وەزیری دەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وتی پەکەکە ھەندێک ناوچەی ھەرێمی داگیرکردوە، دواتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی (پدک)، ھەمان قسەی دوبارە کردەوە، ئێستا خەریکە حزبۆچکەو موچەخۆرەکانی تریش هەمان قەوان لێدەدەنەوە.
لێرەدا باس لەھەموو ھەوڵە پۆزەتیڤەکانی پەکەکە ناکەم لەپاراستنی دەستکەوتەکانی باشورو ئەو شەھیدانەی بۆ بەرگری لەباشور داویەتیو لەچەندین کاتی جیاوازو مەترسیداردا فریای باشور کەوتوە.
پەکەکە هەمیشە ڕێزی لەدەستکەوتو یاساکانی ھەرێمی کوردستانو دەزگاکانی گرتوە، بەڵام خودی پارتیو حکومەتەکەی لەھەمولایەک زیاتر بێڕێزی بەئەزمونی هەرێمو دامودەزگاکانی کردوەو دەیکات.
ئایا لەحکومەتو پەرلەمانەوە تا هەموو دەسەڵاتەکانی ھەرێم کامەیان لەژێر دەستو فەرمانی پەکەکەدایە؟ یان لەئەنجامی دەستوەردانەکانی پەکەکە کامیان بڕیارێکیان لەبەرژەوەندی پەکەکە تائێستا داوە؟
بەپێچەوانەوە کۆی ئەو دەسەڵاتانەو ژێرخانو سەرخانی ئابوری هەرێم لەژێر ھەژمونی تورکیایەو ئەنكەرە جێگری سەرۆکی پەرلەمانو دەیانی تری لەخۆڕا تەعین نەکردوە.
باشوری لەسەرجەم ڕوەکانەوە خستۆتە ژێر داگیرکاری خۆیەوە، جا ئەگەر نیازێکو ڕزگارکردنی باشورو پاراستنی دەستکەوتەکان ھەبێت دەبێت ئاراستەکان بگۆڕدرێن.
لەجێی ئەوەی ڕوی دەمتان لەتەڤگەری ئازادیخوازی پەکەکە بێت کە مافی تێکۆشانی لەباشوری کورستان لەزۆرینەتان زیاترە، چونکە لەڕاپەڕینی ١٩٩١ هەتا شەڕی داعشو هێرشی حەفتەنینی تورکیا لەئەمساڵدا باشوری لەداگیرکاری پاراستوەو گەل ئەم ڕێکخستنەی قبوڵکردوە، ئەو ڕاستیە مێژویەش ھەیە، ئەویش ئەوەیە شەرعیەتی ھەر ھێز بەدانپێدانانی دەوڵەتو دەسەڵات نابێ، بەڵکو ھێزی شۆڕشگێڕ بەخۆشەویستیو قبوڵکردنی کۆمەڵگە شەرعیەت وەردەگرێت، بۆ ئەمەش دەمێکە پەکەکە شەرعیەتی لەکۆمەڵگەی باشور وەرگرتوە، ڕۆژ بەڕۆژیش ئەم ھیوایە پەکەکە لەناو دڵی کۆمەڵگە مەزن دەکات.
لەلایەکی ترەوە، گەر لەخەمی دەستکەوتەکان بین بۆ ئەوەی لەناونەچێ، دەبێت ڕوی دەمی ھەمولایەک لەدەوڵەتی داگیرکاری تورکیاو ئەو دەیان بارەگای سەربازییو سەدان بنکەی سیخوڕییەی تورکیاو تیرۆرو هاوکارییەکان پارتیو ھێزە وابەستەکانی بێت بۆ تورکیا کە بەئاشکرا گەورەترین ھەڕەشەو مەترسیان لەسەر خەڵکو خاکی کوردستان دروستکردوەو بەئاشکرا ھەموو ڕۆژێك ھێرشی ھەمەلایەنە دەکاتەسەری.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی