خۆرئاوای کوردستان؛ شکست‌و سەرکەوتن بۆ ئەردۆغان

11/04/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پێشووی تورکیا نەیتوانی دەستکاری واقیعێکی سیاسی‌و ئابووری‌و ئەمنی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا بکات کە شکستیهێناوە لەزۆر بواردا، ئەو شکستە ئەوەندە هەست پێکراوبوو ئەگەرچی هەڵبژاردن لەئیستانبوڵیشدا دووبارەکرایەوە، بەڵام دووبارەی ئەنجامەکەش هەر لەسوودی ئەردۆغان نەبووە.

خۆرئاوای کوردستان یەکێکە لەو خاڵە بەهێزانەی شکستی ئەردۆغانی لەناوخۆی تورکیادا پێشخست، ڕاستە ئەردۆغان‌و سوپاکەی لەکرداردا چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای کوردستانی داگیرکردووەو تاڵانی کردووە، بەڵام بەردەوامی تێچووی ئەم داگیرکارییە لەسەر ئابووریی‌و داراییەکی لاوازی تورکیا، زیاتر پەستانی خستۆتەسەر ژیان‌و داهاتی تاک لەناوخۆداو بەم هۆیەشەوە دەنگی دژ بەئەردۆغان لەزیادبووندایەو پێگەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و دینی! ئەردۆغانیشی داکشاندووەتە خوارێ.

لەبەرامبەر ئەو ئابوورییەی تورکیادا کە ئەردۆغان بۆ مەبەستی خۆی خستوویەتیە خزمەت سوپاوە، هەموو ئەو تاڵانییەش کە ئەردۆغان لە خۆرئاوای کوردستاندا دەیکات، ناچێتە خزمەت ناوخۆی تورکیاوەو لەسنووری خێزانی ئەردۆغاندا وون دەکرێت.

لەدوای ساڵی 2011و ڕووداوەکانی سوریاو خۆرئاوای کوردستان، چەندانجار ئەردۆغان لەمیدیاکانەوە خۆی وەک براوەی جەنگی خۆرئاوای کوردستان و سوریا ناساندووە، تەنانەت لەدانیشتنی "ئەستانە"شدا، ئەردۆغان وەک پاڵەوانی ناو داستانەکە خۆیی پیشان دەدا، بەڵام لەڕاستیدا ئەردۆغان نەک سەرکەوتنی تۆمارنەکرد لەخۆرئاوای کوردستاندا، بەڵکو شکستیهێنا لەگەیشتن بەئامانج و مەرامە سیاسیی‌و ئابووری‌و جوگرافییەکەی لەخۆرئاوای کوردستان‌و لەناوخۆی حیزبەکەیشیدا تووشی هەڵوەشانەوەو ئینشیقاق بووەوەو حیزبێکی نوێ بەناوی "دیموکراسی‌و پێشکەوتن" بەڕابەرایەتی عەبدوڵڵا گویل ئەحمەد داود ئۆغڵۆو عەلی باباجان، خۆی ڕاگەیاند.

بەدیوێکی دیکەدا، بەرگری هێزەکانی خۆرئاوای کوردستان دژی سوپا داگیرکەرەکەی ئەردۆغان "ئێستاشی لەگەڵ بێت"، لەلایەک ڕێژەی فشۆڵی‌و ناتۆکمەیی ئەم سوپایەمان پێدەڵێت چۆن ڕۆژانەو سات دوای سات تووشی شکست‌و کوشتاری زۆر دەبنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو واقیعەمان بۆ وێنا دەکات چۆن ئەم سوپایە لەژێر فەرمانی تاکەکەسی‌و مەبەستەکانی ئەردۆغاندا ڕوویان دەنرێتە بەرەی جەنگەوەو دواجاریش تەرمی چەندرمەکان نادرێتەوە کەسوکاریان تاکو لەناوخۆدا شکستەکە بشاردرێتەوە.

ئێستا خۆرئاوای کوردستان نەک بەفەرمی پاڵەوانبوونی ئەردۆغان ڕادەگەیەنێت‌و وەک براوەی جەنگەکە دەیناسێنێت، بەڵکو خۆرئاوای کوردستان وێنە واقیعی‌و ڕاست‌و ڕەوانەکەی ئەردۆغانمان دەداتە دەست‌و دەتوانین بڵێین هەموو ئەو لێدانە سیاسی‌و سەربازی‌و ئابووری‌و جەماوەرییەی لەخۆرئاوای کوردستاندا لەئەردۆغان‌و سوپاکەی دراوە، تێگەشتنەکە ئاسان دەکات لەسەر شکستی ئەردۆغان چ لەدەرەوەو چ لەناوخۆی تورکیادا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی