كۆنفراسی ژورە باررگانیەكانی كوردستان‌و ئەمریكاو كۆمێنتێك

24/11/2020

ئاسۆ عوسمان

هەرێمی كوردستان لەڕوى ئابورییەوە بەتەواوەتی پشتی بەداهاتی نەوت بەستوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت‌و بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆناو وەستانی كۆی جموجوڵە ئابوریەكان لەسەرئاستی جیهان‌و كەمبونەوەی خۆاست لەسەر نەوت‌و نەبونی ژێرخانێکی تۆکمەی ئابوری  کاریگەریەکی یەكجار زۆری  لەسەر كوردستان داناوە.

پشتبەستنی تەواو بەداهاتی نەوت‌و پەراوێزخستنی كەرتەكانی  گەشتیاری‌و پیشەسازیی‌و كشتوكاڵی یەكێكە لەهەڵە گەورەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، چون ئەو كەرتانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لەبوژاندنەوەو جێگیركردنی ئابوریدا.

كۆنفراسی ژورە بازرگانیەكانی كوردستان‌و ئەمریكا كە بەسەرپەرشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و جێگری وەزیری وزەی ئەمریكاو بەبەشداربونی زیاتر لە 100 بازرگان‌و وەبەرهێنەری ئەمریكی كە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت دەرفەتێكی گرنگە بۆ ڕاكیشانی سەرمایەی بیانی بۆكوردستان‌و وەبەرهێنان لەو كەرتانەدا.

ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌و چاکسازی لەسێکتەری وزە، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ و چارەسەركردنی كێشەی کارەبای نیشتیمانی، پشتبەستن بەسەرچاوەی ناوخۆیی بۆ خۆبژێوی‌و پشتیوانى ئازادیی ڕادەربڕین‌و ئازادییە تاکەکەسییەکان‌و هاندانى وەبەرهێنەرانی ئەمریکی‌و بیانی بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لەهەرێمی کوردستان لەوتەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەكۆنفرانسەكەدا كە دەكرێت ببێتە بناغەو دەسپێكێكی گرنگ بۆ بوژاندنەوە‌و پێشخستنی ئابوری هەرێمی كوردستان.

فاكتەری ئەمنی‌و سەقامگیریی سیاسی، ژینگەو سروشتێكی  لەبار بۆ گەشتیاری‌و خاكێكی بەپیت بۆ كشتوكاڵ‌و بونی یەدەگێكی زۆری نەوت‌و گاز كە بەپێی سەرچاوە فەرمییەكان یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان (60) ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت كە دەكاتە (4.5%) قەبارەی یەدەگی هەموو جیهان‌و یەدەگی غازی سروشتیش بە"200" ترلیۆن پێ‌ سێجا"، به‌واتاى "3%" قەبارەی غازی هەموو جیهان ئەوەمان پێدەڵیت كە دەكرێت كوردستان ببێتە ناوچەیەكی گرنگی ئابوری لەعێراق‌و لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی