رەمەزان حاشا لەڕۆژوو دەکا!!

14/04/2021

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

ڕەمەزان بەدەر لەوەی پەرستشێکی ئاینیەو تێکرای ئایینە ئاسمانیەکان جەختیان لەسەر ئەنجامدانی کردوەتەوە لەگەڵ بوونی جیاوازی کات‌و چەندو چۆنیەتەکەی، بەڵام بۆخۆی دەتوانرێت وەک ئەوەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیەو ڕەنگدانەوەیەکی مرۆیی‌و کۆمەڵایەتی هەیە ئێمەش لەدەروازەی کۆمەڵناسی ئاینیەوە لاکردنەوەیەکمان بۆی هەبێت‌و پاشان سەرەتەقێیەکی مەعریفی‌و فەلسەفی لەپشت ئەنجامدانیەوە بکەین بگەڕێین بۆ مانادان یان دۆزینەوەی مانا بۆی.

یەکەم: ڕۆژوو وەک داخوازێکی ئایینی‌و دەرکەوتەیەکی ئاینداری لەنێو ڕەفتاری مرۆییداو لەنێو کۆمەڵگەکەکاندا بوونی هەیە، بەڵام ئەم داخوازە ئاینیە ئامانجی مرۆیی‌و کۆمەڵایەتی لەپشتە، بەمانا لەم پەرستشە تاکی‌و مرۆییەدا ئامانج‌و واتایەکی جیا لەوەی لەڕوخساریدا ئامادەیە بوونی هەیە، کەخۆی لەڕێککردنی ژیانی کۆمەڵایەتی‌و ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە، کەئەوە لەجەوهەری ئایندا جێگیرکراوە، بەمانا بەو پێیەی ئاین نەهاتووە بۆ ئەوەی ئێمە لەلافاوو کارەساتە سرووشتیەکان‌و لەگورگ‌و درندەکان بپارێزێت، بەڵکو هاتووە مرۆڤ ڕێنوێنی ڕەفتاری مرۆیی بکات‌و لەمامەڵەی هەڵەی خۆی، خودی خۆی (مرۆڤ‌و مرۆڤەکان!!)و سروشت‌و ژینگە بپارێزێت، واتە یەکەم فەلسەفەو ئامانجی ئاین پاراستنی گەردوونە لەدەست‌و نیازی ئەنانیەت‌و چەپەڵی‌و گەندەڵی مرۆڤ بەخودی مرۆڤەکانی هاوشێوەشیەوە لێرەوە ئاین لەویستیدایە دەستی مرۆڤ بگرێت تا زیان بەمرۆڤ‌و سروشت‌و ژینگەو دانەکانی نەگەیەنێت.

کەواتە بۆ ئەمەش ڕۆژو بەشێکە لەو کوشتنی ئەنانیەت‌و حەزو خواستە جەستەیی‌و بایەلۆژیانەی کە دەکرێ مرۆڤ سەرە ڕۆبکەن‌و قەپی بەردەوامی ویست‌و حەزو تەنها بۆ خۆویستی تیابەرقەراربکەن‌و ڕۆژوش وەک هۆکارێکی بریندارکەرو سەرکۆنەیەکی خودیانەی ئەو شتانە بێت بەناوی پەرستشەوە.

دووەم: بەتێروانین‌و فەلسەفەی ئاینی، مرۆڤ وەک هەر ئاژەڵێک بونیەیەکی هەیە دەتوانرێت ڕابهێنرێت، تا بەئیمرۆش مۆدێرنەو پرسی گەشەپێدانی مرۆیی ئەو بۆچوونەیان رەتنەکردوەتەوە کە بەڵێ لەنێو مرۆڤدا جۆرێک لەئامادەباشی ڕاهێنانندن بوونی هەیە، کەواتە رۆژوو لەئایندا جۆرێکی خۆراهێنانی مرۆییە، بۆ کپکردنەوەی حەزو خواست‌و پێداویستیە هەمیشەیی‌و غەریزیەکانی، لێرەوە تا چەندە مرۆڤ لەو دەقگیریەی کەهەردەم بەشوێن پڕکردنەوەی حەزو ئارەزوەکانیەوەیەتی، ئەوا ئەم ماوەیەشی داناوە بۆ پێچەوانەبوونەوەی ئەو خواست‌و غەریزەو ئارەزووە بەردەوامانەیی‌و بەئەنقەست لەوانە بۆماوەییش بێت خۆی بگرێتەوە.

لەم سۆنگەوە  ئاین پێیوایە کە ئەوەی کە ئارەزووەو حەزوو داوای جەستەیی مرۆییە، مادام بۆ بەردەوامی (بەشە فیزیک‌و بایەلۆژیاکەیەتی‌و مرۆڤ دەتوانێن کۆنترۆڵی بکات!)، کەواتە ئەو ئارەزوو خواست‌و داوا بەردەوامانەی مرۆڤ دەکرێت لەقاڵببدرێن‌و ڕابهێنرێن‌و لەو سنوورەی کەخزمەتی مرۆڤ‌و کۆمەڵگاو ئاسایش‌و بەردەوامی مرۆڤایەتیەوەن ڕێکبخرێنەوەو ویستی چاکەو چاکویستی بۆهەموان نەک تەنها بۆ خود بکرێتە هەوێنی ڕەفتارو جووڵە مرۆییەکانەوە.

سێیەم: ئایین هەردەم ویستوویەتی گشت بپارێزێت لەدەستی تاک، کە بە(تاغووت) ناوزەدی کردووە، لێرەوە ڕۆژوو کوشتنی ئەو حەزە تاغوتیە خودیەی مرۆڤە بەوەی کەفێری بکات دونیا هەرهی ئەو نیەو هی هەموانەو ژیان‌و خۆشی‌و سەرچاوەکانی ژیان بۆ مرۆڤایەتین، نەک بۆ کەسێک‌و تاقمێک‌و هتد، بەڵام مەخابن!!! لەگەڵ ئەم ڕاستیانەش کەچی ئیمرۆ ئەمانەی لێدەبینین:

یەکەم: خەمی جەستەو خەمی حەزوو ئارەزووەکانی مرۆیی لە رەمەزاندا زیاتر تۆخ دەکرێنەوە بەوەی کەهەرچی لەرۆژدا ئەگەر جۆرێک لە قەتیسکردن و شەکەتی و ئازارو مانووبن و کەمخۆراکی و ئاوی چێشتبێت، ئەوا هەر زوو بە خۆراکە قەبەو گرانبەهاکانی سەرسفرەی بەربانگ و پرکردن و تێرکردن و (کورد واتەنی هەقکردنەوەی رۆژ بەشەوی!!) مانای بۆ رۆژووگرتن نەهێشتوەتەوە.  لەبری راهێنانی جەستە لەخۆگرتنەوە تەنها گۆرینەوەی رۆژ بەشەوە.

دووەم: ویستی چاکەو نیازی باش و باوەر لە پێش هەرکردەیەکدا بوونیان نەبێت، ئیتر هەنگوینیش بەژەهری مار دەبرێت! بەمانا ئەوەی مانا بە ئاینداری دەدات (قال النبی (ص): ((لا یۆمن أحدكم حتى یحب لأخیه ما یحب لنفسه))؛ رواه البخاری ومسلم

بەمانا ئاین بۆ ئەوە هاتووە کەپێمان بڵێت ئەم سەرزەمینە هی هەموانە!! ژیانیش بۆهەموانە، هەندێکتان قۆرخی مەکەن بۆ خۆتان و ئەوانی تر زیتەی چاویان بێت!! باوەردار ئەوەیە کەچی بۆخۆتت ویست بۆ ئەوانی تریشت بوێت!!

بۆیە ئەکەر ئەم ویستەو ئەم نیازی چاکەو سوودە بۆ هەموانە لەلات بوونی نەبوو، رۆژوو یان هەر پەرستشێکی دیکە چ مانایەکی نیە.!!

لێرەوە رۆژووش نیازی چاک و کوێرکردنەوەی گیانی تەنیا بۆخۆویستی و هەرخۆویستی و فێرکردنی خۆ ئازاردان چونکە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی بۆ ئەوانیش ویستیدا تەزووی تەماعت بکوژێنێتەوە.

سێیەم: رەمەزان بۆخۆی مانایەکی هەیە بریتیە لەخۆگرتنەوە، خۆگرتنەوە لەخۆراک و ئەو شتانەی کە دەیانخەینە خزمەتی ورگو  غەریزەو جەستەمانەوە، بەڵکو پاشەکەوتیان بکەین بۆ خزمەتی مرۆڤ و کۆمەڵگەو ژیانی گشتیدا، واتە دەستگرتنەوە لەبەخەرجدانی پارەو سەرمایە بۆ کەیف خۆشی و خواردن و زیادەمەسرەفی،! مەخابن ئیمرۆ لەکوردەواری و ئەو کۆمەڵگانەی کەرۆژوو دەگرن بوەتە مانگی تەمەڵی و تەوەزەلی وکارنەکردن و بخۆری و خەوتن و زیادەمەسرەفی!! بێحەوصەلەیی و خۆگرتنەوە لەپەیوەندیە جوانەکانی مرۆڤ.بۆیە خەریکە رەمەزان حاشا لەو مانایانە دەکات کە کۆمەڵگەی نەریتی بۆی درووستکردووەو ئامانج و فەلسەفەکەی وونکردووە. ئیمرۆ رەمەزان حاشا لەو رۆژووە دەکات کە ماناو خواستی راستەقینەی ئاینی لێداچۆراوەو تەنیا وەک نەریتێک دووبارە دەکرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە