لە شێواندنی رووداوەکانی کوردستانەوە
بۆ تێکدانی داستانی یۆنانییەکان

26/09/2020

مەجید ساڵح

شمشێرەکەی هیرکلیس یان دامۆکلس
(2)
ئەم وتارە درێژەی وتاری پێشوومە لەسەر کتێبی "لەبری بیرەوەی" مەلا بەختیار.. هەڵقەی دیکەشی بەدوادا دێ.. 
نووسەر لە لاپەڕە ١٣٠ کتێبەکەیدا نووسیویەتی:
"ئەم ساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، وتاری گرنگ گرنگ، لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و رابەرە گشتیەکەی نوسرا! دڵنیام، لەمەودا، راستیەکان فراوانتر باس دەکرێ، بەربەسەتە سایکۆلۆژییەکان.. خوسان!! شمشێرەکەی هیرکلیسیش لەسەر سەری نووسەران نەماوە، هەتا بە زنجیرە وتار، تاوانەکان بشاردرێنەوە."

لەو پەرەگرافەی سەرەوەدا، مەلا بەختیار جگە لە چەندین هەڵەی رێنوس و بەهەڵە بەکارهێنانی خاڵبەندی کە کاتی راستکردنەوەیان نییە و نیشانەن بۆ کەمی مەعریفە لە لیکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیدا؛ بەوە شاگەشکە بووە کاک نەوشیروان کۆچی دوایی کردوە و چیتر"شمشێرەکەی هیرکلیس" بەسەر سەری خۆی و هاوڕێکانییەوە نەماوە و فورسەتە هەزاران وتاری گرنگ گرنگ لەسەری بزوتنەوەی گۆڕان و خودی خۆی بنووسن.

جارێ با لە پێشدا بۆی راست کەمەوە کە جیاوازی ئەرزو ئاسمان هەیە لە نێوان "هیرکلیس"ی ئیمپراتۆری بیزانس و "دامۆکلس" کە خزمەتکارێکی دەرباری ئیمپراتۆر "دیونیزوس" بوو، لە یۆنانی کۆن. هەموو ئەدەبیاتی یۆنانی بگەڕێت شتێک نادۆزیتەوە بە ناوی "شمشێرکەی هیرکلیس"، خۆ ئەمە مێژووی کوردستان نییە بەکەیفی خۆت و چۆنت بوێ بینوسیتەوە ... بەراستی جورئەتێکی گەورەی دەوێ رێگەی بەخۆت بدەیت دەست بۆ شێواندنی ئەفسانەی یۆنانییەکانیش بەری. 

"شمشێر دامۆکلس"، ئەفسانەیەکی یۆنانی کۆنە، چیرۆکەی بەم شێوەیە: "دامۆکلس کە خزمەتکارێکی دەرباری ئیمپراتۆر "دیونیزوس" بوو، پێی وابوو ئیمپراتۆر لەرووی هێز و باڵادەستی و ئیدارەدانی مەملەکەتەوە کەسێکی سەرکەوتوو و بەختەوەرە. رۆژێک دیونیزوس داوای لێکرد لە جێگەکەی ئەو دانیشێ و بزانێ ئەو خۆشبەختیەی باسی دەکات لەچیدایە.  دامۆکلیس بە شەوقەوە پێشنیارەکەی قەبوڵ کرد و ئێوارە خوانێکی شاهانەی بۆ رێکخرا و ئەویش زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی وەک ئیمپراتۆر پێشوازی لێکرا، چوو سەر تەختی ئیمپراتۆر، بەڵام لە ناکاو شمشێرێکی تیژی بەسەرسەریەوە خۆیەوە بینی، شمشێرەکە تەنها بە تاڵێک موی کلکی ئەسپێکەوە بەند بوو. هەرکە شمشێرکەی بینی خۆشیەکەی لەبیر چووەوە و لەجێگەکەی هەستاو و داوای لە پادشا کرد رێگەی بدات مەجلیسەکەی بەجێبهێڵێ، بەدەم راکردنەوە وتی ئیتر هەتا ئارەزووی ئەوە ناکات خۆشبەختیەکی لەو جۆرەی دەست کەوێ".. دیونیزوس دەیویست دامۆکلس  تێگەیەنێت کە ژیانی ئیمپراتۆرەکان هەردەم لە مەتریسدایە..

 ئێستا داستانی "شمشێرەکەی دامۆکلس" بۆ مەبەستی جیاجیا بەکار دەهێنرێ.. بۆ نمونە دەکرێ بڵێین ئەمریکا بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی وەک "شمشێرەکەی دامۆکلس" بەسەر ئێرانەوە داناوە. مەلا بەختیاریش بە حسابی خۆی پێی وایە نەوشیروان مستەفا "شمشێرەکەی دامۆکلس" بووە لەسەر سەری نووسەران و ئەوان لە ترساندا هیچیان نەنووسیوە، مادام ئێستا لە ژیاندا نەماوە، کەواتە لەمەوەلا دەرگا بەرووی هەزاران وتار و کتێبدا دەکرێتەوە.

مەلا بەختیار لێرەشدا وەک چۆن رێگەی بەخۆی داوە دەست بۆ شێواندنی داستانێکی ٢٥٠٠ ساڵەی یۆنانییەکان ببات، ئاواش لە بەراورد کردنی کاک نەوشیروان بە شمشێرکەی دامۆکلس بەهەڵەدا چووە، چونکە کاک نەوشیروان زیاتر لە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا بە ئاشکرا لە "MAD-TV"  سەبارەت بە بیرەوەرییەکانی وتوویەتی: "هەوڵم داوە یاداشتەکانم بە ئسلوبێکی وا بنوسم، خەڵک و گەنجی تازە پێگەیشتو کەڵکی لێوەرگرن، یەعنی فێری گیانی لێبوردەیی ببن، نەک گیانی تۆڵە سەندنەوە و ئینتیقام. هەوڵم داوە روداوەکان بگێڕمەوە. روداوەکانم لە باری سەرنجی خۆمەوە گێڕاوەتەوە، رەنگە تەرەفی مقابیل موافق نەبێ لەسەری، بەڵام حەز ئەکەم لە حەیاتی خۆما، هەتا خۆم زیندوم، ئەوانەی تریش زیندون بڵاوی بکەمەوە، بۆ ئەوەی لەم زەمانەیا مناقەشەکان دروست ببێ، نەک لە دوای خۆم."

نەوشیروان مستەفا لەو پەرەگرافەدا بە زمانێکی پڕلە ئەدەبەوە دەڵێ حەز ئەکەم لە حەیاتی خۆما تەرەفی مقابیل کە رەنگە لە سەر گێڕانەوەکەم موافق نەبێ، با لە ژیانی خۆما مناقەشەم لە گەڵدا بکا، نەک دوو ساڵ دوای کۆچی دوایی، لە فرسەت بگەڕێ خۆی و جەماعەتەکەی کۆ ببنەوە و هەریەکەیان لای خۆیەوە دەست بەهۆنینەوەی درۆو دەلەسەی بێ بنەما بکات. لەو ٢٥ ساڵەدا کاک نەوشیروان نە لە دەسەڵاتدا بوو، نە وەک مەلا بەختیار و هاوڕێکانی خاوەنی لەشکر و هێزی تایبەت بوو، تا هەرکەسێک قسەیەک لەسەر کتێبێکی بکات بچێتە سەری.. ئەی ئەوە نییە لە سەردەمی ژیانی خۆیدا مامۆستا پشکۆ و کاکە حەمە و چەندانی تر بیرەوەری خۆیان نووسی و رخنە و قسەی رەقیشیان بەرامبەری کرد، بەڵام ئەو لە گوڵ کاڵتری پێ نەوتن و هیچ شمشێرێکیشی بە روویاندا رانەکێشان.

نەوشیروان مستەفا ساڵی ٢٠٠٦ پاش وازهێنانی لە یەکێتی نیشتمانی "کۆمپانیای وشە"ی وەک دوا پرۆژەی میدیایی خۆی دروست کرد و لە ماوەی سێ ساڵ کارکردندا، بەهاوبەشی لە گەڵ میدیا ئەهلییەکانی دیکە و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانی سەربەخۆی کوردستاندا؛ سەرەڕای بوونی ئاڵنگارییەکی زۆر توانی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان سەبارەت بە مافەکانیان و داواکردنی دادپەوەری کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی حکومەتێکی موئەسەساتی، بەشێوەیەکی زۆر بەرزبکاتەوە..  دروستکردنی "بزوتنەوەی گۆڕان"یش لە ٢٠٠٩، وەک دوا پرۆژەی سیاسی،  جۆری حیزبایەتی کردنی لەکوردستاندا سەروژێر کردەوە و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی کرد بە ئەساسی کاری حیزبایەتی. بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە دەنگی خەڵک، پەنای بۆ هیچ چەکێکی دیکە نەبرد. لەبەرامبەردا حیزبەکەی مەلابەختیار و هاوپەیمانە ستراتیژەکەی بە زەبروزەنگ رووبەڕووی ئەو بزوتنەوەیە بوونەوە.. حیزبەکەی مەلا بەختیار تارادەی شەهید کردن و نان بڕین و هەتک کردنی حورمەت و شاربەدەرکردن و دانانی هەزاران "شمشێری دامۆکلس" نەک هەر بەسەر سەری هەڵوسڕاوان، بەڵکو بەسەر سەری دەنگدەرانی گۆڕان، چوونە پێشەوە. لەوەش زیاتر پەنایان بۆ دزینی کورسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و تەزویر و فرت و فێڵ و داخستنی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی برد.

لەبەرامبەر ئەمەدا کاک نەوشیروان چی کرد؟ ئایا نەیدەتوانی هێزی سەربازی بۆ گۆڕان دروست بکات؟ ئایا نەیدەتوانی لەسەر خوێنی بەناحەق رژاوی هەڵسوڕاوەکانی گۆمی خوێن هەڵسێنێ؟ بێگومانم لەوەی مەلا بەختیار لەهەموومان باشتر دەیزانی، کاک نەوشیروان لەوە زیاتری پێ دەکرا، بەڵام لەبەر ئەوەی باوەڕی بە رشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد نەبوو، لەبەر ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە دەیزانی سەردەمی شۆڕش بەسەرچووە و کاتی دروستکردنی کۆمەڵی مەدەنییە، لەسەر ئەرزی واقع، نەک لەسەر کاغەز، بۆیە وای نەکرد..

نە نەوشیروان مستەفا پێی وابوو و نە بنەماڵەکەی و هاوڕێکانیشی پێیان وایە دوای مردنی کەس بۆی نییە لەسەر کتێبەکانی وتار یان کتێب بنووسێت؛ بە پێچەوانەوە ئەو نووسیانەی ئەو بەشێکی گرنگن لە مێژووی ئەو قۆناغەی تێدا ژیاوە، بۆیە هەم قابیلی رەخنەلێگرتن... هەمیش دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی دەستی یەک لە توێژینەوە مێژووییەکاندا کەڵکیان لێوەرگیرێ..  ئەوە زانستی مێژوو نووسییە دەریدەخات کێ راستگۆ و کێ حیکایەت دەهۆنێتەوە..

رەخنەی ئێمە لە مەلا بەختیار کە بەردەوام حەزی لە دیبەت و مونازەرەیە، ئەوەیە بۆ تا نەوشیروان مستەفا زیندوو بوو بە نووسین نەکەوتە مناقشە لە گەڵی؛ بۆ ئەوەی لانی کەم لە مناقەشەکانی هەردوولا خوێنەر و خەڵک بەرچاویان روونتر بوایە ...
نەوشیروان مستەفا پیاوێکی دۆکما نەبوو، تا دوا ساتەکانی ژیانی خەریکی خۆ نوێکردنەوە و موراجەعەی فکری بوو، لە رابردوودا نەدەژیا و دەیخستە پشتسەریەوە و تەنها هێندە سودی لێ دەبینی دەرس و عیبرەتی لێوەردەگرت. نە بە شکستەکانی چوکی دەشکا و نە بە سەرکەوتنەکانی غرور دەیگرد، نەلەبەرپرسیارێتی هەڵەکان هەڵدەهات و نەدەیخستنە گەردەنی ئەم و ئەو.. نە سەرکەوتنەکانی تەنها دەکرد بە موڵکی خۆی، نە بەخەڵکی دەیفرۆشتەوە، ئەمە نهێنی خۆشەویستی کاک نەوشیروانە لە ناو خەڵک و هاوڕێکانیدا...
"لە هەڵقەی داهاتوودا باس لە پاژنەی ئەخیل دەکەین"


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی