لەبری سزادانی بیره‌وەری

24/11/2020

ڕەحمان غەریب

لەنێوان دەرچونی كتێبی "لەبری بیرەوەری" مەلا بەختیارو "سەگوەڕ"ی محه‌مەد موكری، چەند ساڵە؟ 40 ساڵ؟ زیاتر؟ كەمتر؟  نازانم، بەڵام ئەوكات بیركردنەوەی مام جەلال بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێ بابەتی بیروڕای جیاواز لەناوخۆی حزبەكەی لەبەشێكی زۆری سەركردایەتییەكی ئێستای یەكێتی كراوەترو پێشكەوتوتربوو.

سەردەمی شۆڕش‌و دیسپلینی حزبی‌و عەسكەری بوو، جیاوازی وەك تاوان تەماشا دەكرا، مام جەلال دەڵێت:"قسەكانی زۆری منی دەگرتەوە"، مەبەستی بەرهەمەكەی ڕۆماننوس محه‌مه‌د موكرییە، بەڵام "مام" نەچوو پێشنیازی سزا بۆ نوسەرەكەی بكات، داوایكرد بەنوسین وەڵامبدرێتەوە.

ئەو لەژیان‌و كتێبەكانەوە دەیزانی "لەیەكچون" زیاتر بۆ وەسفی گۆڕستان گونجاوە، بەڵام "جیاوازی" سیفەتی گرێدراوە بەكیانی زیندوو، جیاوازی ڕوحی ژیان‌و داینەمۆی گۆڕانە، لەهەر كوێ بیروڕای جیاواز لەژینگەی ململانێی مەدەنی‌و ئاشتیخوازانە ئامادەبوو، چاوەڕوانی شتێكی نوێ بن، نوێ بەمانای گۆڕانكارییەك كە دڵخوازی (تۆ) یا (ئەویدی جیاواز) نەبێت.

بەبێ ڕێزگرتن لەجیاوازی ناتوانین باس لەدیموكراسییەتی ژیانی ناوخۆی حزب‌و دامەزراوەكان بكەین، ئەمە بۆ دەسەڵات‌و سیستمی سیاسیش ڕاستە، كرانەوەی فەزای ئازادی ڕەخنەگرتن‌و زەمینەسازكردن بۆ ئازادی جیاوازییەكان، ئەو دەسەڵاتە بەهێزو رێزلێگیراو دەكات، پێچەوانەكەیشی دروستە.

لەناو هەر دەسەڵاتێكی حزبی سەرۆكایەتی، هاوسەرۆكی، نابێت دیموكراسییەتە ناوخۆییەكەی لەمەڕ ئازادی ڕەخنەگرتن، لەبەردەم تەلبەنی ڕیزی پێشەوەی سەركردایەتی حزبەكان بوەستێت كە تەلبەنەكەی ئەوانی نەبەزاند، پێی دەوترێت دیموكراسییەتی سەر كاغەز.

ئیدی كە كرداریش لەوپەڕی دونیابێت‌و كەس دەستی پێی نەگات، لەناو ئەم مۆدێلە لەژیانی حزبایەتی كوردستانی، ئەندام هەست ئەكات حزب لەناو هۆشیاریاندا دەبێت بەپاپۆرەكەی "تایتانیك" خۆ پاپۆری كارەستبار هەڵگری یادەوەری گەورەترین عەشقیش بوو، بەڵام چونكە چارەنوسی نوقمبون بوو، سەرنشینەكان خۆیان دەربازكرد.

دەسەڵاتی دیموكراسی نابێت لەجیاوازی بتۆقێ‌و ئینجا ئەندامەكانیشی لەسەر جیاوازی بیروڕا بتۆقێنێت، هەروەك ڕەوایەتی تیانییە ئەو كیانەی پرە لەجیاوازی بیروڕا وەك كیانێكی لاواز تەماشابكرێت بەمەرجی ئەوەی جیاوازییەكان لەسەر بنچینەی ڕقەبەری كەسێتی‌و یەكترشكاندن‌و پەراوێزخستن بەڕێوەنەچن.

ڕێكخستنی ململانێی سیاسی‌و فكری بەشێوەیەك بێت كە وەرگر لەدەرەوەو ناوەوە هەستنەكات جیازازییەكان بۆ بەرژەوەندی كەس‌و بنەماڵی سیاسی یان سەرۆك‌و دەوروبەری بەرژەوەندخوازو هەڵپەرست، بەڕێوەدەبرێن.

ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیی كە وەك "مام"یان پێنەكراو سوربون لەسەر سزادان با مەرجەكانی دادگاییەكی دادوەرانەی بۆ بڕەخسایە، خۆی ئامادەبوایە، پەیڕەوی ئەلفوبێی سزادانی حزبی بكرێت، كە "تۆمەتبار" جارێ ئەندامی دەستەیەكی تری حزبی بێت، چۆن لەدەستەیەكی تری حزبی سزای بۆ دەردەكرێت؟

ئاخر هۆشیاری تاكەكان لەكاتێكدا دەشێوێت كە سزا ببینیت‌و تاوان نەكرابێت، یان تاوان بكرێت‌و سزا نەبینیت، ماركسی بلیمەت وایوت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی