بۆ لەئێستادا پاپاى ڤاتیکان سەردانى عێراقى کرد؟

08/03/2021

لوقمان حاجى قادر

پاپاى ڤاتیکان پێگەیەکى سیاسى‌و ئایینى گرنگى هەیە لەجیهاندا، بۆیە میدیاکان‌و چاودێران بەگرنگییەوە چاودێرى جوڵەکانى دەکەن، میدیاکانى ئیتاڵیا هەڵبژاردنى پاپایان بەشۆڕشێکى مێژووى کڵێسا لەقەڵەمداوە، سەردانیکردنى عێراقیش بۆ دەبێتە شۆڕشێکى دیكە، سەردانەكە لەمکاتەدا کۆمەڵێک پەیام‌و هۆکارى گرنگی لەپشتن، چونکە عێراق وەک هەموومان دەزانین لەسەر لێوارى داڕمانى گەورەدایەو ئەگەرى مەترسیدارى لەبەردەمە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەلی گەورەى بۆ هاتۆتە پێش تا خۆى لەو ئەگەرە مەترسیدارانە بپارێزێت.

لەڕۆژى دەستبەکاربوونى دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار گوتەیەکى دیارو گرنگى هەیە کە لەزۆربەى بۆنە دیارەکاندا دەیڵێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە عێراق لەباتى ئەوەى بكرێتە جێگاى ململانێى هەرێمایەتى‌و جیهانى دەتوانرێ بکرێتە ناوەندێک بۆ دیالۆگى ئاشتى‌و تەبایی، دەستپێكی هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیە بوو، لەسەردانەکانى سەرەتاى دەستبەکاربوونیدا ئەم نیەت‌و نیازەی بەروون‌و ئاشكرایی دەرکەوت کە لەماوەیەکى کورتدا سەردانى سعودیەو ئێران‌و ڤاتیکان‌و تورکیاى کرد، ئەوەش وەک نیشاندانى نیازپاکى عێراق بوو لەبەرامبەر ئەم جەمسەربەندییە ناکۆکانەدا. 

سەرۆک کۆمار بۆ پاڵپشتى تێزى دوورخستنەوەى عێراق لەوەی بكرێتە گۆڕەپانى جەنگ‌و ململانێكان، پێویستى بەپشتیوانى‌و هاوکارى هەمەلایەنەى عێراقییەکان‌و هێزە دەرەکییەکان هەبوو، لەسەردانى بۆ ڤاتیکان هەروەك "جیسۆن هۆرویتز"ی بەرپرسی ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لەڕۆما لەوتارێكیدا لە4ی مارسی 2021 باسی لێدەكات، بانگهێشتی پاپای كردبوو بۆ سەردانی عێراق، هەروەها داواى پاڵپشتى ڤاتیکان‌و پاپاى کردبوو بۆ عێراق، پاپا بەڵێنى پێدابوو کە هاوکار دەبێت‌و پشتگیریى دەکات، واتە سەردانەکەى پاپا بەشێک لەو بەڵێنە بوو کە پێشتر بەسەرۆک کۆمارى عێراقى دابوو. 

دواى خۆپیشاندانەکانى پار ساڵى بەغداو شارەکانى دیكەی خوارووى ئەو وڵاتە کە زیاتر ناڕەزاییەتى جەماوەرى شیعە بوو لەخراپ بەڕێوەبردن‌و نەبوونى خزمەتگوزارى، بەشێك لەداواكارییەكانیان هاتنەدی‌و توانیان سەرۆک وەزیران‌و چەند بەرپرسێکى دیکە بگۆڕن، بەڵام لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانکارى‌و چاکسازى ڕیشەیی لەوە بەهێزتربوون بەگۆڕینى سەرۆک وەزیران عێراق پێ بنێتە قۆناغێکى نوێوەو دووریش بێت لە ململانێی هەرێمایەتییەكان. 

هاتنى پاپا وەک دوایین هەلی بەر لە وادەى هەڵبژاردنەکان، پەیامێکە وەک دوایین دەرفەت کە ئاراستەى     نێودەوڵەتى پشتیوانى عێراقە بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە بە پێگە و سەنگى خۆیەوە بگەڕێتەوە نێو بازنەى نێو دەوڵەتى، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ تێزەکەى سەرۆک کۆمار کە عێراق لەباتى ئەوەى ناوەندى ململانێى یەکلاکردنەوەى کێشە هەرێمایەتییەکان بێت، بە پێچەوانەوە ببێـتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتن و تێگەیشتنى لایەنە ناکۆکەکان، بەدیوێکى دیكەدا دەتوانێن بڵێین سەردانەکەى پاپا هاندە رو پاڵنەرێکى بەهێزە بۆ خاوکردنەوەى بارگرژییەکان و لێکنزیک بونەوەى لایەنە ناکۆکەکان و دوورخستنەوەى تارمایى شەڕى تایفى و ئایینە لە عێراقدا، وە سەردانیکردنى بۆ هەرێمى کوردستان مانا و دەلالەتى سیاسى گرنگى خۆیى هەیە، لەوەی هەرێم لەو پڕۆسەیە بەشدار بێت و ڕۆڵى هەبێت لەو تێڕوانینەى پێشترى سەرۆک کۆمارگەڵاڵەی كردووە. 

دیارە لە سەردانەکەى پاپادا، جگە لە پیاوانى ئایینى مەسیحى و خەڵکى ئاوارەى مەسیحى و شوێنە پیرۆزەکانیان، سەردانى مەرجەعى باڵاى شیعەشى کرد، ئەوەش پەیامێک بوو بۆ مەرجەعیەتی شێعەكان كە رۆڵى دیار و گەورەى خۆى ببینێت لە دروست کردنى ئاشتى کۆمەڵایەتى و گوشار خستنە سەر ئەو هێزانەى بەناوى شیعەوە بونەتە بەشێک لە لەمپەر لەبەردەم چاکسازى و گەڕانەوەى عێراق بۆ نێو ناوەندى نێودەوڵەتى.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی