هاوڵاتیان وەک باشترین چاودێریکاری حکومەت

10/01/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەگەر حکومەت وشیارو تێگەیشت‌و پێگەشتووبێت، لەوە تێدەگات میللەت باشترین ڕەقیب‌و چاودێریکارە بەسەر کارەکانییەوەو پێویستە بەباشی گوێ بۆ ڕەخنەو داواو پێشنیازی هاوڵاتیان بگرێت. هەموو ئەو حکومەتانەی حکومەتی سەرکەوتووبوون لەکاروباری ئیداری‌و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا بەدڵنیاییەوە ئەو حکومەت‌و دەسەڵاتانە بوون کە ڕەخنەی میللەتیان وەک نەیارێتی وەرنەگرتووە، بەڵکو تێبینی‌و ڕەخنەی میللەتیان وەک دڵسۆزی‌و خەمخۆری بۆ حکومەت وەرگرتووە.

تێگەشتن لەپەیامی میللەت‌و هاوڵاتیان وەک هێزێکی پاڵنەرو تەریب بەکارو پڕۆژەکانی حکومەت، نەک هێڵێکی شەڕانگێزی‌و نەیارێتی نییە، بەڵکو هێزێکی تەریبە بۆ بەرەوپێشچوون‌و تاودانێک بەجوڵەکانی حکومەت لەتەواوی کایە جیاوازەکاندا، بەهەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی هەرکاتێک میللەت ڕووی گلەیی‌و ناڕەزایی لەحکومەت کرد ئەوە نیشانەی دژایەتی هاوڵاتیان نییە بۆ حکومەت، بەڵکو ئەوە یەکێکە لەجۆرەکانی ڕەخنەو پێیدەوترێت "ڕەخنەی ئەخلاقی"، بنەمای ئەم ڕەخنەیەش بەوە دەبێت کە هەڵگری دیدێکی دڵسۆزانەیە بۆ هەڵەکارێک، کەسی ڕەخنەگر دەیەوێت هەڵەکار بەچاککردنەوەی هەڵەکەی هەستێت.

لەسیستمە سیاسییە داخراوەکانی جیهانداو بەتایبەت لەسیستمە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتدا، میللەت کەمترین بەشداری سیاسی هەیە لەچاککردن‌و پێشخستنی کارو پرۆژەکانی حکومەتدا، چونکە حکومەت لەمجۆرە سیستمانەدا هەمیشە گلەیی‌و ڕەخنەی هاوڵاتیان بەنەیارێتی‌و مەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت، بەپێچەوانەوە لەسیستمە دیموکرات‌و کراوەکاندا هاوڵاتیان لەڕێگای ڕەخنەو پێشنیازو ڕوونکردنەوەکانیانەوە بۆ دەسەڵات‌و کاربەدەستان بەشداری ڕاستەوخۆیان هەیە لەکاری سیاسی‌و حکومەت‌و بەڕێوەبردنی وڵاتداو ڕەخنەی میللەت نەک بەمەترسی‌و نەیارێتی وەرناگیرێت، بەڵکو لەزۆر حاڵەتدا پاداشت‌و سوپاسنامەیش دەبەخشرێت بەوکەسانەی لەڕێگای ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکەوە خزمەتێک بەحکومەت دەکەن، تەنانەت دەتوانین بڵێین لەم سیستمە دیموکراسیانەدا چاودێری هاوڵاتیان لەچاودێری پەرلەمان بەسەر کاروبارەکانی حکومەتەوە گرنگترە.

لەهەرێمی کوردستان، میللەت یان هاوڵاتی، هەمان ئەو ڕۆڵاتیەیە کە ڕۆڵیان لەسیستمە خۆرهەڵاتییەکەدا هەیە. واتە لەلایەک پێشنیازو تێبینییەکانی هاوڵاتی کوردستانیش ناتوانێت تاکو قوڵایی کارو پرۆژەکانی حکومەت بڕوات‌و کاریگەری هەبێت، لەلایەکیتریشەوە حکومەت گوێ بەسەرنج‌و ڕەخنەی هاوڵاتیان نادات‌و تەنانەت لەزۆرباریشدا حکومەتی هەرێم هاوڵاتیانی بەچەندان شێوە خراپەو تاوان تۆمەتبارکردووەو ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

بەلۆژیکی زانستی‌و سیاسیش، یەکێک لەهۆیەکانی شکست‌و سەرنەکەوتنی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بەدرێژایی 30 ساڵی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پیاوانی حکومەتداری! لەکوردستان ڕێگایان بەهاوڵاتیان نەداوە لەڕێگای ڕەخنەو پێشنیازەکانیانەوە کۆمەکی حکومەت بکەن بۆئەوەی باشتر کاربکات‌و خزمەت بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی