نەوەی چوارەم لەجەنگ GW4

08/03/2021

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان

ئەم ناونیشانە ناسنامەی شێوازی جەنگێکی نوێیە، کە تێیدا سنوری نێوان سیاسەت‌و جەنگ نادیارە ھەروەها جیاوازی لەنێوان شەڕکەر یا جەنگاوەرو ھاوڵاتی سیڤیلدا دیارنییە.

لەم جەنگەدا دەوڵەتی نەتەوەیی دەگۆڕدرێت‌و دەبێتە دەوڵەتی ململانێی نێوان ھێزەکان‌و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش کاتی بوژانەوە یا گەشەکردن.

ئەم بابەتە لەوانەیە لەلای زۆرێک لەخەڵک تازەو نەبیستراوبێت، بەڵام تازەنییە، ناوھێنانی ئەمجۆرە تازەیەی جەنگ بۆ یەکەمجار لەساڵی 1980دا بوو لەلایەن ویلیەم لیند.

‏(William S. Lind) و كابتن جون إف. شمیت ( John F. Schmitt)بووە.

لەم جەنگەدا دەوڵەت پەیوەندیان لەگەڵ ھێزی چەکداری فەرمی لەدەست دەدەن و ھێزە چەکدارەکان بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت لە جەنگی یەکتردا دەبن. واتە سوپای رەسمی دەوڵەت لە ژێر فەرمانی رەسمی دەوڵەتدا نامێنێ.

ئەمجۆرە جەنگە لەژینگەیەکدا دەخوڵقێت کە کێشەی دڕێژخایەن‌و ئاڵۆزی تێدابێت، لایەنە دژبەیەکەکان لەکرداری تێرۆریستی دژ بەیەکتر سڵنەکەنەوە، نەبوونی ئینتماو پابەندی بۆ دەوڵەت، ھەبوونی چەندەھا نەتەوەو ئاین‌و مەزهەبی جیاواز لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا، سڵنەکردنەوە لەتێکدانی کلتوری یەکتری‌و جێنۆسایدکردنی یەکتری، جۆشدانی رق‌و کینە لەدژی یەکتری لەڕێگای بەکارھێنانی ڕاگەیاندن‌و سۆشیال میدیا‌و پڕوپاگەندەی دژ بەیەکتر، ھەروەھا بەکارھێنانی ھەموو جۆرە ھێزێکی سیاسی‌و ئابوری‌و سەربازی دژ بەیەکتری.

لەو وڵاتانی ئەم بنەماو خاڵانەی سەرەوەی تێدا بەدیدەکرێت هەڵگیرسان‌و ڕوودانی جەنگی  4GW زۆرئاسانە.

گەربێت‌و چاو بەوڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بخشێنین‌و بەدواداچونێک بۆ سیاسەتی وڵاتانى ئەم ناوچەیە بکەین دوای بەھاری عەرەبی، ئەوا ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێ ئاخۆ ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لەسیاسەتیان لەبەرقەراری ئارامی لەم ناوچەیە شکستیانھێناوە؟ ئاخۆ دەبێت دوای ئەو ھەموو ترلیۆن دۆلارەی بۆ لەناوبردنی دیکتاتۆرەکان بەکارھێنران بەھەدەرچووبن‌و ئامانجی خۆیان نەپێکابێت، چۆن دەبێ ھێزێکی ھاوپەیمانی بەھێزی پڕچەک‌و پڕ لەتەکنۆلۆجیای نوێ‌و بەو گەورەییەوە شکستبھێنێت لەڕوخانی رژێمی ئەسەدو بونیادنانی حکومەتی دیموکراسی بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە؟

دوای ڕوخانی دیکتاتۆرەکانی عیراق، میسر، لیبیاو تونس چەندھا حزب‌و سیاستمەدار ھاتنەسەر کورسی دەسەڵات کە مایل بەسیاسەتی غەرب بوون. ئەی بۆ ئاشتی‌و ئارامی بەرقەرارنەبووەو جەنگ‌و ماڵوێرانی بەردەوامە.

ئایا ئەم پاشاگەردانیەی (فوچا) کە ھەیە خوازراوە  یا دروستکراوە یا بەبەرنامەیە (فوچى خلاقە)، بێگومان لێرەدا مەبەست کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن‌و بزوتنەوە بەرگریەکان نییە، ناکرێت ڕۆڵی حزبەکان لەڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆریەکان نادیدە بگیرێت، شاراوەنییە کە میلەتەکانی ئەم ناوچەیە ساڵانێکی زۆری بندەستی‌و ئەشکەنجەو دەردەسەری زۆریان بەڕێکردو خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئازادبونیان، بەڵام شاراوەش نییە کە بەھاری عەرەبی بەھاوکاری رۆژئاوا ھاتەکایەوە. ھەرئەوان بوون کە بەدروشمی دروستکردنی ڕۆژھەڵاتێکی ناوەراستی نوێ‌و دیموکراسی خۆپیشاندەرانیان ھاندەدا، ھەروەھا راستەوخۆش لەبۆمبارانکردنی سوپای لیبیا بەشداربوون. بەشداریکردنی راستەوخۆی سەربازی ئەمریکاو ھاوپەیمانیان لەم ناوچەیە بابەتێکی نوێ نییە. لەساڵی ١٩٩١ ئەمریکا راستەوخۆ بەشداربوون لەرزگارکردنی کوه‌یت لەدەستی رژێمی سەدام حسێن‌و تێکدانی بەشی ھەرەزۆری سوپای عیراق، بەڵام پرسیارەکە ئەوەبوو بۆ بەردەوامنەبوو لەروخانی سه‌دام‌و بۆ لەبەردەرگای بەغدا هێرشەکانیان راوەستان‌و رێگایاندا لە ۱۹۹۱ تا ساڵی ٢٠٠٣ دیکتاتوریەتی سه‌دام بەردەوامبێت.

ئایە ئەمە بریارێکی ھەڵەبوو ئەو کاتی ئەمریکا بوو یاخود دەکرێت خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت.

دواتر لەشەڕ دژ بە داعش ھەمان سیناریۆ دوبارە بۆوە. ھاوپەیمانیان و ئەمریکا بەژدار بوون لە تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناویان نەبردن. ئێستاش رێکخراوی داعش لە ئەوروپا چالاکن و لە ھەوڵی خۆکۆکردنەوەن و لە لایەن حکومەتەکانەوە دەستگیرناکرێن بە ناوی مافی ئازادی و نەبوونی بەڵگەی کافی.

سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لەسەردەمی فەرمان رەوایی جۆن بایدن لەسەر پەرەپێدان بەم سیاسەتە نوێیەی جەنگ نەوەی چوارەم بەردەوام دەبن.

ئەم سیاسەتە کار لەسەر شکست ھێنانی لەسەرخۆی سیاسەتی دەوڵەتەکان دەکات و نائارامی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەو تایەفەکان بەشێکی گرنگی پەیڕەوکردنی ئەم جەنگەیە.

بەمشێوەیەش سەپاندنی واقعێکی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.

بەم شێوەیە ھەمیشە لایەنەکان و نەتەوەو و مەزهەبێک ھەیە کە بۆ مانەوەی خۆی دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی وڵاتە زلھێزەکان.

بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن.

دوای خاپورکردن و لەناوبردنی ژێرخانی ئابوری لە رووی ەێگاوبن و ئاو و ئاوەرۆو کارەبا و پرد دێن و بە گرێبەستی زەبەلاح  سەرلەنوێ ھەمووی بە شێوەیەکی کاتی دروست دەکەنەوە.

لەھەمووی کارەساتتر کارکردنە لەسەر شێواندنی تاکی کۆمەڵگاو نەھێشتنی بڕوا بەخۆبوون‌و ئینتیمای نیشتمانی، پشتگوێخستنی پەروەردەو بێبەهاکردنی بڕوانامە.

ھەموو ئەمانە سیماو رووی جەنگی نەوەی چوارەمن کە لەم ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراستەدا پەیرەو دەکرێت، لەم حالەتەدا دوژمن نادیارە و  ھاوڵاتی دەبێتە مرتەزەقە.

ماكس مانوارینج یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای ئەمریکایە لە یەکێک وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئامانجیان تێکدانی ھێزی سوپایی ھیچ وڵاتێک نیە، بەڵام ئامانجیانە کە ھێزەکە شەکەت بکەن و بە ھێواشی لەناوی ببەن. ئامانجمانە کە دوژمن ناچاربکەین سەردانەوێنێ بۆ خواستەکانمان. لە رێگای ھاوڵاتیانیانەوە ئەتوانین ئەم خواستەمان جێبەجێ بکەین و ئەمە دەبێتە شیوازی نۆێ لە ئیستعمار، ئەم سیاسەتە لەعیراق بە روونی بەدی دەکرێت.

کاتێ باسی ئەمجۆرە شەڕە دەکەین دەزانین لەمێژووی دورو نزیکدا چەندان جۆری شەڕ هەن. ئەم ناوچەیەش لەبەر ئەوەی بەدرێژایی مێژوو ساحەی جەنگ و ململانێی هێزە نزیک و دوورو ناوخۆیەکان بوە. هەموو جۆرە شەڕێکی بەخۆیەوە دیوە.

لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژەیەکیان پێ بدرێت بۆ روونکردنەوە بەگرنگ دەزانم:

شێوازەکانی پێناسەی جەنگ 
-جەنگی نێوان دوو وڵاتی دژ بە یەک و دوو ھێزی چەکداری سەر بە دەوڵەت وەکو جەنگی ئێران و عیراق لەساڵەکانی ھەشتاکان (Conventional War).
-جەنگی شۆڕشی لایەنێک دژ بە حوکمداری لایەنێک وەکو شۆڕشی کورد دژ بە ڕژێمی بەعس( Guerilla War).
-جەنگی بەکارھێنانی ھێزی چەند وڵاتێک بەرانبەر بە وڵاتێک بۆ ھاتنە ژێربار و تەسلیم بوونی وەکو جەنگی کەنداو دژ بە عیراق ( Preventive War).
-جەنگ بەرانبەر چەند لایەنێکی نەناسراو و شاراوە وەکو روداوەکانی دوای ١١ سبتمبر کە تێیدا ئەمریکا بەرانبەر چەندەھا گروپ و رێکخراو لە جەنگ دابوو. ئامانجی ئەم گروپانە جیاواز و نادیارن( Asymmetric War).
دواجارو بۆ ڕوونبونەوە نەوەی چوارەم لەجەنگ (4GW) 

لە ئێستای بارودۆخی عیراق ئەو بنەمایانەی شەڕ بەدی دەکرێت.

جۆرێکی تری شەڕ لە عیراق بەردەوامە، کە زۆربەی خەڵک  توشی سەدمە بونەو نازانن چیەو چۆنە. 

عیراق لە مێژوی خۆیدا گۆڕەپانی شەڕ بوە. تاوان و قەساوەتی زۆر دژی مرۆڤایەتی کراوە. بە حوکمی سیاسەتی دەوڵەتە گەورەکانی دونیا بێت و مەلامحی ئەو جۆرە جەنگە بێت کە باسم کرد عیراق کەوتۆتە ناو ئەو بارو زروفەوە، چونکە ژینگەکەی رەخساوەو بە سیاسەت و بەرنامە کار بۆ گەیاندنی وڵاتەکە بەو بارودۆخە کراوە.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی دیموکراسی و مەدەنیەتەوە پڕ کراوە لە کێشەو ململانێی نا دیموکراسی و نامەدەنی بەتایبەت عیراقیش پڕ کراوە لە رق بەرامبەر بە کەلتورو ژیان لەبەر ئەوە زەمینەی بەردەوامی داهێنانی شەڕی تازەی هەیە. جار هەبوە عیراق داگیرکراوە جا هەبوە عیراق داگیرکەر بوە.جاریش هەبوە شەریکی شەڕ بوە. ئیستاش کە سنوری نێوان سیاسەت و جەنگ خەریکە نامێنێ جیاوازی لە بەینی کەسێکی جەنگاوەرو هاوڵاتیەکا دیار نییە. کێشەکانی سەد ساڵ پێش ئیستا تا ئێستا بەردەوامە و حەل نەکراوە. تیرۆری شاراوەو ئاشکرا بەردەوامە، پابەندی بە قانون و دەستور کەمەو میزاح تەحەکوم ئەکات تائفیەت زۆر زیاترە لە رابردوو. ئەمانە سیماو ئەدگاری نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)ە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی