بۆچی هەولێر کرایە ئامانج؟

18/02/2021

شەنکار عەبدوڵا

شاری هەولێر کەپایتەختی هەرێمی کوردستانە، لەساڵی 2012 بەگەشەسەندوترین شار لەرووی بیناسازیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستنیشانکرا لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە بەکەمتر لە سەدا10ی بودجەی عێراق، کەبۆ هەرێمی کوردستان هاتووە لەماوەی حەوتساڵدا.

ئەوەی هاتبێتە عێراق بەئاسانی بۆی دەرکەوتووە کە هەرێمی کوردستان لەدوای رووخانی فاشیستی بەعسەوە چ گەشەیەکی کردووە و پارێزگاکانی تری عێراق چۆن رۆژ لەدوای رۆژ وێران و وێرانتربوون.
ئەمانە بونەهۆی ئەوەی کەهەولێر لەساڵی 2014دا ببێتە پایتەختی گەشتیاری بۆ وڵاتانی عەرەبی، کورت و کرمانج هیچ مرۆڤێکی ژیر ناتوانێ ئینکاری لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هەولێر بکات، بەڕادەیەک لەماوەی پێشوودا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەهاتە هەرێم، لەهەولێرەوە چووەتە دهۆک، بەرێگایەکدا چووە سەرسام بووە، هەربۆیە داوایکردبوو ئەو کۆمپانیایەی ئەو پرۆژەیەی رێگاوبانی کردووە بیبینێ، داوای لە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کردبوو کە بچنە بەغدا و لەوێ پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن. 

هەولێر بەهۆی ئارامی و گەشەکردوێتیەکەیەوە هەمیشە بووەتە جێگا سەرەنجی لایەنە عێراقییەکان بەتایبەتی فاشیستی شیعی، چونکە زۆرجار گوێمان لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری عێراق بووە دانیان بەپێشکەوتنی هەولێردا ناوە و لۆمەی لایەنە عێراقییەکانیان کردووە کەبەو بودجە زۆرەوە کەمترین خزمەتیان پێشکەشی هاونیشتیمانیان کردووە. 
دووبارەبونەوەی ئەم بۆچونانە بەردەوام ئیحراجی بۆلایەنە عێراقیەکان بەگشتی و لایەنە شیعییەکان بەتایبەتی دروستکردووە، لای هەموو تاکێکی عێراقی روونە کەئەوان نەیانتوانیوە بەو بودجە زۆرەوە خزمەتێکی وەها بکەن. 
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا، مەسرور بارزانی بەدەنگی بەرز وتی" بەراوردمان دەکەن بەکام شاری عێراق بمانکەن"
ئەم قسەیەی سەرۆک وەزیران پەیامێکی روون بوو، بۆ ئەو فاشیزمەی کەبودجەی کردووەتە چەکێک یان کارتێک لەدژی هەرێم، چونکە روون و ئاشکرایە لایەنە شیعییەکان دەیانەوێ هەرێم رابگرن لەو گەشەکردنە، بۆ ئەوەی ئەو ئیحراجییەی خۆیان کەمبکەنەوە کە رۆژانە لەشەقامی عێراقیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. 

لەماوەی پێشوودا دووجار هەولێر کراوەتە ئامانجی کردەوە تیرۆرستیەکان، هەردووجارەکەش میلیشیاکانی شیعەبوون، ئەو هێزانەی کە ئەوەندەی وەلائیان بۆ ئێران هەیە، نیوهێندە وەلائیان بۆ عێراق نییە. 
بەئامانج گرتنەکەش ئەگەرچی چەند پەیامێکی لەپشتەوە، بەڵام بۆ زیاتر لەهێز و لایەنێک، بەڵام دوواجار هەمووی دەچێتەوە خزمەتی ئێران و گوێڕایەڵی ئەم گروپانە بۆ خاوەنەکەیان کەلەدەرەوەی عێراقە. 
لەلایەکی تر، دەستوپێ سپێتی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سوپاکەی رێگای تەختکردووە بۆ میلیشیاکان کەدەوڵەتێ قوڵ یان شارەوە بەتەنیشتی دەوڵەتێ عێراقەوە دروستبکەن و ببنە مەترسی جدی لەسەر دەوڵەتی عێراق. 

پەیامی موشەکبارانکردنی هەولێر دەکرێ لەچەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە لەوانە:_

1_شڵەژانی ئەو ئارامی و ئاسایشەی هەرێم کەبووەتە جێگای سەرەنجی جیهان لەناو وڵاتێکی پڕکێشەی وەک عێراقدا، خستنە مەترسی قەوارەی هەرێم. 

2_بەئەمریکییەکان دەڵێن، لەهەر شوێنێکی عێراقدابن، پارێزراونابن لە هێرشەکانی ئێمە. 

3_ دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم کە چونەپێشەوە هەیە لەلایەن هەردوولاوە. 

4_ رقی تایبەتی ئێران لەهەرێم، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵیان، بەجۆرێ کەنابێ هەرێم هەموو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ئەمریکاوە. 

5_ لەمسکردنی ئێران بۆ سیاسەتی بایدن، یان تاقیکردنەوەی بایدن بەوەی کەبزانن روانگەی چۆنە لەبەرامبەر ئێراندا، یان سەبری تاچەند هەیە؟ 

بەگشتی موشەکبارانکردنی هەولێر و کردنە ئامانجی پایتەخت، بەهاویشتنی دەیەها موشەک، کەچەند قوربانیەکی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتیش بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوشتووە و زیاتریش بارەگایەکی ئەمریکی کراوەتە ئامانج، هاوسۆزییەکی یەجگار زۆری بۆ هەرێمی کورستان دروستکرد، بەڕادەیەکی ئەگەر موشەک هاوێژەکان بیانزانیایە ئەم سودە گەورەیە بەهەرێم دەگەیەنێ، زەحمەت بوو بێ ئەقڵی وابکەن. 
چونکە هەر لەسەرەتای موشەکەکان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت وڵاتانی ئیقلیمیش پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و دوورنییە پێگەکانی خۆیان زیاتر قایم نەکەن و هێزی زیاتریش بهێنن، ئەوەش دەبێتە قەڵغانێکی بەهێزتر بۆ هەرێم. 
ئەوە جگە لەهەڕەشەکردنی ئەمریکییەکان. بۆ تۆڵەکردنەوە. 
لەلایەکی تریشەوە جۆرێک هاوسۆزی دروستکرد لەناوخۆی هەرێمدا لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانیش کەدەکرێ لەهەرشتێکدا بۆچونی جیاوازمان هەبێ،  بۆ پاراستن و یەکخستنی قەوارەی هەرێم یەکگرتوو بین و کێشە و ناکۆکییەکان نەبنە بەربەست بۆیەکبونی نەتەوەیمان، بەوەش بەهێزترین وەڵام بەنەیار دەدەینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی