رێگای موچە بە لای پارتیدا تێناپەڕێت

08/01/2021

هاوكار قادر


كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی 2020 بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی ژمارەیەك رۆژنامەنوسی كەناڵەكانی راگەیاندندا زۆر بە توندی دژی بیرۆكەی دوو ئیدارەیی بوو لە هەرێمی كوردستاندا، ئەو بە راشكاوی ترسی خۆی نیشاندا، كە دوو ئیدارەیی سەر بۆ شەڕ و كێشەی قوڵتر دەكێشێت، بۆیە نە ئامادەیە بۆ بیرۆكەیەكی وا و نە جارێكی دیكەش شەڕی كورد كورد هەڵدەگیرسێننەوە.

ئەم پێشەكییە و ناونیشانەكە رەنگە بە لای خوێنەرەوە دوو بابەتی زۆر جیاواز و دووربن لە یەكتر، بەڵام بابەتێكی هاوپەیوەندن پێكەوە، دابینكردنی موچە و یەك ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا رەنگە جارێكی تر هاوتەریب نەبنەوە و پاش و پێشی یەك بكەون.

پێویستە بە روون و راشكاوی بابەتی مانەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی موچە بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ، ئاخر ئەگەر ئیدارەیەك جا لە هەر مەملەكەتێكی سەر زەوی بێت، نەتوانێت خەرجییە گشتییەكانی و بژێوی هاووڵاتیانی دابین بكات، ئەوا دەبێت بە جدی بیر لە چارەسەركردنی بكرێتەوە، چارەسەرەكەش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكەی گۆی زەوی جیاوازە، ئێمە باسەكەمان هەرێمی كوردستانە، كە نە دەوڵەتە و نە ململانێی سیاسیی تەندروست و پێرفێكتە.

ئەگەر تەماشای دیمەنە سیاسییەكەی ئێستا بكەین، پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی هەیە و بە هەر شێوەیەك بێت دانی پێدانراوە، هەروەك رەنگە زەحمەت بێت بەو پەرتەوازەییەی ئێستای ركابەرەكانی، بتوانرێت زۆرینەیەكی پەرلەمانی لە دژی پێكبهێنرێت، كەواتە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا و تێكوپێكدانی كابینەی نۆیەمیش رەنگە سودێكی وای نەبێت، بۆیە بانگەوازكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بە ئومێدی پێكهێنانی حكومەتێك لە دەرەوەی پارتی ئەوەش لە كارە زەحمەتەكانە، كەواتە دەبێت چی بكرێت بۆئەوەی رەوشی هەرێم لە چەقبەستویی ئێستا و نەمانی پارە رزگار بكرێت؟

بیرۆكەی دوو ئیدارەیی هێمن و ئارام، دوور لە گرژی و پێكدادان، رەنگە باشترین و گونجاوترین رێگەبێت بۆ دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لە فەوتان و نەمان، چونكە مەحاڵە بەو تەشكیلە سیاسی و حوكمڕانییەی ئێستای كوردستان، جارێكی تر پارەی مفت لە بەغداوە بێت و پارتی لەو گێژاوەی تێیكەوتوە رزگاربكرێت، ئێ خەڵكیش تا كەی چاوەڕێی ئەو رەوشە نالەبارەی دەكات؟ تا كەی دەست بە هەرێمێكەوە دەگیرێت، كە خەڵكەكەی دینارێكی پێ نەبێت بۆ بژێوی رۆژانەی؟ بۆیە نەبونی پارە ئۆتۆماتیكی كردنەوەی دەروازە دەبێت بۆ ئەگەری نەخوازراوی جۆراوجۆر، دەرئەنجام لە بەرژەوەندی ئەوانەش نابێت، كە دژی دوو ئیدارەیین لەئێستادا.

پێشبینی ناكرێت خەڵكی كوردستان لە 2021دا بە هەمانشێوەی 2020 تەحەممولیان بمێنێت و لە ژێر دروشمە جۆراوجۆرەكاندا دەست بە هەرێمەوە بگرن، لە بەغداش ئامانجی لاوازبون و هەڵتەكاندن و نەمانی هەرێم گەرای بۆ دانراوە و مانەوەی بە بەهێزی، ویستی یار و نەیار نییە، بۆیە هۆكاری ناوخۆیی و پیلانی دەرەكی، هەڕەشەی راستەقینەن لەسەر كۆی قەوارەكە، بۆیە ئەگەر بە تەكتیكیش بێت، خۆ دەبێت بیر لە دەربازكردنی هەرێمەكەمان بكرێتەوە و لە فەوتان رزگار بكرێت. ئەو تەكتیكەش خۆی لە دوو ئیدارەییدا دەبینێتەوە.

دەمێكە قەناعەتم بەوە هەیە، ئەمجارە پارە سەری كورد دەخوات، پێدانی بە لێشاوی پێشو، گرتنەوەی ئێستا، پێكدادانی ناوخۆیی دروستدەكات، كە سەرئەنجامەكەی كەوتنی هەمووان و سەركەوتنی دەر و جیرانی لێدەكەوێتەوە.

بەوپێیەی موچە بۆتە چەقی كێشەكانی ئێستای خەڵك، كەواتە زۆرترین قسە و باس هەڵدەگرێت، بەپێی لێكدانەوەكانیش بۆ هەڵوێست و هەڵسوكەوت و لێدوانەكانی لایەنە عیراقییەكان بە شیعە و سوننەوە، وا دەردەكەوێت چیتر پارە و شایستەی دارایی و مافی دەستوری بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە نەكرێت، مانای ئەوەیە چیتر موچە بە لای پارتی-دا تێناپەڕێت و نابێت كەس چاوەڕێی بكات، لەكاتێكدا پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ بەغدا بەهێزترە و خاوەن ئیعتیباری مێژوویی زیاترە، بۆیە رەنگە پشتی تێنەكرێت و بە قەدەرێكی نەخوازراوی نەسپێرن، بەو مانایەی یەكێتی دەتوانێت موچە و بودجە و بژێوی نیوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان مسۆگەربكات و با پارتی-یش مشوری نیوەكەی تری بخوات.

هەرچەندە بەرپرسانی یەكێتی بە پرۆژە و بە لێدوان و قسەی رۆژانەش باس لە لامەركەزیی دەكەن و بە دەرچەی قوتاربون لەم رەوشەی ئێستای دەزانن و تا كۆتایی ساڵی رابردوشیان دیاری كردبو بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام نە چارەنوسی دیارە و نە پارتی-یش ئامادەیە وەك ئەوەی یەكێتی دەیەوێت، پیادەی بكات، كەواتە نازانم سەركردایەتی لاوی یەكێتی چاوەڕێی چییە؟ بیر لە خەڵك دەكەنەوە یان كات بەڕێ دەكەن و چاویان هەر لە كار و كردەوەی پارتی دەبێت؟

هاوكار قادر