تەنیا یەکێتیی و پارتی دەتوانن ئەم دۆخە بگۆڕن

27/09/2020

هەژار سدیق

لەدوای شەڕی ناوخۆ، بەشداریکردنی وڵاتانی دەوروبەر، لەشەڕەکەدا هەرێمی کوردستانی بەسەر دوو ناوچەو دوو زۆنی جیاواز دابەشکرد.
لەم ساوە، هەرێمی کوردستان بووە بەدوو ناوچەی لاوازو لەرزۆك و جێبەجێکاری ئەجێنداکانی وڵاتانی دەوروبەر، کەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق، بەتایبەتریش دوای مۆرکردنی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەکێتیی و پارتی ، بەڕووکەش هەردوو ئیدارەکەی هەولێرو سلێمانی، یەکخرانەوە ، هەرچەندە زۆنی سەوز و زەرد وەکو خۆی مایەوە، بەڵام هاوسەنگیەكیش، لەنێوان هەردوولادا هەبوو، کە بێگومان ئەم هاوسەنگیەش لەبەرژەوەندی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابوو.

لەحکومەتە یەکگرتووەکەدا ، شێوازی پەنجا بەپەنجا ، پەیڕەو دەکرا، لەهەمان کاتیشدا، هەنگاوێکی لەسەرخۆ هەبوو بۆ یەکخستنەوەی هەردوو زۆن.
ئەوکات، مۆدێلی زۆرینەو کەمینەی ناو پەرلەمان نەبوو، شەڕی براکانیش گۆڕابوون بۆ شەڕی نمونەیی، کەکێ زیاتر خزمەتی ناوچەکەی خۆی دەکات.
لەساڵی 2009 دوای تووندبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵانسی هێز لەکوردستان، گۆڕا بۆ بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەڕە نمونەییەکەش بوو بە دروشمی بریقەداری بێ کردار. گۆڕانخوازەکان، لەهەوڵی ئەوە دابوون، ببنە حاکمی زۆنی سەوز، لەدەست یەکێتیی دەربێنن، بەڵام لەئەنجامی ئەم ململانێیەدا، جگە لە زۆنی سەوز، حوکمڕانی کوردیش دووچاری زیانێکی گەورە بۆوە، بەهۆی تێکچوونی بەڵانس لەنێوان هەردوو حزبی خاوەن هێزی سەربازی و هاتنەئارای زۆرینەو کەمینەی ناو پەرلەمان.

لەهەمان کاتیشدا، لەمپەرێکی گەورە هاتە ڕێگەی یەکخستنەوەی هەردوو زۆنی سلێمانی و هەولێر.
لەسەروەختی پێکهێنانی هەردوو کابینەی حکومەت لەساڵەکانی 2014 و 2018 بەهۆی ململانێی یەکێتیی و گۆڕان، گێڕانەوەی هاوسەنگیە سیاسی و ئیداریەکە، جارێکی تریش بۆ بەرژەوەندی پارتی لەباربرایەوە، بەم هۆیەوە، کوردستان بەگشتی و ئیدارەی پێشووی سلێمانی بەتایبەت، زەرەمەندی یەکەم بوون.
بەبڕوای من بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بوون، لەگێڕانەوەی هاوسەنگیەکە، لە2014 ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان، دروشمی چوونە نێو دەسەڵاتیان بەرز نەکردبایەوەو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیان چۆڵ نەکردایە، خەڵکی کوردستانیش دووچاری ئەم هەموو نەهامەتیانە نەدەبوون و یەکێتیی و پارتیش ناچار دەبوون حوکمێکی  ڕەشید بەڕێوە ببەن.
ئێستا سەردەم سەردەمی پارتی و گۆڕانە، بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیەکان، گۆڕان بگەڕێتەوە ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و ئەم بەرپرسیاریەتە بدەنەوە دەست یەکێتیی و پارتی.

پارتیش لەگەڵ یەکێتیی بگەڕێنەوە سەردەمی شەڕی نمونەیی، کەکێ زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکات.
بێگومان ئەمە واقیعێکەو بەرهەمی شەڕی ناوخۆ دروستی کردووە، تەنیا لەتوانای یەکێتیی و پارتی دایە، ئەم قەیران و ڕەوشە نالەباری خەڵکی کوردستان بگۆڕن و پێکەوە باری لاری حوکمڕانی هەرێمیش ڕاست بکەنەوە خەڵکیش دەمێکە بێزاربووە لەدروشمی بێ بنەما، هەموو خەڵك بێزارو بێ تاقەت بووە، لەسیاسەتی ناڕاستی حکومەتی هەرێم، بەڵام هیچ کەسێکیش حەزو ئارەزووی ڕوخاندن و نەمانی ئەم قەوارە خۆماڵیەی نیە.
بەڵام کەزۆر هات، قەواڵە بەتاڵ دەبێت.
بۆ پارتی و یەکێتیی و گۆڕان:
ئەگەر جەفایە، هەر بەسە.
ئەگەر ئازاریشە، هەر بەسە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی