پارتی تاكە براوەی یارییەكەی بەغداد بوو

01/04/2021

محەمەد رەئوف

براوەی سەرەكی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و یاسای بودجەو دادگای فیدراڵی، پارتی دیموكراتی كوردستان بوو...
بە یاسای بودجە پارتی توانی سیاسەتی نەوتی لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوەو شەرعیەتی نێودەوڵەتیشی لە رێگەی بەغداوە بۆ وەربگرێت..
بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، پارتی توانی بوركانی گەرمی ناو سەركردایەتی یەكێتی كپ بكاتەوە كە داوای سەرەكیان رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغداد.

پارتی هێندەی پێویستی بە جێكردنەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بوو لە یاساكەدا هێندە پێویستی بە بودجە نەبوو لە بەغداد دەستی بكەوێت... بۆیە چاوەڕوان ناكرێت بڕە پارەیەكی ئەوتۆ لە بەغداوە بۆ هەرێم بێت...
لەكۆی دوو ئەندامی رەسەن و یەدەكێك، پارتی دەنگی بە یاسای فیدراڵیش نەداو دوو ئەندامیانی بۆ خۆی برد..
یەكێتی بەدەستی بەتاڵ لە یاریەكەی بەغداد دەرچوون. 

هاوپەیمانی هیوا وەك هاوپەیمانی دەستكەوتی ئەوو تۆی نەبوو، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو هاوپەیمانێتیە وەك رەقەمی گەورە دەركەوتن و پێگەكەیان كاریگەری لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسەكان هەبوو یەكێتی و پارتیان ناچاركرد كە دانیان پێدا بنێن و حسابیان بۆ بكەن..ئەزمونی كاری ئەو هاوپەیمانێتیە لە پەرلەمانی كوردستانیشدا گرنگە ...

( گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و یەكگرتوو) دەستكەوتیان لەو رێككەوتن و یاسایەدا وەك هاوڵاتیانە كە بەدەستی بەتاڵەوە لێی دەردەچن..
پەرلەمانی عێراق لە یاسای بودجەدا حكومەتی هێنایە سەر چۆك و لایەنە سیاسیەكانی ناچاركرد رووبكەنە پەرلەمان، كە ئەوێ شوێنی یەكلاكردنەوەی پرسەكانە  لەماوەی 10 رۆژدا دادگای فیدراڵیان نوێكردەوە، یاسای بودجەیان تێپەڕاند و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆشیان دەركرد..
لەناو پەرلەمانی كوردستانیشدا جارێ شەڕی ئەویانە كە ئایا حكومەت نێرە یان مێ ..؟؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی