درۆزن!

24/09/2020

ئارێز عەبدوڵا

درۆ هەڵسوکەوتێکی نا ئاسايی و دوور لە بەها و نەريتە مرۆڤايەتيیەکانە، بۆيە لای کۆمەڵ بێزراو و نەفرەت لێکراوە. درۆزنەکان دوو جۆرن:
يەکەم: درۆزنە دەروون نەخۆشەکان. ئەوانەن بێ ویست و خواستی خۆيان ئاڵودەی ئەو دەردە دەبن و پێويستيان بە چارەسەر و راهێنانەوە هەيە، ناشبێ هيچ ئەرك وکارێکی گشتيیان پێ بسپێردرێ، بەڵکو دەبێ هەميشە لە ژێر چاودێریدا بن.

دووەم: درۆزنە هەلپەرستەکان. ئەو جۆرەشيان هەر نەخۆشن، بەڵام ئەوانە بە ويستی خۆيان لە پێناوی بەرژەنديی تايبەت درۆ دەکەن و دەبنە درۆزنی کارامە. درۆزنە کارامەکانیش هەميشە لە مەيدانەکانی سازشە سياسی، دارايی، ئابووری، دەرباری دەسەڵاتداران و ناوەندە سياسی و راگەياندن و بڕيارەکان هەڵدەکەون و دەردەکەون، بە تايبەت لەناو سيستەمە سەقەت و شێواوەکاندا. سيستمە سياسی و حوکمڕانيیەکەی وڵاتی خۆشمان گونجاوترين ژينگەی بەرهەم هێنانی ئەو درۆزنانەيە، چونکە ئەوانە لە جياتی لەسەر درۆ و دەلەسە و بوختانەکانيان سزا بدرێن، پاداشتی مادی و مەعنەوی وەردەگرن! .. درۆزنە کارامەکان نەك هەر ئامادەی درۆ و بوختانکردنن، بگرە لە پێناوی چەند ئێسکێکی رووتاوە هەميشە بە کلك بادانەوە بە هەموو رێبواران دەوەڕن.

کورد دەلێ ئاسمان بە دەستان راناوەستێ. بە دڵنياييەوە سيستەم و کورسی دەسەڵاتیش تا سەر بەدرۆ و پڕوپاگەندە راناوەستن، چونکە خودی ئەو درۆزنانە مەترسيدارترین مۆرانەی ئەو سیستم و کورسیانەن
دەسەڵاتداران!
سەرکردە سیاسیەکان!
پياوی چاك بن لە جياتی پاداشتکردن وەرن ئەو نەخۆشانە چارەسەر بکەن و رايانبهێننەوە، تا کۆشك و تەلارەکانتانیان بەسەردا نەروخاندون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی