داخی گەل

08/04/2021

یادگار مەحمود

من، منێکی کورد، هاوڵاتیەکی ساددەی ئەم کۆمەڵگایە وەک زۆربەی ئێوە، منێک خاوەنی زیاتر لە چوار قوربانی شەڕی براکوژی، مەحروم لە نازی باوک و ڕەشپۆشی براکانم، نەک کێشەم لەگەڵ یەکڕیزی نێوماڵی کورددا نی یە، بەڵکو ئامانجیشمە، چونکە دۆزی سیاسی نەتەوەییمان زۆر زۆر باڵاترە لە کەیسی کەسی،هەموو ئەوانەی هەڵیشیان بژارد کە لە سەنگەری میللەتدا بن لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەدا بوو، نەک لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی و دەستکەوتی کەسی، ئیتر تۆکێشەت چی یە لە یەک ڕیزی کورددا ! تۆیەک کە زەرەرمەند نەبوویت لە شەڕی براکان، لەوانەیە سودمەندبوویت یان سودمەند دەبیت... ئەوەی بتوانێت خەونی گەورە ببینێت پاڵپشت دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی نێوماڵی کورد و یەک گوتاری کورد. خەونی گەورەش کوردایەتیە حزبایەتی نی یە، حزب نابێت ئامانج بێت، بەڵکو  حزب دەبێت لە خزمەت دۆزی تۆی کورددا بێت.

دۆزی تۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەتە کە خاكتە، ناسنامە و دروستکردنی مێژووی پڕ شکۆیە وەک وەرەسە بۆ نەوەکانی داهاتووت..... زۆربەی میللەتانیش بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوون  و کورد تەنها نی یە لەو ڕۆژگارە ڕەش و قۆناغە  سەختەدا،هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە چی دی بە تانە و پلارەوە  هەڵنەگەڕێینەوە سەر ئەو مێژووە، بەڵکو هەڵگەڕانەوە لە پێناو یەکڕیزی و دووبارەنەکردنەوەی ئەو مێژووەدا  بێت.

وڵاتێکی وەک هندستان زۆرترین ئاین و زمانی هەیە، بەڵام ئێستا کێبڕکێی وڵاتە بەهێزەکان دەکات لە ئابوری و تەکنەلۆجیا و گەشت بۆ فەزای دەرەوە... بۆ من و تۆی کورد  کە تەنها لە یەک دوو شار و شارچۆکەدا دەتوانین کورد بین،بەڵام تەنها لەبەربوونی چەند حزبێک نەتوانین یەک بین ! چ پاساوێکی باڵامان هەیە بۆ یەکنەبوون؟! گەر یەک نەبین وەک میللەت لەم بازنەیەدا دەخولێینەوە، گەر لاوازترمان نەکەن. ئێمە وەک نەتەوە ئەنفالکراوین، بە عەرەب و تورک و فارس کراوین، کیمیاییان لە دژمان بەکارهێناوە و خاکمان وەک قوماش دەچێتە ئاو.....

هەربۆیە دوێنێ لە ئەمڕۆ زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی نیوماڵی خۆمان هەیە، ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتر پێویستمان بە یەکگوتاری کورد هەیە، کەواتە هێشتا درەنگ نی یە بۆ یەک ڕیزی..... ئێستا کاتی ئەوە هاتووە وازبهێنین لە فوکردنی بە ئاگا و بێ ئاگا لە خۆڵەمێشی خامۆشی ناکۆکی براکان، بە فیتی دوژمنانمان کەلێن و درز دروست نەکەین لە ماڵی خۆماندا بە پاساوی  بوونی گەندەڵی و دیموکراسی نەبوون. کێشە و پرسی ئێمە پرسی مان و نەمانە، چۆنێتی مان و بوونمانە ، لە کوێ... 
 یەک ڕیزی و یەک گوتاری بەرپرسیارێتی مێژوویی لایەنە سیاسیەکانە، ئێمەی میللەتیش وەک میللەتێکی هوشیارهەمان بەرپرسیاریتیمان هەیە لە بەرامبەر مێژوو، هەروەها نەوەکانی داهاتووماندا ....


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی