لەنێوان پاپاو بەرهەم ساڵحدا

14/04/2021

حەمزە مستەفا

زۆرینەی هەرە زۆرمان بەسەركردەی دەوڵەتە زلهێزەكان‌و مەڕجەعە ئاینی‌و هزری‌و سیاسییەكانی جیهان‌و ناوچەكەشەوە، كۆكین لەسەرئەوەی كە سەردانەكەی پاپا فڕانسیس پایای ڤاتیكان بۆ عێراق ڕووداوێكی مێژووی بوو، سەرباری هەموو ئەوەی لەڕووی میدیایی‌و سیاسییەوە لەبارەیەوە گوتراوە؛ هەر لەساتەوەختی گەیشتنی بۆ بەغداو سەردانی پارێزگاكانی دیكەو دیداری لەگەڵ سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵای نەجەف، دەكرێت لەئایندە زۆر شتی لەسەر بنیات بنرێت.

ئەم سەردانەی پاپا وایكرد بۆ یەكەمجارو دوور لەهەموو تێزێكی تیۆری بیرمەندانی خۆرئاوا كە دیارترینیان سامۆئیل هنتكتۆنە كە تێزەكەی باس لەپێكدادانی شارستانییەتەكان دەكات، ژینگەیەكی لەبار بۆ  گفتوگۆو دانوستانی ڕاستەقینەی ئاینی‌و ڕۆشنبیری بڕەخسێت‌و بێتەكایەوە.

دەكرێت بڵێین كە وتارەكەی قەداسەتی پاپا لەو ئاهەنگەی لەسەرۆكایەتی كۆمار لەبەغدا بۆی سازكراو كۆمەڵێك لەگەورە بەرپرسانی عێراق ئامادەیبوون، گوزارشتبوو لەگرنگی بایەخدان بەئامادەسازی بۆ گفتوگۆیەكی ڕاستەقینەی ڕاستەوخۆ، هاوكات وتارەكەی سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح لەبەردەم پاپاو بەرپرسانی وڵات، هاوتەریب‌و گونجاو بوو لەگەڵ ئەو دۆخە گشتییەی كە هەموولایەك لەئێستادا پێویستیان پێیەتی بەمەبەستی كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ، بەوپێیەی دەمانەوێت بچینە ناو سەردەمێكی تازەوە كە برایەتی‌و لێكتێگەیشتن‌و هاریكاری لەهەموو بوارەكاندا ناونیشان‌و دروشمی بێت.

لەوانەیە ئەو قسانەی پاپا كردنی لەدوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆما كە لەڕێگەی پەیامێكەوە بەمدواییانە ئاراستەی سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵحی كرد، بەرجەستەیەكی تێروتەواوی ویست‌و ئارەزووی قەداسەتی بێت كە ئەمە دوا سەردانی نابێت بۆ عێراق، خودی پاپا ئەو سەردانەی بەسەردانی حەج‌و تۆبەكردن لەقەڵەمدا، بۆیە سەردانەكە تەنها سەردانێكی پڕۆتۆكۆڵی نەبوو، بەڵكو سەردانێك بوو بۆ دەستپێكردنی قۆناغ‌و سەردەمێكی تازەی گرێدانی پەیوەندی لەنێوان ئایین‌و ڕۆشنبیریی‌و شارستانییەتەكاندا.

قەداسەتی پاپا لەپەیامەكەیدا وتی:"لەو چەند ڕۆژەی لەگەڵ عێراقییەكان بەسەرم برد، بەڕوونی هەستم بەوەكرد كە جیاوازی ئایینی‌و رۆشنبیریی‌و نەژادی كە كۆمەڵگای عێراقی پێدەناسرێتەوە، دەكرێت ببنە بنەماو پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ عێراق‌و هەموو جیهان".

قەداسەتی پاپا ئەوەشی وت:"عێراقی ئەمڕۆ زۆر پێویستی بەوەیە بۆ هەموو جیهان بەگشتی‌و بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بسەلمێنێت كە سەرباری پێكهاتە جیاوازەكەی دەتوانێت بەتەبایی بژیت‌و لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی مەدەنیانەو پتەوكردنی ڕایەڵەی لێبوردەیی‌و بەیەكەوەژیان، برایانەو ئاشتییانە هاریكاری یەكتر بكەن، ئەم بەیەكەوەژیان‌و تەباییەش بكەنە كەرەستەیەكی خزمەتگوزاری بۆ برەودان بەگیانی چاكەكاری‌و زیندووكردنەوەی ئومێدو هیوا لەپێناو بنیاتنانی ئایندەیەكی باشترو پڕشنگدارتر".

پاپا لەپەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا: "جەنابی سەرۆك كۆمار؛ دەمەوێت لە قوڵایی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی ڕاستەقینەی خۆمت پێڕابگەیەنم سەبارەت بە هەموو ئەو كارانەی كردووتانن و لە ئێستاشدا لەسەریان بەردەوامن لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكگرتووی لێوانلێو لە گیانی برایەتی و پێكەوەهەڵكردن و بەیەكەوەژیان".

ئەگەر كاكڵە و ناوەرۆكی پەیامەكەی پاپا بۆ سەرۆك بەرهەم لەگەڵ ئەو وتارەیدا گرێ بدەین كە لە بەغدا پێشكەشی كرد كە وڵامێك بوون بۆ وتارەكەی سەرۆك كۆمار، هەروەها ئەو دوو بەیاننامەش كە لەلایەن دەوڵەتی ڤاتیكان‌و مەڕجەعی باڵای نەجەفەوە دەرچوون؛ ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئەوەی لەو سەردانەو دوای سەردانەكەش ڕوویاندا لە سەرجەم بوارەكاندا، گوزارشت لەویست‌و ئارەزوویەكی ڕاستەقینەی بەهێزو بوونی مەودایەكی باش‌و لەبارو گونجاو دەكات بۆ برەودان بەهاریكاری و لێكتێگەیشتن لە عێراقدا، چونكە عێراق بەو توانست و لێوەشاوەییە جۆراوجۆرانەی هەنی، دەتوانێت ببێتە پێگەیەكی بەهێز بۆ دەستپێكی گفتوگۆیەكی ڕاستەقینەی نێوان ئاین و ڕۆشنبیریى‌و  شارستانییەكان.

هێشتا كات گونجاو لەبارە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جدی و بونیادنەر، لەو باوەڕەشدام سەرۆك بەرهەم شیاوترین كەسێكە كە لە قۆناغی ئایندەدا بتوانێت ئەو ڕۆڵە مێژوویە بگێڕێت.

 

نوسینی: حەمزە مستەفا
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی