هەرکەسێک بێت؛ پێویستە هەموومان دژی شەقاوەکان‌و دەستدرێژیکاران بوەستینەوە!!

23/11/2020

نیاز سەعید

دیاردەیەک کە بوەتە هۆکاری دروستبون‌و تەشەنەسەندنی ڕق‌و کینەو بێزاریی خەڵک، لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیی‌و فەرمانڕەوایی  بەگشتیی‌و (ی.ن.ک) بەتایبەتی؛ بریتییە لەڕەفتاری شەڕانگێزیی‌و پەلاماردان‌و هەڵکوتانەسەرو دەستدرێژیی بۆ سەر هاوڵاتییان بەزەبری  چەک‌و بەکارهێنانی هێزی چەکداریی لەلایەن کەسانێک کە دور لەهەموو بەهاو یاساو پره‌نسیپەکانی (ی.ن.ک) لەکاتی ڕودانی کێشە یان ناکۆکیی‌و ململانێکان هانای بۆ ئەبەن.

ئەم دیاردەیە هیچ بڕیارو فه‌رمانێکی فەرمیی حکومەتی‌و (ی.ن.ک)ی لەپشتەوە نییە، بەڵکو بەبڕیارو فه‌رمانی تاکەکەس ئەنجامئەدرێت، ئەوانەی ئەو دەستدرێژیی‌و هێرش‌و پەلاماردان‌و هەڵکوتانانە ئەنجامئەدەن؛ بەداخەوە بەشێکیان کوڕو کەسانی نزیکی هەندێک سەرکردەو لێپرسراون، بەئۆتۆمبێل‌و هێزی پاسەوانی باوکیان‌و هەندێکجاریش؛ بەبەرگریی کوێرانە لێیان‌و چارەسەرکردنی کێشەکە بۆیان، دور لەڕێکاری یاسایی دەرباز ئەبن.

ئەم دەربازبونە؛ ئەوەندەی تر ئەبێتە پاڵنەرو هاندەر بۆ تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە کە زۆر بەخراپیی کار لەسەر ناوو ناوبانگ‌و دەستکەوت‌و سەروەریی‌و شانازییەکانی (ی.ن.ک) ئەکات.

مایەی دەستخۆشییە کە  هاوسەرۆکانی (ی.ن.ک)‌و جێگری سەرۆکی حکومەت؛ چەندینجار کەوتونەتە لێپرسینەوەو بەدواداچون‌و سزادانی ئەوجۆرە کەسانە، بەڵام پێویستە زۆر بەتوندیی بەڕێکارە یاساییەکان؛ بەرەنگاری ئەم ئاراستەیە ببنەوە، لەناو کوڕو پاسەوان‌و کەسانی نزیک‌و پەنا؛ لەهەندێک لەلێپرسراوان.

ئەگەر بەجدیی سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دانەنرێت، ئاسایش‌و دڵنیایی‌و ئاشتی کۆمەڵایەتیی بەرقەرار نابێت، دەرەنجام ترس‌و دڵەڕاوکێ‌و نائارامیی‌و پاشاگەردانیی؛ ئەبێتە سەرچاوەیەکی تری  بێزاریی‌و ڕق ئەستوریی، چیتر نابێت ناوو ناوبانگ‌و سایەو دەسەڵات‌و پێگەی (ی.ن.ک) بقۆزرێتەوەو بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی.

(ی.ن.ک) چەند لەخەمی کێشەکانی هاوڵاتیاندا بێت، چەند هەوڵبدات بۆ بوژانەوەو ئاشتکردنەوەی جەماوەرو بەرگریکردن لەماف‌و داخوازیی‌و بەرژەوەندییەکانیان‌و خزمەتکردنیان؛ لەولاوە کوڕە لێپرسراوێک یان  لێپرسراوێکی نا لێپرسراوی لادەر؛ (ی.ن.ک) ئەگەڕێنێتەوە بۆ  ژێر خاڵی سفر، هەربۆیە داواکارم لەهاوسەرۆکان‌و سەرکردایەتیی نوێی (ی.ن.ک)، بەردەوامبن لەدەرکردنی بڕیاری ئازایانە؛ بەتایبەتیی لەدژی ئەمجۆرە تاوان‌و پێشێلکارییانەو بەجدیی سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێن!!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی