ڕاپەڕین وەک کردەیەکی مێژوویی هەرگیز تێناپەڕێتو ناتوانین ناشیرینی بکەین وەک هەر کارێکی ئەمڕۆی دەسەڵاتو بەرپرسەکان، ئەم کردە مێژووییە مادام بەخوێنی شەهیدەکان هاتۆتەبوونو درەختی ئەم ڕاپەڕینە بەخوێنی شەهیدان ڕواوە، هەرگیز شایانی ئەوەنییە ڕەخنەی لێبگیرێتو بهێنرێتە سێبەری ئەهریمەنانەی دەسەڵاتەوە.
30 ساڵ لەدوای ڕاپەڕینی 1991، ڕاپەڕین ئەگەر تەنها یادو ئاهەنگو پیرۆزبایی بێت بەبێ بەردەوامیدان بەلقەکانی ڕاپەڕین، کارەساتە، بەبڕوای ئێمە وەک چۆن شۆڕشەکانی ئەوروپا لەپێناو ڕۆشنگەریو ئازادی تائێستاش بەردەوامەو نەوەستاوەو پاشەکشێی نەکردووە، دەبوو ڕاپەڕینی کوردەکانی باشووری کوردستانیش بەردەوامبوایەو پاشەکشێی نەکردایە لەئامانجەکانی خۆی.
یەکێک لەئامانجەکانی ڕاپەڕین (ئازادی بەگشتیو ئازادی ڕادەربڕین) بوو بەتایبەت، مێژووی ئەم ئامانجە پیرۆزە لەپێش ڕاپەڕین لەگەڵ مێژووی پاش ڕاپەڕین گەلێک جیاوازو ناچوون یەکە، پاش ڕاپەڕین کە شۆڕشگێڕەکانمان لەخەباتی شاخەوە گەیشتنە خەباتی شار، نەیانتوانی لەم کایەیەدا درێژە بەڕاپەڕینو ئامانجەکانی بدەنو نەوەستن، بەڵام وادەرنەچوو.
لەخەباتی شاخدا، ڕاو ڕاپەڕینو شۆڕش پێکەوە جوانو باڵابوون، خەونی شۆڕشگێڕان بوو، بەڵام لەگەڵ خەباتی شارو دروستکردنی دامەزراوە حکومییەکانو سێ دەیە لەسەربەخۆییو ڕزگاری نیشتمانی، ئێستا ڕاپەڕین (ڕاو ئازادی ڕا)ی لەگەڵ نییەو بەبێ (ڕا) ماوەتەوەو پاشەکشێیکردووە لەم ئامانجە.
دوای 30 ساڵ لەڕاپەڕین، ئێستا ڕاپەڕین تەنها هوتافو قسەیەو ڕاپەڕین لەکرداریدا بوونی نییەو مانای نەماوە. هەرکاتێک ڕاپەڕین لەکردارەوە بوو بەگوفتارو وتار ئەوا ڕاپەڕین لەماناکانی خۆی خاڵی دەبێتەوە. ڕاپەڕین نابێت بوەستێتو خاڵێک دابنێت وەک ئیشی کۆتاییو خاڵی وەستان، هەرکاتێک ڕاپەڕین وەستا واتە تەواوی ئامانجەکانی ڕاپەڕین وەستاوە.
هەنوکە ڕاپەڕین لەباشووری کوردستان وەستاوەو ئەمەش کارەساتە، چونکە تەواوی ئامانجەکانی ڕاپەڕین پاشەکشێیان پێوەدیارەو ئەوەی ڕاپەڕینی لەپێناودا کرا بەدەستنەهاتو لەدوای ساڵی 1991وە لەباشووری کوردستان ڕاپەڕینو تەواوی لقە ڕاپەڕینو شۆڕشەکان وەستاوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی