راستو ڕەوان؛ بەڕوانین لەبڕیارە سیاسیەکان لەھەرێمو دۆخی بەڕێوەبردنی دەروازەکانو داھاتو دانوستانو پەیوەندیەکانو ھتد...، لەئێستادا ھەرێم بەشێوەیەکی نیمچە دووئیدارەیی بەڕێوەدەچێت، لەڕوی داراییو بەڕێوەبردنو سیاسیشەوە، بەجۆرێک کە تەنها ڕاگەیاندنەکەی ماوە.
ھەموان دەزانین پێش بژاردەی دوو ئیدارەیی، چارەسەری تر ھەیە بۆ دەرچون لەم قەیرانەو زۆریشی بەیان کراوە، پاشان لەنێوان خودی بژاردەی دوو ئیدارەییشدا چەندین بژاردەی تر ھەن کە بریتین لەدوو ئیدارەیی دارایی، یان کارگێڕی یان سیاسی، یان دوانیان پێکەوەو یان ھەرسێک پێکەوە.
بەڵام مەبەستو خەمی سەرەکی ئێستا کە ئامانجی ئەم نوسینەیە، ئەم دوو ئیدارەییە ڕانەگەیەنراوەیە! کە گومانی تێدانییە دۆخێکی لەمجۆرەو دوو ئیدارەیی بەم شاراوەییە! تەنھا حزبو شەخس سودمەندی یەکەم دەبێت تێیداو هاوڵاتیانیش زیانمەندی یەکەم (نمونەی زیندوش دۆخی دەروازەکانو قاچاخچێتیە تیایدا)، چونکە لەکاتێکدا کە وەک کاڵاو سەروەتی تایبەتی، سامانی سەر زەویو ژێر زەویشی زۆنە خۆیان دەخەنە گیرفانی حیزبو شەخسەوە، بەڵام لەملاشەوە بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی زۆنەکەی خۆیشیان (زەرد بێت یان سەوز) لەئەستۆ ناگرن بەرامبەر خەڵک، گەر زۆر ئەولاتریش بڕۆین؛ زۆرجار ھەردولا چاویان لەئاستی یەک دەنوقێننو تادەگاتە دۆخی سەرپشککردنی یەکتریش.
بۆ ئەمە، تاکە ڕێگه بڕیاری یەکلاکردنەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزەیە کە ھاوڵاتیان زیاندمەندی یەکەمو کۆتان تێیدا کە یەکەم هەنگاو پەیوەستە بە"ڕێکخستنەوە"ی ئەم دوو زۆنە لەڕوی سیاسیو ئابوریو کارگێڕیەوە، ئەگەرنا؛ بەدڵنیاییەوە لەم دۆخی "دوو ئیداریە ڕانەگەیەنراوەدا، ڕۆژ بەڕۆژ قەبارەی گەندەڵی زیاتر دەبێت، دەسەڵاتی سێبەر بەھێزتر دەبێت، گۆمەکەش لێڵتر دەبێت، دواجاریش چاوەڕوانی ھاوڵاتیانو قەیرانەکانو دۆخی چەقبەستوش درێژتر دەبێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی