جەنابى پاپا تو ئەو خوایە بە دادى تۆ ڕەوایە؟

08/03/2021

حلمى رەسول رەزا

ناونیشانەکەى سەرەوە، هى مامۆستایەکى زانکۆیە دەربارەى هاتنى پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان نوسیویەتى، سەر لەبەرى دێڕەکانى بریتیە لە خۆ بە ئەهراموزدا و بەئەهریمەن کردنى رکابەرەکەیان، ئەو باسى لەوە کردوە عێراق جێ نزرگەى شەڕەو رۆحە شەڕانیەکان لەوێ کۆبونەتەوەو شمشێرو خۆێن دایپۆشیوەو لە هەرێمى کوردستانیش جێنشینانى خوداى خێر دەسەڵات بەڕێوە دەبەن. 
سەرەتا لە ناخى دڵمەوە شاگەشکەم بەوەى هەرێم و باڵەخانە و شەقامەکانى جێگاى سەرەنجن، بەڵام منیش وەک هاوڵاتیەک مافى ئەوەم هەیە سوێندنى ئەو مامۆستایەى زانکۆ و پاپاش بدەم سەبارەت بە هەندێ ڕەوایەتى:

یەکەم: جەنابى مامۆستا و پاپا، تو ئەو خوایە بەدادى ئێوە ڕەوایە، ئەو پێشکەوتنەى هەرێم بەخۆیەوە بینیویەتى ئەوە بخرێتە ژێر لێوەوە کە ئەندازیارو دانەرو بنەغاکەى لە ماوەى کابینەى شەشەمدا دروست کراوەو یەک دونیا پاشەکەوتى بۆ جێهێڵراوەو، کابینەکانى دواى ئەو؛ تاکو ئێستاش قەرزى ئەو زەمانە وەردەگرنەوە، کەچى ئێستا فەرمانبەرەکانى بێ مەعاشن..

دووەم: جەنابى مامۆستا و پاپا، تو ئەو خوایە بە دادى ئێوە رەوایە، عێراقێکى شەڕانگێزو وێرانەو خاوەن سوپایەکى داگیرکەر، كەچی هەموو رۆژێ وەفدەکانی ئەم بەهەشتە لە بەردەم دەرگاى ئەو وێرانەیەدا کەوتوون بۆ مووچە، هەر بەراست تو ئەو خوایە رەوایە، هەمان ئەو سوپایەى مامۆستا پێى دەڵێ سوپاى داگیرکەر تەکلیفى لێکراو هێنرایە سەر دامودەزگا شەرعیەکانمان، کەچى ئەوان باش بن و خەڵکیش جاش..
سێیەم: جەنابى مامۆستا و پاپا تو ئەو خوایە بەدادى ئێوە رەوایە، ئەو عێراقە وێرانەیەى دەمانەوێ تەڵاقى بدەین، کەچى فەرمانڕەوەکانى ئەم بەهەشتە ناتوانن دەست لە پلەو پۆست و پارەو تەقاعودى ئەو وێرانستانە بەردەن، لەولاشەوە ئەوان باش و خەڵکیش جاش.. 
چوارەم: جەنابى مامۆستاو پاپا، ئاخر لە کوێ ڕەوایە دکتۆرێکی كورد كە باڵاترین پۆستی عێراقی هەیە بێتە ڤاتیکان و داواتان لێبکات وەک رەمزێک بۆ ئاشتى و پێکەوە ژیان و پێکەوە هەڵکردن تەشریف بێنى بۆ ئەم وێرانەیەو تاکو وڵات خەڵتانى خوێن نەکرێت و فێرى پێکەوە ژیان بین و خاکەکەشمان نەبێتە گۆڕەپانى یەکلایى کردنەوەى ململانێ نێو دەوڵەتى و هەرێمایەتیەکان، کەچى مامۆستایەکى زانکۆ لەم چەمک و تێزە تێنەگات.. 

چوارەم: جەنابى پاپا تو ئەو خوایە بەدادى تۆ ڕەوایە، لە پێشوازیکردنتدا لە کۆشکە وێران و پڕ شمشێرەکانى عیراقى کاولبوودا، تەنها سەرۆک و هاوژین و پیاوانى دەوڵەت و ئێزدیەک و ئەنفالکراوێک و هەڵەبجەییەک لە بەرامبەرت وەستابوون، تو ئەو خوایە؛ کاتێ گەیشتیەوە ڤاتیکان یەک تۆز لە وێنەکان ڕابمێنە و بزانە، لە بەغدا کێ بە گوێرەى پرۆتۆکۆڵ ئامادەبوون و لاى ئەوانیش چۆن منداڵەکانیان لە دەورت کۆکردبۆوە و ئەوانى دیش لە دوورەوە زەقەى چاویان دەهات..

پێنجەم: ئاخرجەنابی پاپا بۆ نەترپرسی ئەو خانمەی بە پۆشاكی كوردیەوە ئامادەبوو بەرەگەز بیانییەو نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانە، ئەی خێرە ئەم وڵاتە گەر پاشاكانی عەرشی كەلاوەنین بۆچى ئامادەنین خاتونەكانی خۆیان بەشدارى رێ و رەسمەکان پێ بکەن، دەی خانمێكی كوردی تر نەبوو لەم وڵاتە بە پۆشاكی كوردیەوە پێشوازیت لێبكاتن.... 
شەشەم: جەنابى پاپا تو ئەو خوایە، وەک پیاوێکى ئایینى و دادگەر بەراوردێک بکە لە نێوان ئەوانەى بۆ دامەزراوەى کردنى وڵات هەوڵ دەدەن و ئەوانەشى لە خەمى قەڵەو کردن و زەقکردنەوەى نەوەى نەوەکانیان بۆ دەرخستن و بەهێزکردنیان و مەحفکردنەوەى ئەوەشى بۆنى دامەزراوەیى لێ بێت..
حەوتەم: ئەی جەنابی دكتۆرو مامۆستاى زانکۆ تۆ نازانی پاپا كەهات بۆ عێراق و هەرێم هەڵگری پەیامی ئاشتی بوو، كەچی دوێنی ئێوە پێشوازیتان لە نەسر حەریری كرد، كە بەپێچەوانەی پاپا وە، هەڵگری پەیامی شەرو وێرانكاری بوو...!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی