نەوت لەنێوان نەرویج‌و کوردستاندا

21/01/2021

دلێر محەمەد نوری

نەرویج ئەو وڵاتەی ئەگەر بەڕستەی (مێژوی هەژاری لەنەرویج) بەزمانی نەرویجی لەپێگەی گۆگڵدا سێرچێکی سەرپێی بۆ بکەیت. ئەوا سەدان وتارو لێکۆڵینەوەی مێژوییت بۆ دەردەکەوێت کە باس لەڕادەی هەژاری ئەم وڵاتە بەبەفر داپۆشراوەت بۆ دەکەن، وڵاتێک کە ناسرابوو بەهەژارترین وڵاتی ئەوروپا. وڵاتێک تەنها لەماوەی 50 ساڵی کۆتایی بووە بەیەکێ لەهەرە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دونیا. ئەو نەرویجەی کە هەتا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە 90٪ی دانیشتووانەکەی پشتیان بەکشتوکاڵ بەستبوو، بۆ بژێوی خۆیان، بەڵام چ کشتوکاڵێک؟ ئەو کشتوکاڵەی کە تەنها 1٪ی خاکەکەی تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمیش بەکەڵکی کشتوکاڵ ئەهات. خاکێکی کشتوکاڵی هێندەی چەند خاڵێک لەنەخشە فراوانە جەمسەرییەکەی نەرویج کە تەنها لەچەند مانگێکی هاویندا بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت. دەنا بەنزیکی 7 بۆ 8 مانگێک خاکەکەی بەبەفر داپۆشراوەو لەخلیسکێنەی سەر بەفر بەولاوە بەکەڵکی یەک شتی دیکە نایەت. 

ئەم وڵاتە کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکە لەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. لەساڵی 1950 چەند کەسێکی کەم باوەڕیان وا دەبێت کە بەدرێژایی کەنارە ئاوییەکانی نەرویج‌و لەقوڵایی ئاودا نەوت‌و گاز لەو خاکەی ژێر ئاوەکەدا دەستدەکەوێت.

پاش گەڕانێکی زۆرو بەردەوام لە1967 یەکەمجار نەوت لەژێر دەریادا دەدۆزنەوە، بەڵام هێندە گران دەوەستێت، دەرنەهێنانی بەباشتر ئەزانن. ئەم هەواڵە پشت ساردیان ناکاتەوەو تا لەئێوارەی بەر لەجەژنی لەدایکبونی مەسیحدا لەساڵی 1969 وەکو جەژنانەیەکی خوایی هەواڵی دۆزینەوەی نەوت‌و گازی زۆرو زەوەند کەوتە بەر گوێی نەرویجییەکان. ئیتر بەدامەزراندنی کەرەستەو کارخانەی دەرهێنانی نەوت لەقوڵایی دەریادا کەوتنە کارو لەناوەڕاستی 1971دا چیرۆکی بەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی نەوت لەنەرویج دەستیپێکرد.

ئیتر لێرەوە دەرگای خۆشبەختی‌و بەختەوەری بەڕوی نەرویجدا کرایەوە. ئەویش بەدوو هۆکار، یەکەمیان کە نەوتیان دۆزییەوەو دوەمیان کە نەوت‌و داهاتەکەی لەدەستێکی ئەمیندا بوو.

لەمڕوەوە ئەتوانم ئاماژە بەدوو بیانوو بدەم بۆ ئەو وتەیەی کۆتایی، یەکەمیان ئەوەیە کە سایتێکی نەرویجی هەیە کە چرکە بەچرکە داهاتی نەوت‌و سامانی سروشتی پیشانی خەڵکی دەدات، هەڵبەتە ئەم پارەیەی کە لەنەوتەوە دەستدەکەون دوبارە دەخرێنەوە کارو لەبازاڕەکانی جیهاندا وەبەرهێنان لەو داهاتە دەکەن‌و کورد وتەنی بەپارە پارە ڕادەکێشن.

گەر ئەرک بکێشیت ئەو لینکەی نێوان کەوانەکە کۆپی پەیست بکە‌و لەمۆبایل یان کۆمپیوتەرەکەی بەردەمت دایبگرەو بزانە داهاتی کەڵەکەبووی نەوتی نەرویج چەند شەفافەو چۆن نیشانی نەک نەرویجی بگرە هەموو دونیای دەدەن. لەکاتێکدا لەهەرێم تەنها چەند کەسێکی هەمان بنەماڵە نەبێت کەس نە فاکی نەوت ئەزانێت نە بەفیکی.

(https://www.nbim.no/no)

دووەم بیانووشم چیرۆکێکە کە لەدەمی نەرویجییەکەوە گوێم لێ بووە. لەساڵی 2006 لەکەمپێکی نەرویج پەنابەر بووم‌و کۆیانکردینەوە تا میوانێکی شارەوانی (کە بیرم نایەت چ کارە بوو) بەگشتی باسی ژیان‌و مێژوو کولتوری نەرویجی بۆ کردین. لەنێو باسەکانیدا هاتەسەر گێڕانەوەی چیرۆکی هەژاری نەرویج‌و دواتر چۆنێتی دەوڵەمەندبوونی. شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی گێڕایەوە.

(ئەمەی دواتر ئەیگێڕمەوە بەداخەوەم کە بۆ سەرچاوەی گەڕام هیچم نەدۆزییەوە) بەڵام هەرچۆنێک بێت من وام بیستووە، عیبرەتیش لەجوانی‌و پەسەندی چیرۆکەکەیە نەک سەرچاوەکەی، ئەو وتی گوایە بەر لەفرۆشتنی یەکەم بڕی نەوت زۆربەی خێزانە نەرویجییەکان بەبرسێتی شەویان ڕۆژ ئەکردەوە، کاتێ یەکەم بڕە پارەی نەوتیان دەستکەوت بەشی تێرکردنی هەمووانی نەدەکرد، بیریان کردەوە کە با لەپێشەوە مناڵان لەبرسێتی ڕزگاربکەین، بۆ ئەوەش که گەرەنتی ئەوەبکەن گەورەکان نانی مناڵەکان نەخۆن دەبێت لەکاتی قوتابخانەدا مناڵەکانیان تێربکەن. بەوەش هەرنەبێت لەهەنگاوی یەکەمدا مناڵەکان بەتێری ئەنوون.

ئیتر بەمجۆرە نەوت بوو بەنیعمەت‌و لەپاش تێربوون‌و پۆشتەبوونی هەمووان، داهاتی نەوت بوو شەقام‌و تونێل‌و هێڵی شەمەنەفەرو نەخۆشخانەو کارگەو قوتابخانەو وەبەرهێنان تا ئەمڕۆش پێشکەوتن بەردەوامە. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەگەر کارەساتی وەک کۆڕۆنا ڕوونەدات نەرویج پێویستی بەپارەی کەڵەکەبووی نەوت نیەو لەپاش 50 ساڵ گەر داهاتی نشتیمانی نەرویج دابەشی ژمارەی دانیشتوان بکەین ئەوا لەساڵی 2019 بۆ نموونە، ساڵانەی داهاتی هەر تاکێک زیاترە لە665000 کڕۆنی نەرویجی، کە دەکاتە زیاتر لە66000 دۆلار. هەموو ئەم چیرۆکی خۆشگوزارانییە بەتەنها شتێک هاتۆتە ئاراوە ئەویش دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتە کە کەوتە دەستێکی ئەمین.

شایەنی باسە ئەو سەرۆک وەزیرانانەی لەسەردەمی دەرهێنانی نەوت لەکارابوون هەمووان ژیانێکی سادەی خەڵک ئاسایان بەڕێکرد. جێی خۆیەتی یەکێک لەو ناوە دیارانە بەنموونە بهێنینەوە کە ئەویش سەرۆک وەزیر (ئاینەر گێرهادسن 1897-1987)ە کە تا دوا ساڵەکانی ژیانی لەتاقە  شوقە بچوکەکەی لەئۆسلۆ کۆچی دوایی کرد، لەمووچە خانەنشینییەکەی زیاتر شتێکی دیکەی نەبوو، چاکەو پاکی‌و بەخشندەیی ئەم کەسایەتییە وایکرد کە تائێستاش بەباوکی وڵات ناوزەد بکرێت.

گەر بهاتباو هەمان ئەو دەستە ئەمینە لەکوردستاندا بووایە، ئەو کوردستانەی کە بەبێ نەوتیش خاکەکەی پڕ بەرەکەتە بۆ دانەوێڵەو میوەو سەوزە لەهەموو وەرزەکان‌و پڕ لەلەوەڕگایە بۆ ئاژەڵداری. لەهیچ ڕەگەزو پایەیەکی پێشکەوتنی کەم نیەو خاکەکەشی کەوتوەتەسەر دەریای نەوت‌و گازی سروشتی. دەبوو ئێستا کوردستان لەچ قۆناغێکی پێشکەوتنی خۆیدا بووایە. کوردستانێک خەڵکەکەی بەر لەدەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت برسی نەبوون، بەڵام بەدەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت زۆرینە برسی‌و بێ دەرامەت ئەبن‌و کەمینەی دەسەڵاتیش تێرو ملیاردێر. هەموو ئەوەی گوترا شتێکمان پێدەڵێت کە کوردستان بەخاکی بەپیتی‌و کەشوهەوای لەباری‌و نەوت‌و گازی ژێر زەوی (نەک دەریایی کە زۆر ئەستەمە دەرهێنانی بەسود بگەڕێتەوە) سەدان جاری وڵاتی نەرویج لەبارترە بوو بۆ پێشکەوتن، بەڵام ئەوەی نەیبوو دەستی ئەمین‌و ئامێرێکی شەفافی ژمێرەی داهاتی نەوت‌و سەروەتەکەی بوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی