كاتێك كه حكومڕانی له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵی بنیات ده‌نرێت‌و دیموكراسیه‌ت ته‌نها ده‌بیته دیكۆرێكی مردوو، ئه‌وكاته حكومه‌ت ده‌بێته ژینگه‌ی گه‌شه‌كردنی جۆره‌ها ڤایرۆس‌و به‌كتریاو كه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به‌ئه‌نتیبایوتیکی تایبه‌ت چاره‌سه‌رنه‌كرێن، ته‌واوی ژینگه‌كه توشی نه‌خۆشی‌و ده‌ردو به‌ڵا ده‌كه‌ن، هه‌ركاتێكیش حكومه‌ت به‌م ئاسته‌ی لێهات ئه‌وا ده‌بێته مۆڵگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی حكومڕانه گاڵته‌جاڕو ئاست نزم‌و فاشیله‌كان، له‌مكاته‌دا دامه‌زراوه دیموكراسیه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و دادگاكان له‌جیاتی كاركردن له‌پێناو چه‌سپاندنی دادگه‌ری‌و شه‌فافیه‌ت، چاودێری‌و ده‌ركردنی یاساكان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان، ده‌بنه پێگه‌ی ئازار‌و نه‌هامه‌تی‌و سته‌مكاری‌و قۆرخكاری‌و پشتیوانی له‌ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵ‌و دزو تاڵانچی‌و مافیاكان، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت ئەو دۆخه‌یه، دادگا‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت هه‌مووی خزمه‌ت به‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كات كه ئه‌و سه‌ركرده گاڵته‌جاڕانه ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه، له‌سایه‌ی ئه‌مجۆره حكومڕانیه‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌سی فاشیل‌و گاڵته‌جاڕ ڕابەرایەتی دەکەن وه‌ك ئالان ئۆرنۆ ده‌ڵێت: لەژێر سایەی ئەمجۆرە حوکمڕانانەدا، به‌هیچ جۆرێك گه‌شه‌پێدان‌و پێشكه‌وتن‌و دادگه‌ری‌و شه‌فافیه‌ت دروستنابێت، مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ژێر حكومڕانی یەکێتی‌و پارتیدا بۆماوه‌ی 30 ساڵ، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه گه‌نده‌ڵی‌و سته‌مكاری ڕه‌گێكی به‌هێزی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌متمانه‌ی بۆ دروستكردون كه هیچ هێزێزێك نییه بتوانێت له‌ڕه‌گ ده‌ریان بهێنێت، به‌رپرسە فاشل‌و گاڵته‌جاڕه‌كان له‌ژێرسایه‌ی ئه‌م حكومڕنیه‌دا هه‌موو جۆره ئیمتیازاتێكیان هه‌یه‌و چونه‌ته سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕەمه‌كه، چاره‌نوسی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك كه‌وتۆته ده‌ستیان، ئه‌مانه بڕیار له‌ژیان‌و گوزه‌ران‌و چاره‌نوسی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، ده‌ستده‌خه‌نه وردترین كاروباری ژیانیان، یاری به‌بازاڕو موچه‌و نرخی هه‌موو شته‌كان ده‌كه‌ن، ژیانێكی پڕ له‌نه‌هامه‌تی‌و كوله‌مه‌رگی‌و ناشایسته بۆ خەڵک بڕیارده‌ده‌ن.
له‌كوردستاندا هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نییه لێپرسینه‌وه له‌بەرپرسەکانی ئه‌م دوو حیزبه حكومڕانه بكات، په‌رله‌مان‌و دادگا‌و حكومه‌ت خراوه‌ته خزمه‌ت پلان‌و ئه‌جنداكانیانه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌و دیموكراسی‌و دامه‌زراوه مه‌ده‌نیه‌كان‌و ڕێكخراوه‌كان‌و میدیاكان كراونه بوكه‌ڵه‌یه‌ك به‌ئاره‌زوی خۆیان یاری پێده‌كه‌ن، ده‌یان مامۆستای زانكۆ‌و ئه‌كادیمی‌و ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نوس‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستیان وه‌ك كۆیله كردوه به‌خزمه‌ت كاری خۆیان، ئه‌مانه ته‌نها ئامانجیان قازانجه، لای ئه‌وان شتێك نییه به‌ناوی مافه‌كانی هاوڵاتیان‌و سه‌روه‌ری نیشتیمان‌و پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها به‌شوێن قازانجدا ده‌گه‌ڕێن، بۆیه به‌رده‌وامیش كۆنتڕۆڵی بواری هێزیان کردوە لەڕوی سیاسی‌و ئابوری‌و مه‌عریفیەوە.
ئه‌مانه بۆ پاراستنی ئه‌و حكومڕانیه‌ی هه‌یانه هه‌موو هۆكارێك به‌كارده‌هێنن، چونكه ده‌زانن مانه‌وه‌ی ئه‌وان به‌مانه‌وه‌ی كورسی‌و حوكمڕانیه‌تیه‌كه‌یانه‌وەیەو ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له‌حكومدا نه‌مێنن هیچیان لێ نامێنێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه له‌ژێر سایه‌ی ئه‌مجۆره حكومڕانیه‌دا هه‌موو شتێك له‌په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌و ژینگه‌و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت وێران ده‌بن، توانای وێرانكاری ئه‌مانه زۆره‌و ڕۆژانه شوێناکرەکانیان ده‌بینریت. ئه‌وان گوێ بۆ هیچ ڕه‌خنه‌و پێشنیازێك ناگرن، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ركه‌س به‌ره‌و ڕویان بێته‌وه‌و داوای مافی هاوڵاتیان‌و چاكسازی بكات ڕوبه‌ڕوی سزای توند ده‌بێته‌وه‌و بەبه‌كرێگیراوو تیرۆریست تاوانباری ده‌كه‌ن، حوکمدانی شه‌ش ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانه مه‌ده‌نیه‌كانی بادینان باشترین بەڵگەی ئەم بۆچونەیە، له‌ولاشه‌وه ده‌بینین كه سه‌رتاپای هه‌رێم ئاڵۆزی‌و ناكۆكی‌و دژایه‌تی‌و نائارامی داگیریكردوه، به‌رده‌وام یه‌كێتی‌و پارتی یه‌كتر تاوانبارده‌كه‌ن، هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر یه‌كتر، چونكه پێیانوایه گەندەڵی بەشێوەیەکی شه‌فاف‌و دادگه‌ری له‌نێوانیاندا به‌یەکسانی دابه‌شنه‌كراوه‌و به‌شی هه‌ندێكیان له‌هه‌ندێكیان زیاتره، واتە ململانێ قورسەکە لەنێوان گەندەڵکاراندایە نەک گەندەڵکاران‌و بەرەی چاکسازان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی