پەتى درۆى ئەمجارەشتان هەرکورت بوو!

23/11/2020

ئاكۆ ئاڵى

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هەندێک پەیجی بێ دایک‌و باوکی شۆشیال میدیا کە بەردەوام کاریان لێدان‌و بەئامانجگرتنی دکتۆر بەرهەم‌و سەرۆکایەتیی کۆمارە، هەواڵێکی چەواشەکارەیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە کەسێک بەناوی عه‌قید حاتەم عەبدولکەریم کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس‌و لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٨ بەڕێوەبەری ئەمنی عامەی سلێمانی بوە، لەئێستادا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە کراوەتە ڕاوێژکاری یاسایی لەسەرۆکایەتیی کۆمار.

ئەم هەواڵە لەگەڵ ئەوەی هەواڵێکی ئامانجدارەو بەمەبەستی سیاسى لەپشتەوەیە، پەنا براوەتەبەر زانیارى ناڕاست‌و خاوەنى هەواڵەکەش سوردەزانێت چ بوختانێکى لەهەواڵەکەدا کردوە هەوڵیداوە بەلەیەکچونى ناو، کارێکى چەواشەکارانە بکات، ئەو لەیەکچونەى ناوى کردۆتە ناوەڕۆکى هەواڵەکەى تا خەڵک بەهەڵەدا بەرێت.

حاتەم عەبدولکەریم ڕاوێژکارەکەى سەرۆکایەتى کۆمار لەساڵی ١٩٦٧ لەدایکبوەو لەساڵی ١٩٨٥ لەقۆناغی ئامادەیی بوە، هەروەک لەساڵی ١٩٨٦ پەیوەندی بەکۆلێژی سەربازییەوە کردوەو لەساڵی ١٩٨٩ بۆتە مولازم، بۆیە هەرگیز ناچێتە عەقڵەوە کەسێک بەو تەمەنە کەمەو بەو پلە سەربازییەوە بکرێتە بەڕێوەبەری دەزگایەکی گرنگ‌و هەستیاری وەک ئەمنی سلێمانی کە بەعسییەکان بە"مدینه‌ صعبه‌" ناویان ده‌برد، ئەوانەى خەڵکى سلێمانین‌و ئاگادارن کە هیچ کاتێک کەسێکیان نەبینیوەو نەشیان بیستوە بەتەمەنى 20 ساڵیەوە بەڕێوەبەرى ئەمنى سلێمانى بێت.

جگەلەوەی ئەوکەسە سەر بەخێزانی "ئەبو ڕیشە"یە لەڕوممادی کە خێزانێکی دیارو ناسراوی ناوچەکەن‌و لەسەردەستی ئەوان ئەمریکییەکان هێزەکانی سەحوەیان دروستکرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس تەنگیان بەحکومەتی تازە دامەزراوی عێراق هەڵچنیبوو، لەگەڵ ئەوەشدا نوسەرى هەواڵەکە چاوپۆشى لەو ڕاستیانە دەکات‌و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە تیرێک بنێت بەدکتۆر بەرهەمەوە کە کۆنە بەعسیەکى کردۆتە ڕاوێژکارى خۆى.

خۆ ئه‌گەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت کە ئەم حاتەم عەبدولکەریمە بەعسیەکی دەسترۆیشوو بوە، ئەوە هەرنەبێت بەپێی یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس ڕێگەی لێدەگیراو بواری ئەوەی نەدەبوو ئەو پۆستەو پۆستى باڵا لەحکومەت  وەربگرێت.

دیارە ئامانجى دروستکردنى ئەمجۆرە هەواڵە چەواشەکاریانە دەستێکى سیاسى دەیجوڵێنێت‌و مەبەستیشیان دژایەتیکردنى کۆنە بەرپرسەکانى بەعس‌و ڕژێمى پێشوو نییە، چونکە تا دواهەناسەى ئەو ڕژێمە ئاشکرایە کێ دۆستایەتى بەعسیەکانى دەکردو ئێستاش بۆ هەمولایەک ڕونە کە سەرکردەو بەرپرسە هەڵهاتوەکانى بەعس لەکوێ‌و لەچ شوێنێک خۆیان حەشارداوە.

لەدەستبردن بۆ ئەمجۆرە هەواڵانەش ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ئەو لایەنانەى بەشوێن ئەوەوەن عەیبێکى سیاسى‌و بەڵگەیەکى خراپیان لەدژى دکتۆر بەرهەم دەستبکەوێت، ئەوانەى کە ماڵیان لەشوشەیەو خەریکى بەردهاویشتنن بۆ ماڵى خەڵکى تر، مایەپوچن‌و ڕەنج بەخەسار چون لەهەوڵەکانیان، چونکە تائێستا هیچ شتێکیان لەسەر پرسى تێوەگلانى بەهەدەردان‌و گەندەڵى دەستنەکەوتوە، بۆیە پەنا بۆ هەواڵى ناڕاست‌و بوختان دروستکردن دەبەن، تا هیچ نەبێت بەمجۆرە کارانەیان ئاوێک بکەن بەناخى پڕ کینەى جۆشدراویانداو هەندێک لەخەڵکیش لەم ڕێگەیەوە بەهەڵەدا بەرن، کە خۆشبەختانە وەک هەموجارێک وەک ئەمجارە پەتى درۆیان کورت بوەو زوو دەستیان ئاشکرابوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی