کورد بەرلەهاتن‌و دوای هاتنی پاپا فرانسیس

07/03/2021

سەردەشت محه‌مه‌د

سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، بۆ عێراق‌و هەرێمی کوردستان دەنگدانەوەیەکی نێوخۆی‌و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوەو  میدیا نێوخۆی‌و عێراقیەکانی بەتەواوی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، بەتایبەت لەنێوخۆی کوردستاندا هەموان سەردانەکەی پاپا، بەڕووداوێکی مێژووی گرنگ وەسفدەکەن‌و زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی‌و سیاسیەکانی کوردو تەنانەت شەقامی کوردیش، وای بۆدەچن هاتنی پاپا بۆ کوردستان بایەخێکی گەورەو دیبلۆماسی هەیە.

لەم چەند ڕۆژەدا زیاتر ئەو دێڕە بەرچاوو گوێمان دەکەوێت کە دەوترێت هاتنی پاپا فرانسیس، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەیەکی وەکو کورد کە لەڕێگەی ئەم سەردانەی پاپاوە زیاتر خۆی بەدونیایی دەرەوە بناسێنێت‌و کوردستان وەک شوێنی ئاشتی‌و پێکەوەژیانی ئاینەکان پیشانبدرێت.

هاتنەکەی پاپا، هیچ لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە کە بەدرێژایی مێژوو، کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی هەموئاینەکان بووە تەنها بۆ خودی هەڵگرانی ئاینی ئیسلام نەبێت، کەزۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی  کوردستان پێکدەهێنن، ئەگەر تەماشایەکی ڕووداوە مێژویەکانی ناوچەکە بکەین ئەوەندەی ململانێی توند لەنێوان ئەوکەسانەدا ڕویداوە کە هەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامی بون، نیوهێندە ململانێ لەنێوان  موسڵمانان‌و خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکەدا ڕوینەداوە.

سەردانەکەی پاپا بۆ کوردستان بەتەنها  نابێتە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ ناساندنی گەلی کورد، بەدونیای دەرەوە، وەک گەلێک کە ڕێز لەکەمەنەتەوەو خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکە کە لەکوردستاندا کەمینەن دەگرێت، بەڵکو بەرلەهاتنی پاپاش دەیان مێژونوس‌و گەڕیدە کە ڕویانکردۆتە کوردستان  شایەتی ئەوەیانداوە کە بەڵێ کوردەکان میللەتێکی میوان دۆستن‌و ڕێز لەکەمەنەته‌وایەتیەکانی دیکە دەگرن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە نەیانوتووە کوردەکان میللەتێکی یەکگرتون، بەڵکو بەپێچەوانە ناکۆکییە نێوخۆیەکانی نێوماڵی کوردیان بەهۆکاری دواکەوتویی ژێردەستەیش خودی کورد زانیووە هەمیشە کوردیان لەدوو بەرەی دژبەیەکدا بینیوە.

کورد، گەلێکی هەژارە لەڕوی ئیدارەدان‌و پاراستنی خاکەکەیەوە، کەم ئەزمونە لەدۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردن‌و دەربازبون لەقەیرانە نێوخۆیەکاندا، بەدرێژایی مێژوو چاوی لەدەستی هێزە دەرەکیەکان بووە بۆ هاوکاری‌و هەماهەنگکردنی لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی گرفتێک یاخود مەترسییەک کە ڕوی لێکردووە، هەر ئەم هەستی خۆ بەکەم بینین‌و بێم ئەزمونییەی وایکردووە بەهاتنی پاپایەک کە مەبەست‌و نیازی  گەورەتر لەوەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین لەپشت سەردانەکەیەوەتی بۆ عێراق‌و کوردستان، شاگەشکەبین‌و دواترو پاش گەڕانەوەی تێبگەین‌و بڵێین بەڵێ سەردانەکەی پاپا هیچ گۆڕانکارییەکی نەهێنایە ئاراوەو نەتوانرا هاتنی پاپابکەین بەدەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو قەیرانە ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتیانی کە کورد لەباشورو بگرە لەپارچەکانی دیکە تێیکەوتوە.

ئەگەر تەماشایەکی پێکهاتەی دەسەڵات لەکوردستاندا بکەین دەگەین بەو ڕاستییەی کە بەڵێ هەموو کەمەنەته‌وایەتی‌و هەڵگرانی بیروباوڕەکانی دیکە پێگەی سیاسی گەورەیان لەکوردستاندا هەیەو تائێستا ڕوبەڕوی هیچ گرفتێکی ئەووتۆ نەبونەتەوە کەمایەیی نیگەرانیبێت بۆیان، کەچی ئێمە لەنێوخۆی خۆماندا تا ئەوپەڕی ڕادەی نیگەرانی لەیەکدی نیگەرانین‌و هیچ هێزێکمان ئامادەنین دان بەوی دیکەماندا بنێین‌و هەمیشە لەبۆسەداین بۆیەکدی، بەو ئەندازەیەی کوردستانمان کردوە بەزیندان بۆ خۆمان‌و بەهەشتیش بۆ کەمەنەتەوایەتی‌و خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی