بۆچی تره‌مپ نەیدەویست پۆستەكەی ڕادەستی بایدن بكات؟

24/11/2020

لوقمان حاجی قادر

هەڵبژارنە سەرۆكایەتییەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرەو كۆتاییە كە مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بردنەوەی بایدن‌و شكستی ترەمپ ڕاگەیەنرا، تائێستای تره‌مپ دانی بەشكستی خۆیدا نەناوە، بۆیە جەنگێگی میدیایی‌و دەرونی‌و یاساییشی لەدژی بایدن هەڵگیرساندوە كە تائێستا لەهیچ كامیاندا سەركەوتوو نەبوەو وەك چاودێرانیش دەڵێن چاوەڕوانی سەركەوتنیشی لێناكرێت.

تره‌مپ دەیەوێت گومان بخاتەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكەو بیسەلمێنێت كە ساختەكاری تێداكراوە، بەو ئامانجەكەی ویلایەتەكان ئەنجامەكان پەسەندنەكەن، دواتریش پرسەكە بەرێتە بەردەم دامودەزگا دادوەرییەكان یان بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران‌و لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن ترەمپ لەوە دڵنیایە كە هەڵبژاردنەكەی دۆڕاندوە، بەڵام دانیپێدانانێت، پرسیارەكەش ئەوەیە: ئاخۆ ئەم ڕەفتارو جوڵانەی ترەمپ چ مەرام‌و نیازێكی شاراوەیان لەپشتەوەیە؟ 

دەكرێت وه‌ڵامی ئەو پرسیارە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بخەینەڕوو:
یەكەم: كەسێتی ترەمپ
ترەمپ كەسێتییەكی نێرگزی هەیە، ئەوجۆرە كەسایەتییانە لوتبەرزو خۆبەزلزان‌و بەفیزن، هەرگیز دان بەشكستدا نانێن، هەمیشە بەهەق‌و ناهەق پاساو بۆ شكستەكانیان دێننەوە، كەسانی دەوروبەریان بەتایبەتیش نەیارەكانیان بەكەمدەزانن، بۆ شكاندنی نەیارەكانیان‌و گەیشتن بەسەركەوتن، سڵ لەگرتنەبەری هیچ ڕێبازو میكانیزمێك ناكەنەوە، خۆ ئەگەر بۆشیان نەچوه‌سەر، بەلایەنی كەمەوە بالۆرەو قەوانی ستەملێكراوی‌و مەغدوری خۆیان لێدەدەن، ئەمەش بۆ تێركردنی گیانی خۆبەزلزانینی خۆیان‌و فریودانی كەسانی دەوروبەریان كە ئەوان نەدۆڕاون‌و شكستیان نەهێناوە.

دوەم: ترس لەلێپێچینەوە
ترەمپ لەوە دەترسێت لەدوای ڕادەستكردنی دەسەڵات لەچەند دۆسییەكی جۆراوجۆردا لێپێچینەوەی یاسایی لێبكرێت، وەك پرسی دۆركردن‌و هەڵخەڵەتاندنی دامودەزگاكانی ئەمریكا بۆ خۆدزینەوە لەباجدان‌و پرسی دیكەش، لەوەش دەترسێت نهێنییەكانی چەند دۆسییەكی تایبەتی كۆشكی سپی بكەونە دەست بایدنی سەرۆكی تازە كە لەوانەیە گرفت‌و كێشەی بۆ دروستبكەن، هەربۆیە ئەو ئاڵۆزیی‌و پشێوییەی ناوەتەوە، ئامانجیشی ئەوەیە لەكۆتایدا لەبەرامبەر سەوداو مامەڵەیەك لەگەڵ ئیدارەكەی بایدندا گەرەنتی ئەوەی پێبدرێت كە پارێزراو دەبێت لەهەر لێپیچینەوەیەكی یاسایی.

سێیەم: پاراستنی پێگە جەماوەرییە حزبییەكەى:
تره‌مپ مەبەستیەتی بەهەر شێوەیەك بێت پارێزگاری لەبنكە جەماوەرییە حزبییەكەی بكات، گەرەكیەتی باوەڕیان پێبێنێت كە ئەو ستەملێكراوەو بۆتە قوربانی فرتوفێڵی هەڵبژاردن، ئامانجیشی ئەوەیە چوارساڵی دیكە لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكای ساڵی 2024 دوبارە خۆی بپاڵێوێت، بۆیە پێویستی بەوەیە پارێزگاری لەبنكە جەماوەرییەكەی بكات‌و بۆ چوار ساڵی دیكە متمانەی ئەوان لەدەستنەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی