پێویستە وەزیری شارەوانی سزابدرێت

11/04/2021

سالار مەحمود

"بۆچی پێویستە ئەنجومەنی وەزیران سەرنجڕاکێشان بۆ وەزیری شارەوانی دەربکات؟"

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا جەدەلێکی نامۆ لەناو حکومەتەوە سەبارەت بەپێدانی زەوی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دروستبوو، باسی زیادەڕەویی‌و لادان لەیاساو بابەتی سامانی نیشتمانی هاتە کایەوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ڕێگری لەزیادەڕویی‌و لابردنی لەسەر زەوی‌و زارو موڵکی دەوڵەت ژمارە (3)ی ساڵی 2018 مادەی دووی یاساکە باس لەئەرکی وەزارەتی شارەوانی دەکات سەبارەت بەفیڕۆدانی زەوی‌و موڵکی گشتی‌و زیادەڕەوی لەسەر زەوی بەهەموو جۆرەکانیەوە.

ئامانجی یاساکە وەزارەت پەیوەستدەکات بەڕووبەڕووبونەوەی زیادەڕۆکارو سزادانی تەجاوزکارە.

سەیرە لەسەر مافێکی ڕەوای زیندانیانی سیاسی‌و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال کە پاساوی یاسایی‌و فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەیە وەزیر دێتەدەنگ.

لەکاتێکدا دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبون ئەرکی حکومەتەو مافێکی ڕەوای هاوڵاتیانەو پرەنسیپێکی گەردونیە.

خۆشحاڵم کە لەیاسای زیندانە سیاسیەکاندا ژمارە (11) ساڵی 2011 لەپەرلەمان بەپێشنیازی بەندەو پشتیوانی پەرلەمانتاران ئەو مادەیە چەسپێنرا کە زیندانیانی ئەنفال ئەوانەی نوگرە سەلمان‌و تۆپزاواو ڕاگیراوانی تر سودمەندبن لەئیمتیازاتی دابینکراو لەم یاسایە.

لەمادەی پێنجی بڕگە دووەم هاتوە: ئەو حوكمدراوو گیراوە سیاسیانەی كە لەهەڵمەتەکانی ئەنفال ڕزگاریان بووە سوودیان لەحوكمەکانی یاساى ماف‌و ئیمتیازاتى خاوەن شەهیدو ئه‌نفالكراوه‌كانى هەرێمی كوردستانی عیراق مادە (11)ى ساڵی 2007 وەرنەگرتو سودمەند دەبن.

لەم سۆنگەیەوە پێویستە حوکمەکانی ئەم یاسایە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و حکومەتەوە جێبەجێبکرێت.

سەبارەت بەلێدوانی وەزیری شارەوانی پێشنیازدەکەم ئەنجومەنی وەزیران سەرنجڕاکێشان بداتە وەزیری شارەوانی‌و سزای بدات لەبەرامبەر بەرهەڵستکاری بۆ پێدانی مافی ڕەوای کەسوکاری ئەنفالەکان‌و زیندانیانی سیاسی.

لەهەمانکاتدا ئەو جەدەلە بکرێتە دەرفەت بۆ هاندانی وەزارەت بۆ ڕاگرتنی ئەو لێشاوە زیادەڕەویانەی کراوەتەسەر موڵکی گشتی‌و بەپێی یاسای وەزارەت دەبێ ڕێگری لێبکەن‌و پارێزگاری لەسیمای شارەکان‌و زەویەکانی موڵکی گشتی بکەن.

هەروەها هاتنەوەی یادی ئەنفال (14ى 4) بکرێتە دەرفەت بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی خزمەت بەکەسوکاری شەهیدو ئەنفالەکان دەکەن‌و تەواوکردنی پڕۆژەی مۆنۆمێنتەکان‌و دروستکردنی وەفدێکی باڵای حکومەت بۆ بەغدا سەبارەت بەقەرەبووی قوربانیانی جینۆساید.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی