کوردو وتاری دیماگۆچیانەی دینی ئەردۆغان

24/01/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پەلاماردانی کورد لەهەرکوێ بێت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بابەتێکی سەرپێیی نییەو لەیەک ڕوانگەیشەوە تورکیا هێزی خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادەنەکردووە.

بەواتایەکیتر؛ تورکیا لەجەنگی کورددا "نەک تەنها پەکەکە" بەیەک مارکە لەهێز نەهاتۆتە نێو جەنگەکەوە، بەڵکو ماکینەیەکی گەورەی لەهێزی سەربازی‌و ئابووری‌و دینی! خستۆتەکار، لەپێناو ڕیشەکێشکردنی کورد.

ئەم فرەچەشنییەی هێزی تورکیا بۆ کوردو شەنگالیش لەئێستادا، یەکەمجارنییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵکو لەپێشوویشدا بۆچەندانجار ئەم گورزە جیاوازەی هێز لەلایەن تورکیاوە دژی کورد بەکارهێنراوەو بێسوودیش بووە.

لەپەلاماردانی قەندیلدا، تورکیا ساڵانێکی زۆرە هێزی ئابووری‌و سەربازی‌و خیتابی دینی‌و تەهلیلەی پیاوانی ئاینی‌و نوێژخوێنەکانی تورکیای پێکەوە گرێداوەو بەهەرسێ هێزەکەوە ڕوودەکەنە قەندیل‌و ناتوانن بیڕوخێنن. لەکاتێکدا چەتەتورکەکان بەچەک دژی قەندیل بوون‌و بۆردومانیان دەکرد، پیاوانی ئاینی تورکیایش لەمزگەوتەکانی ئەستەنبوڵەوە دەم بەدوعاو پاڕانەوەو نوێژی سەرکەوتنیان بۆ سەربازەکانیان دەکرد، وتارەکەی دوای نوێژی هەینی 22ى 1ى 2021ى ئەردۆغانیش درێژەپێدانی وتارەکانی ڕابردووی خۆیی‌و تەنانەت ئەتاتورکیشە.

نەک تەنها دژی نەیارەکان، ئەردۆغان لەگەڵ دۆست‌و لەناوخۆی تورکیایشدا ئەم وتارە دینییە بۆ هەڵخەڵەتاندنی تورکەکان بەکاردێنێت. لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیایشدا، لەکاتێکدا ئەردۆغان‌و ئاکپارتی هێزی ئابووریان دەخستەکار بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەرە کوردەکان. پاشان هێزی سەربازیشیان دەخستەکار لەسەر جەزیرەو باکوری کوردستان تاکو بەربەست لەبەردەم دەنگدەرانی کوردی ئەو ناوچانەدا دروستبکەن‌و دەنگ بەHDP نەدەن. لەهەمانکاتیشدا ئەردۆغانمان دەبینی بەقورئانێکەوە لەپێشی پاسێکەوە هاواری دەکردو داوای لەکوردەکانی دیاربەکر دەکرد دەنگ بەئاکپارتی بدەن!

ئەوەی ئێستا دەبینرێت کە ئەردۆغان لەکاتێکدا ئابووریەکی زۆری خستۆتە خزمەت جەنگەکەوەو لە23ی ئابی 2016یشەوە هێزێکی زۆری بردۆتە خۆرئاوای کوردستان‌و پاشان وتاری 90هەزار مزگەوتیشی تەریب بەئاراستەی سەرکەوتنی هێزەکانی تورکیا لەعەفرین جوڵاند. شتێکی دەگمەن‌و سەیرنییەو ئەوە سیفاتی مێژوویی تورکەو پێشتریش ئەتاتورکی سەرۆکی تورکیا لەڕازیکردنی دڵی ژنێکی کورددا لەئامەد! قورئانێک دەکاتە تکاکار تاکو هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام ئافرەتەکە داواکەی ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەزانێت قورئانەکەی ئەتا تورک بۆ مەبەست‌و فرتوفێڵە.

پێکەوەیی ئەم سێ هێزەی تورکیا لەهەر جەنگ‌و پێشهاتێکدا، نیشانەی ئەوپەڕی ئیفلاسی‌و شکستە بۆ ئەردۆغان‌و سوپاکەیی‌و دەرخەری ڕاستییەکە کە هەریەکێک لەم هێزانەی تورکیا بەتەنها کەمە بەرامبەر گیانفیدایی‌و خۆڕاگری کوردو بەتەنها ناتوانن شتێک لەبڕواو ئایدیای کورد بگۆڕن، بۆیە ئەردۆغان هەرسێ هێزەکە پێکەوە دەخاتەکار.

لەکاتێکدا هێزی پارەو فیشەک‌و زیندان ناتوانێت کوردێک لەکوردبوون پەشیمان بکاتەوە، ئەوا ئەردۆغان وەک دواین هێزو وەک دواین هیوا پەنادەباتەبەر هێزی دیماکۆچییەتی دینی‌و مزگەوت‌و سورەتی "الفتح"و چەمکگەلێکی وەک "جیهادو غەزوەو دەستکەوت و ....هتد"

بۆمانەوەی تورکیایش لەم ئاستەی هێزدا، هەرگیز تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری هیچ یەکێک لەم هێزانەی ببێت، چونکە هاوکێشەیەکی ڕاستەوانە لەنێوان هێزی ئابووری‌و سەربازی لەلایەک‌و هێزی دینی ـ ئیخوانی تورکیا لەلایەکیتر هەیە کە باڵانسی هێزو شوناسی تورکیایان هەڵگرتووە.

ئەردۆغانیش لەپێناو گەیشتنی بەخەونی ئەهریمەنئاسای خۆی، ئەم شوناسە ئیخوانیەی کردووەتە هێزێکیتر لەپاڵ هێزی ئابووری‌و سەربازیدا دژی کوردو مافە ڕەواکانی.

کاتێکیش جەستەی سیاسی تورکیا توشی هەڵلەرزین‌و کرژبوونێکی سیاسی دەبێتەوە لەسەردەستی کورد، لەپاڵ ڕێگاچارەی سەربازیدا، دەست بۆ ڕێگاچارەی دینیش دەبرێت، کە ئەویش تەکفیرکردنی کوردو بەتیرۆریست ناساندنی خەباتگێڕانی کوردە. هەموو جەنگێکیش لەم ڕێگاچارەدا دژی کورد، جیهادو شەهادەتە لەلای ئەردۆغان‌و ئەو تایپە لەپیاوانی دینی کە ئەم وتارە دیماگۆچییە پێشکەشدەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە