھانێکەوە کە کەسانێک چاوەڕێی ھاتنی دەکەن و بەگەرمییەوە لەئامێزی دەگرن، مرۆڤ لەم ڕوانینە پۆزەتیڤەدا لەباتی بەشێوەیەکی نەخواستراو بۆ ناو جیھان، دێتە ناو جیھانێکەوە بەکۆمەڵێک ئینتمای دیاریکراوەوە، جەوھەری ئەو ئینتیمایەش بەخێرھاتن کردن و ئامادەکردنی ئەو کەسە لەدایکبوویە بۆ ژیان لەناو جیھاندا.
ھاوکات ئەگەر لەبەشێکی سەرەکیی فیکری فەلسەفییدا ”مەسەلەی مردن“ مەسەلەی ژمارە یەکی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بێت، دیسانەوە لای ھانا ئارێنت دۆخەکە پێچەوانەیە و لای ئەو ”مەسەلەی لەدایکبوون“ ڕووداوی ژمارەیەکی ناو بیرکردنەوەی ئەو خانمەیە، لەدایکبوون وەک ھاتن بۆ جیھان، جیھانێکی فرەڕەنگ و پلوارال و ھەمەشێوە، کە مرۆڤی جیاوازو فەرھەنگی جیاوازو شێوازی جیاوازیی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی  و ژیانی جیاوازیی، تێدایە، جیھانێک پڕ لەزمان و چیرۆک و بەسەرھات و ڕوانین و خەونی جیاواز، ئەرکی فیکرو ئەرکی مرۆڤیش بریتییە لەپاراستنی ئەم دۆخی پلورالبوونەو بەرگریلێکردنی.
ئارێنت پێیوایە ئەم ئەرکی پاراستن و بەرگریکردنە لەجیھان وەک گشتێکی پلورال، ئەو کردەی ”لەدایکبوونی دووھەمەیە“ کە مرۆڤ لەدوای ھاتنییەوە بۆ جیھان جارێکی تر دەکەوێتە ناویەوە. مرۆڤ لەڕێگای زمان و کردەکانییەوە جارێکی تر لەناو جیھاندا لەدایکدەبێتەوە، دەبێتە کەسێکی بینراوو بیستراو. ھەردوو لەدایکبوونەکەش ھەڵگریی ئەگەری ھاتنەکایەی ”سەرتای تازە“و ئەگەری دەستکاریکردنی جیھان و دەستپێکردنی شتێکی تازەن.
چەمکی” لەدایکبوون“  لەچەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەم خانمە تیوریستەیە، کە ئەو خۆی بەناو جەھەنەمی نازیەت و تونەکانی ڕاوانان و ڕاکردن و کوشتن و بێماڵکەوتنە گەورەکانی سەدەی بیستەمدا، تێپەڕیی.

 ئەمستردام
١٩ سێپتێمبەرى ٢٠٢٠

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی