یەكێتی‌و نوێبونەوە لەچیدا؟

23/11/2020

كه‌مال محه‌مه‌د

ئەو ڕیفۆرمە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئیدارییەی كە یەكێتی لەكۆنگرە جەختی لەسەردەكردەوەو مەبەستیان بوو پرەنسیپی سودگەرایی وەك پێوەرێك بۆ بەهای گشتی جێگیربكەن‌و زۆرترین بڕی بەختەوەری بۆ زۆرترین كەس دەستەبەربكەن‌و به‌رژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن‌و كار بۆ بەەژەوەندی تایبەتی هەندێك لەهەڤاڵانی خۆیان نەكەن لێرەو لەوێ وادەرنەچوو، یەكێتی ئەو هێزەی كە ڕای وابوو جیاوازی نێوان ئەندامانی كۆمەڵگا نەهێڵێت یاخود كەمی بكاتەوەو بەپێچەوانەی ئەو حزبە بێت كە خۆیان ئاماژەیان پێداوەو كە گەندەڵی‌و جیاوازی گەورەی سامان‌و موڵكایەتی لەنێوان خودی ئەندامەكانیشیان هەیە.

یەكێتی ئەو هێزەی كەكۆنگرەی كۆتایی بەتەبەنیكردنی بیروبۆچونی نوێ‌و كارپێكردنی لەسیاسەت‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و ئیدارەدان كردبوە چارەسەری كێشەكانی لەنێوخۆو دەرەوەی حزبەكەش، ئەم ڕیفۆرمە لەشێوەدا وایكردبوو كە ئەم هێزە پەلە لەچاكسازیكردنی سیستەمە سیاسییەكەی بكرێت، ئەو بیرە لەنوێبونەوەدا وای لەهەموان كردبوو چ لەنێوخۆو چ لەدەرەوه‌ش یەكێتییەك ببینن كە تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی كە لەڕابردوەوە نەیتوانیوە ئەوەی كە لەپرەنسیبەكانی دەیخواست كە چەمكی حەقیقەتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئیداریی گۆڕانی بەسەردابێت بەپێی سەردەم.

یەكێك لەو پره‌نسیبە سەرەكییانەی كە كۆمەڵگایەكی تەندروست بونیاد ئەنێت ئاشتی‌و ئازادییە، چونكە هەر ئازادییە  كە سەرچاوەی سەرەكییە كە مرۆڤ ئەگەیەنێتە مەعریفەیەك كە هەست بەڕێزو شكۆی خۆی بكات‌و لەو ڕوەشەوەیە كە ئەڵێن كۆمەڵگا لێرەوە ئەگاتە بەختەوەری، بۆیە ئەگەر ئاشتی‌و ئازادی بەدیكرا ئەوا كۆمەڵگایەكی لیبڕاڵی بنیاد ئەنرێت‌و بەدواشیدا دامودەزگاكانی حكومەت بەجۆرێك پێكدێن كە دەستەبەرو پارێزەری ئەو ئارامی‌و ئازادییە بێت بۆ هەموان.

یەكێتیی ئەگەر مەبەستێتی نوێ ببێتەوە پێویستە لەڕێی برەودان بەئەزمون‌و مومارەسەری كەسانی نوێ‌و خاوەن بیرو فیكری سیاسی نوێ‌و توێژی ڕۆشنبیرانەوە لەشوێنێكی وا دایان بنێت كە ببنە سەرپەرشتیاری سەرەكی‌و ڕاستەقینە لەناو حزب‌و جومگە حكومڕانییەكانداو ڕێگەنەدات دەستنیشانكردنی كەسانی پلەدار بۆ كەسانی نەزان جێبهێڵدرێت‌و جەهل‌و نەزانینیش بەسەر مەعریفەو شارەزاییدا زاڵبێت لەبەرئەوەیە كە دەیڵێین كە  ئەرك  بدرێتە دەست چینێكی ئۆرۆستۆكراتی كە خاوەنی زانست‌و مەعریفەبن.

یەكێتی ئەو هێزەی لەڕیزی پێشەوەو هاوبەشی مەسەلە سیاسی‌و ستراتیژییەكان بوە، چونكە بەپێی دەسەڵات‌و پێگە جوگرافییەكەی هەر گەشەیەك یان سستییەك لەكایەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئیداریی‌و ئابوری ئەم ناوچەیە ڕویدابێت هێزی یەكەمە لەبەرپرسیارێتیدا، ئەو پرەنسیپە سیاسی‌و ئایدۆلۆژییەی لەسەروەختی دروستبونی ئەم هێزەوە وەك تیۆریایەك دائەنران لەزۆر ڕوەوە لەگەڵ واقعی دوای ڕاپەرین یەكنایەنه‌وە، ئەمەش بەهۆی هەندێك خاوەن كارەكتەری سیاسی‌و بەرپرسی نێوخۆی حیزبەكەوە كە تەنها چنینەوەی بەروبومی ئەو بەرهەمەی بەری رەنجی شەهیدان‌و هاوكارانی شۆڕشە خەمێتی‌و خەمێكی دیكەی نییە، ئێستای یەكێتی پێویستی بەژێراوژوركردنی ئەو سیستەم‌و دەستانەیە كە  لەهەناوی یەكێتیدا هەڵگری ئەو بیرو كارانەن كە تیاچون‌و لاوازی یەكێتی ئامانجیانە !

تائێستا بەرەوپێشچون‌و پەرەسەندن نەبۆتە مایەی زاڵبونی ئەو نوێبونەوەی كە هاوسەرۆكانی یەكێتی لەكۆنگرەی حزبەكەیان ئاماژەیان پێئەدا، چونكە نەیانتوانیوە هەموو كارێك قەدەغە بكەن‌و یاسای پاداشت‌و سزا بەهەند وەربگرن‌و هاوڵاتیانیش لەزوڵم‌و زۆری حكومەتەكەیان‌و كەسانی بەرپرسی نێو حزبەكەی خۆشیان بپارێزن تائەوكات ئێمەو هەموانیش یەكێتییەك ببینن لەنوێ نوێبونەوەیەكی تەواو جیاوازدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی