عێراق لەسەردەمی کازمیدا

20/01/2021

کاروخ حەسەن


دوای ئەوەی عەبدولمەهدی لەژێر فشاری ناڕەزایەتیەکان دەستی لەکار کێشایەوە ، کازمی وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردراو دواتریش لەلایەن شەقام و هێزە سەرەکیەکانەوە پێشوازی لێکرا و گەیشتە کورسی دەسەڵات ، هەرچەندە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان عەبدولمەهدی و کازمیدا نەبوو ، چونکە عەبدولمەهدیش هاوشێوەی کازمی لەکاتی کاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران خاوەن پێگەیەکی بەهێزی حیزبی نەبوو ، بەڵام ئەوەی کە عەبدولمەهدی لە کازمی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو بە ڕێککەوتنێکی ئاشکرای نێوان حیزبەکان بەتایبەت هەردو کوتلەی پەرلەمانی(سائرون و فەتح)  بۆ ئەو پۆستە کاندید کرا و کۆتای هێنرا بە سێبەری حیزبی دەعوە بەسەر ئەو پۆستەوە ، کەماوەی (١٣) ساڵ بوو لەژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبە بوو  لە ابراهیم جەعفەریەوە بۆ حەیدەر عەبادی ، کازمی-ش بەهەمان میکانیزم دانرا واتە میکانیزمی ڕێککەوتنی نێوان حیزبەکان ، بەڵام جیاوازتر لەوەی عەبدولمەهدی ئەو ڕێککەوتنانە باس نەکران .

کازمی کرا بەسەرۆک وەزیران تاوەکو عێراق لەو دۆخە چەقبەستووە دەربازبکات کە تێیکەوتووە ، ئەوەش لەڕێگەی زەمینەسازی بۆ قۆناغێکی نوێ لەڕێگەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی پاکی پێشوەخت ، وە سنوردارکردنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی بەتایبەت (دەروازەکان) و پێداچونەوە بە دابەشکردنی داهات ، بەڵام نەک هەر نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک لەو بارەیەوە بنێت بەڵکو دەتوانین بڵێین کازمی لەئێستادا سەرۆکایەتی خراپترین کابینەی حکومەتی عێراق دەکات .

Karokh sent Today at 15:32
عێراق ئەمڕۆ زیاتر لە (٧٠) گروپی چەکداری لەدەرەوەی یاسا هەیە ، کەڕۆژانە خەریکی کوشتن و ڕاوەدونانی هەرکەسێکن کە پێچەوانەی ئاراستەی سیاسی ئەوان کاربکات ، تەنها لەساڵی ڕابردودا ئەو گروپانە (٣٩) چالاکی مەدەنی خۆپیشاندانەکانیان کوشتووە ، نزیکەی (٧٤) کەسیان ڕفاندووە ، کە بەشێکی ئەم کارانە لەسەردەمی کابینەکەی کازمیدا بووە، بێ ئەوەی بتوانێ بەرامبەریان بوەستێتەوە ، لەلایەکی تر عێراق بەهۆی شەڕی داعش و گروپە توندڕەوەکانەوە کەوتۆتە دۆخێکی خراپەوە  چونکە ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعش وێران بوون و زیانیان پێگەیشتووە پێویستی بە (٨٨) ملیار هەیە واتە نزیکەی بودجەی ساڵێکی عێراق ، هەروەها عێراق لەڕوی تەندروستیەوە پلەی (١٥١) گرتووە لەکۆی (١٥٢) دەوڵەت ، وە لەڕوی ئاشتی جیهانیەوە ڕیزبەندی (١٥٩) ی گرتووە لەکۆی (١٦٣) دەوڵەت .

حەشدی شەعبی کە لەئێستادا (٧٠) گروپ و کۆمەڵەی جیاواز لەخۆدەگرێت ، بووە بە ئاڵنگاری جدی بۆ حکومەتی عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا، هەر ئەم هۆکارە وایکر ئەمریکا ئەمریکا لیستی (٦٧) گروپی حەشدی شەعبی بداتە حکومەتی عێراق و داوای لێبکات چالاکیەکانیان بوەستێنێت .

ئەوەی گرینگە ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئیدارەی نوێ ی ئەمریکا چۆن لەچارەسەری کێشەکان دەڕوانێت؟
چونکە ئەمریکا لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی پێشوو شکستی هێنا لە بونیادنانەوەی عێراقێکی نوێ ، بۆیە پێدەچێت عێراق یەکێک بێت لەدۆسیە گرینگەکانی ئیدارەی نوێ ی ئەمریکا، وە چاوەڕواندەکرێت بایدن بەردەوام بێت لە کۆمەکی حکومەتی عێراق بەتایبەت پەیوەست بە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و مەترسیە ئەمنیەکانی تر ، ئەگەرچی لەئێستاوە هەندێ لایەن ترسی ئەوەیان هەیە بایدن هێزەکانی لە عێراق بکێشێتەوە، بەڵام وا چاوەڕوان ناکرێت بایدن هەڵەی ئیدارەی ئۆباما دوبارە بکاتەوە و هێزەکانی لەعێراق پاشەکشێ پێبکات، چونکە ترسی سەرهەڵدانەوەی گروپە چەکدارە توندرەوەکان و هەژمونی زیاتری ئێران بەسەر ناوچەکەدا ناچار بە مانەوەی دەکات، واتە دەگونجێت کۆمەکی سیاسی و ئابوری ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق بەردەوامی هەبێت بەڵام بەمەرجی هاتنەکایەی ئاشتەوای نیشتیمانی و لەقاڵبدان یان بچوککردنەوەی ڕۆڵی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران کە هەڕەشەی جدین لەسەر بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، هەروەها جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی پرەنسیپ و بنەما دەستوریەکان بۆ پێکەوەژیان و هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان ، بەڵام تاچەند کابینەی نوێ ی عێراق لەئاست ئەو چاوەڕوانیەدا دەبێت، هەروەکو چۆن ئومێدێکی زۆر بە کابینەکەی کازمی هەبوو بەوپێیەی پشتیوانی شەقام و هێزە سەرەکی و تەنانەت زلهێزەکانیشی مسۆگەر کرد  بۆئەوەی هەندێ گۆڕانکاری لە هاوکێشەکەدا بکات، بەڵام گەر سەیری دەرئەنجامەکانی چەندمانگی ڕابردوی کابینەکە بکەین شتێکی جیاواز نابینین ، جگە لەو نمایشە میدیایەی لە مێژوی دەوڵەتە دواکەوتوەکاندا بەردەوام دوبارە دەبێتەوە .

لەئێستادا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە عێراق لەوەها دۆخێکدا دەتوانێ هەڵبژاردنێک ئەنجام بدات ڕەنگدانەوەی خواست و داخوازی ئازادیخوازان بێت، دوربێت لە دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان و دەستی دەرەکی ، کە لەئەمڕۆدا هیج بەهایەکیان بۆ سەروەری دەوڵەت نەهێشتۆتەوە ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی