کێ بەرپرسە لەدۆخى ئێستاى کەرکوک؟

26/11/2020

حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا

لەمڕۆژانەدا قسەوباس لەسەر دۆخى ئێستاو ئایندەى کەرکوک گەرمن، هەندێک لەبۆچونەکانیش پێیانوایە، لەڕێگەى سەفقەیەکى نێوان عێراق‌و تورکیاوە، کار لەسەرئەوەدەکرێت دواى لاچونى پارێزگارى ئێستا، کەسێکى بەڕەگەز تورکمان بکرێتە پارێزگارى ئەوشارەو لەم نێوەندەشدا زیان بەپێگەى کورد لەمشارە بکەوێت.

دیارە زیادمەندبونى کورد لەوشارەدا دەمێکە ڕویداوەو ئەوە باسێکى تایبەتى دەوێ، بەڵام باسکردنى مەسەلەی شکستهێنانى ئیدارەدانى ئەوشارە، بەڕۆشنى دیارە بەرپرسیارێتیەکەى بۆ یەکێتى‌و پارتی دەگەڕێتەوە، پاشان ئەوانى دى.

پرسى یەکلایکردنەوەى دانانى پارێزگارى کەرکوک لەدواى 16ى ئۆکتۆبەرەوە دەبوو لەڕوانگەى نەتەوەیى‌و پێگەى کوردبونەوە سەیربکرایە نەک بەڕوانگەى حزبى پێوانە بکرێت، هەقوابوو هەرزوو یەکلایى بکرایەتەوەو کۆبونەوەو دەستپێشخەریەکان مردار نەکرابانەوە، بەڵام ئەوەى کۆبونەوەکانى پەکخست پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، هەرچەندە بەڵگە نەویستە، بەڵام لەتازەترین لێدوانى د.فەرهاد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سه‌رکردایه‌تیی که‌رکوک - گه‌رمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پارتى دەیان بارەگاو مەقەرى لێداگیرکراوە، كەی ئەم هەنگاوانە جێبەجێكران، ئەوكاتە باسی پارێزگاری كەركوك‌و یەكلاكردنەوەی دەكەین.

واتە پارتى تەنانەت ئامادەش نەبوە باسى دانانى پارێزگارى کورد بکات، بەڵام پرسەکە بارەگا داگیرکردن نەبوە، پرسەکە ئەوەیە کە ئەو پۆستە بەپێى ئیستیحقاق‌و هەندێ مەسەلەى تریش پشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بوو، ئەمەش وەک گرێیەکى دەرونى لێهاتبوو بۆ پارتى‌و قبوڵى دۆخە داسەپێنراوەکەى نەکرد، هەر ئەمەش بوو لەئەنجامدا ڕاکان جبورى کرد بەپارێزگارى شارەکە، چونکە خۆ دیارو ئاشکرایە بۆ هەموان لەدواى ڕودانى 16ى ئۆکتۆبەر زۆر شوێنى تریش هەبون داگیرکران‌و تائێستاش لەبندەستى حکومەتى عێراقدایە، بەڵام پارتى ئەو گرفتانەى دروستنەکرد کە بۆ کەرکوکى دروستکردو مامەڵەیان لەگەڵ واقیعى تازەدا کرد، بەڵام ئەم عینادییە سیاسییە تەنها کەرکوک کراو پەکى ئەوەخرا کە پارێزگارێکى کورد بۆ ئەوشارە مەنکوبە دابنرێت.

هەر لەسەر ئەمشارە ئازیزەى کوردستان ماوەیەک پێش ئێستا، قادر حەمەجان لەچاوپێکەوتنێکى شارپرێسدا ئاماژەى بەوەکرد، لەگەڵ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمدا ڕێککەوتنێک لەنێوان سەرکردایەتى پارتى‌و یەکێتیدا هەبوو بۆ دانانى ئەندازیار (تەیب جەبار) بۆ پۆستى پارێزگار؛ ناوبراو لەلایەن پارتیشەوە مەقبوڵ بوو، بەڵام دواى ئەوەى بۆنى نزیکبونى لەیەکێتى لێکرا؛ ئەو هەوڵەش لەبابرا.

ئەم هەموو لەباربردنانەش واىکرد بۆشاییەکى وەها دروستبێت کە گەمە بەچارەنوس‌و دۆزى کەرکوک‌و کەرکوکیەکانه‌وه‌ بکرێت؛ ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى شارەکە لەئەدەبیاتى پارتیدا دڵى کوردستانەو لاى یەکێتیش قودسى پیرۆزە.

ماوەیەک لەمەوبەر لەمیدیا عەرەبى‌و بیانیەکان باس لەڕێککەوتنێکى تر کرا بەبەشدارى لایەنێکى کوردى تاکو سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق لاببرێن؛ سەرۆک کۆمارو سەرۆکى حکومەت‌و سەرۆکى پەرلەمان، باشە ئەوانەى سەریان لەم ڕێککەوتن‌و سەفقانە دەردەچێت بۆچى ئەو هیلاکبونەیان نەخستە خزمەتى چارەسەرکردنى دۆخى چەقبەستوى کەرکوکەوە، ئاخر هەقوایە ڕۆژنامەنوسە کەرکوکیەکان‌و ڕۆشنبیرانى ئەمشارە بوێرانەو حەقبێژانە ئەو ڕاستیانە بخەنەڕوو، نەک لەژێر لێوەوە باسى سەفقەى عێراق‌و تورکیا بکەن بەبێئەوەى باسى ئەو هەلومەرجە بکەن کە دۆخى کەرکوکى  بەم ڕۆژەگەیاند.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە