کۆمەڵەی نەتەوەیی‌و ئەنشتاین‌و فرۆییدی کورد!

23/11/2020

دلێر محەمەد نوری

هەموان ئاشنان بەو نامە گرنگەی کە لەسەرەتای سییەکاندا زانای گەورەی جیهانی ئەنیشتاین بۆ زانای دەرونناس فرۆییدی نوسى‌و پرسیاری لەبارەی هۆکارەکانی جەنگەوە لێكرد، هەڵبەتە کۆمەڵەی نەتەوەکان لەپێشنیارێکدا داوادەکات دور لەبۆچونی سیاسییەکان با زاناو نوسەرو ڕۆشنبیران پەیوەندی بەیەکەوە بکەن‌و بیروڕا بگۆڕنەوە تا دیاردەی جەنگ‌و ڕێگاکانی نەهێشتنی ڕون بکەنەوە، هەر ئەمەش وادەکات فرۆیدیش بەوەڵامێکی پڕ بایەخ بۆ ئەنیشتاین بنوسێتەوە.

لە30 ساڵی پێشوی حوکمڕانی کوردیشدا چەند دیاردەیەک وەکو سێبەر بەدوای ئەم حکومڕانییەو کارەکتەرو دامودەزگاکانێوەیەتی، ئەوانیش (تاڵانی، گەندەڵی، ناکۆکی، جەنگی نێوخۆیێ، خیانەت‌و ململانێی ناپەسەند) تا گەیشتینە مایەپوچی دارایی‌و پاشه‌کەوتەی ئەنکەراو بەغدا.

لای هەموشمان ئاشکرایە کە بەرهەمهێن‌و وەبەرهێنی هەموو ئەم نەهامەتیانە، چینی دەسەڵاتدارو سەرەوەیە‌و ئەوەشی کە تاڵاوی هەموو ئەمانە ئەچێژێت‌و باجەکەی دەدات، چینی خوارەوەو بێدەسەڵاتەکەی ئەم هەرێمەیە، هەڵبەتە هیچ کام لەم دیاردەو کردەو جوڵە سیاسی‌و سەربازییە نەرێنییانە بەبێ هۆکار نین‌و هەموان کۆکن لەسەرئەوەی بەلابردنی هۆکارەکان‌و بنەبڕکردنیان ئەو دیاردەو کردە نەرێنییانەش بەرەو نەمان‌و کۆتایی ئەچن کە دەشڵێم هەموان لێرەدا مەبەست لەسێ چینی نێو ئەم کایەیە نەک تەنها چینی دەسەڵاتداری سەرەوەو چینی بێدەسەڵاتی خوارەوە، چونکە لەنێو چینی بێدەسەڵاتی خوارەوە سەدان نوسەرو شارەزاو پسپۆڕی بوارە جیاجیاکان هەن لەپاڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس کە داینەمۆی کۆمەڵێک ڕۆژنامەو سایت‌و پێگەی ئەلیکترۆنین کە ڕۆژانە  شیکاری‌و لێکۆڵینەوەو پێشنیارو ڕێکارەکانی چاکسازیی‌و بنبڕکردنی هۆکارەکانی گەندەڵی‌و جەنگ‌و هەموو ڕێگاکانی بەختەوەری ئەم هەرێمەو خەڵکەکەی ئەخەنەڕوو بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بەدەسەڵات‌و بێدەسەڵاتیشەوە.

بەهۆی هەموو ئەوانەی کە لەسەرەوەدا هاتوە، ئەمڕۆی هەرێم خراپترە لەدوێنێی‌و باشترە لەسبەینێی‌و توڕەیی‌و کەف‌و کوڵی بێدەسەڵاتداری وڵات لەهەڵکشاندایەو بێباکی دەسەڵاتداریشی هەر لەکاڵبونەوەی بەردەوامدایە.

لێرەشەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەوەی کە دەوترێ‌و دەنوسرێ لەسەر کێشەو کەیسەکان، وا دەردەکەوێت کە تەنها بێدەسەڵاتی کۆمەڵگا دەیانخوێننەوەو کێرڤی توڕەییان بەرزتر دەبێتەوەو بەدەسەڵاتی کۆمەڵگاش پشتگۆیان دەخەن‌و بەفیتنەو دژایەتی‌و ناحەزی لەقەڵەمدەدەن، بەڕای من ئەگەر دەسەڵات تائێستا بەناحەزو نەیار سەیری ئەو توێژە بیرکەرەوەو هۆشیاری کردبێت هەقوایە لەمەودوا وەکو بەشێکی گرنگی چارەسەر وتەو ڕەخنەو پێشنیارەکانیان بەبایەخ وەربگرێت‌و بەفریادڕەسی خۆی‌و خەڵک تەماشایان بکات.

دەنا گرنگە لێرەدا بپرسین لەکوێ بێنین بۆ کوردیش کۆمەڵەی نەتەوەییەک تا وەها پێشنیارێک بۆ ئەنیشتاین‌و فرۆییدەکانی کوردیش بکەن تاپێشنیارو بیروڕاکانیان بخەنە بەردەستی سیاسییەکان بۆ باشترکردنی حاڵی خۆیان‌و خەڵکی؟

تاکە هەنگاوێکی زۆر گرنگ کە مابێت‌و تاقی نەکرابێتەوە بەر لەتەقینەوەی بێدەسەڵاتەکانی خوارەوە ئەویش ئەوەیە چۆن دەسەڵاتداران یان هەر نەبێت عاقڵان‌و هۆشیارانی ناو دەسەڵاتداران گوێ بگرن بۆ چینە وشیارو ڕەخنەگرو پسپۆڕەکەی دەرەوەی دەسەڵات، تا بتوانن بەهەمویانەوە پڕۆژەی چاکسازی نشتیمانی‌و نەتەوەیی ئامادەو پێشکەشبکەن بەجۆرێک هەم دەسەڵات لەچنگی توڕەی بێدەسەڵات‌و هەم بێدەسەڵاتیش لەتەقینەوەی ڕقی پەنگخواردوو ڕزگاربکەن.

لەکۆتاییشدا بەوتەیەکی بەناوبانگی ئەوروپی کۆتایی دێنم کە دەڵێ (ڕۆما بەڕۆژێک بینا نەکراوە) ئەوروپاش بەگاڵتە نەبوە بەوەی ئەمڕۆ، گەر ڕۆژگاری دوای جەنگ‌و گەندەڵی‌و نەهامەتی جڵەوی نەدایەتە دەست فیکرو خاوەن فیکر، ئێستا نە ئەوروپا ئەوروپای ئەمڕۆ بوو، نە پێشنیاری فرۆییدو ئەنیشتاینیش دەبونە نەخشی سەر بەرد بۆ ئێمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی