ڕوحە شەڕانییەکان

25/11/2020

پشکۆ نەجمەدین

وەک میللەتێک بەدرێژاییی مێژوی خۆمان، قوربانیی فیکرو ڕوانین‌و ڕەوتاری توندئامێزی ئەوی دیکەین، ئەوی دیکە؛ نەیاران‌و دوژمنان‌و داگیرکارانی، هزرو زمان‌و ئازادی‌و جەستەی خۆمان‌و نیشتمانمان!

مێژوو، لەقۆناغ‌و سەردەمە جیاکانی خۆیدا، لەپانتاییی ژیان‌و هەناسەو مامه‌ڵەکردنماندا، پردێکی بۆ تێگەیشتن لەنێوان ئێمەو ئەوانی دیکەدا ڕۆنەناوەو ئەگەریش خوازیاری بوبین، دیسان ئەوان، بەپاچی ڕک‌و کینەیان، بنکۆڵیان کردوەو بەرهەمێکمان دەستنەکەوتوە، جگە لەسڕینەوەو کوشت‌و کوشتارو وێرانکردن.

بەرکەوتنی مێژویی ئێمەی قورربانییە گوناهەکان‌و ئەوانی جەلادە چنگ خوێناوییەکان، جگە لەوێرانکردنی جەستە‌و داغانکردنی ڕوح، ئیدی لەزەمەنێکی درێژدا، ئەم درمی توندوتیژیی‌و ئەویدی سڕینەوەیە، بۆ دنیای ڕوح‌و هزرینی ئێمەش گوێزراوەتەوەو لەخانەکانی کەلتوری سیاسیماندا گەرای خستوە.

من پێموایە، ئێستا ئەگەر لەبواری فیزیکیداو لەپانتاییەکی سنورداردا، زەبری ئەوی دی، ڕاستەوخۆ لەسەر جەستەی گەل‌و نیشتمانی ئێمە، فەنا بوبێت، دیسان ئێمە لەژێر کاریگەریی زەبری زەینی‌و ڕوحی خۆمان، نەک هەر ڕزگارنەبوینە، بگرە خەسڵەتێکی بنەڕەتیی هزرین‌و ڕەوتارو هەڵسوکەوتمانە دەرهەق بەیەکتر.

ئەم دیاردەیە، تەنها لەپەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان حزبە کوردییەکاندا نابینیرێت، بگرە لەنوسین‌و دەربڕینی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان‌و میدیای نوسراوی کوردیدا، زەق‌و بەرچاوە.

ناچارم بڵێم:
تۆ هەرکەسێک بیت، سەر بەهەر نەتەوە، ڕەگەز، حزب، ئایین‌و مەزهەبێک بیت یاخود نەبیت، ساتێ لەهەوڵی ئەوەدابیت؛ بیرکردنەوە، ڕەوتارو هەڵسوکەوتی کەسێک، ژیان‌و هەڵبژاردنی کەسێک، لەژێر هەر هەنجەت‌و پاساوێکدا، بۆ هەر مەرام‌و مەبەستێک، سنوردار بکەیت‌و لەسەر هەر هەڵوێستێک کە دڵخوازو فیکرخوازی تۆنییە، لەمەنگەنە بدەیت‌و زیاتریش پێی لێ هەڵبڕیت‌و سوکایەتیی پێبکەیت، تۆ جگە لەفاشیستێک، شتێکی دیکە نیت!!

ئەم بۆچونە، سەروکارێکی لەگەڵ گلەیی‌و گازندەو ڕەخنەو ڕەخنەگرتندا نییە، بەڵکە دیاردەیەکی مەترسیدار ڕیشاژۆ دەکات کە خەریکە لەکەلتوری سیاسیی ئێمەدا جێدەکەوێت، ئەمە دیاردەیەکە دور لەهەر چەمک‌و تێگەیشتنێک لەدونیای ڕەخنەگرتن‌و لێکۆڵینەوەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی