حزبەکانی کوردستان کاری پەرلەمانی بە(نۆرە گاگەل)و ئامرازی پاداشتدانەوە تێگەیشتوون!؟

03/05/2021

ئەبوبەکر هەڵەدنى

لەدونیادا پیادە (مومارەسە)ی سیاسەت‌و کاری سیاسی‌و پڕۆژەی سیاسی لەڕێگەی پەرلەمان‌و حکومەتەوە دەکرێت، بۆیە دەبینین لەو وڵاتانەی پرۆسەی سیاسەتکردن تیایدا تەندروستەو دیموکراسی لەسەرحاڵە، سەرۆک حزبەکان‌و کاراکتەرە بڕیار بەدەستەکان  سەرۆکی کوتلەی پەرلەمانین‌و لەناو حکومەت‌و پەرلەماندا بوونیان هەیە.

لەلایەکی تریشەوە کاری پەرلەمانی هەم ئەزموونەو هەم توانا، ئەزموون زۆر گرنگە بەچەند ساڵێک پەرلەمانتار لەئاستی ناوخۆو دەرەوەو میدیاو فەرمانگەو دامەزراوەکان دەناسرێت یان چاوی دەکرێتەوە تۆ بێیت لایبەریت، هەروەها تواناو لێهاتنە لەوتاربێژی‌و هێزی سەلماندن‌و پشوودرێژیی‌و ئازایەتی‌و کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی.

لەم ماوەی لەپەرلەمانی کوردستانم سێ پەرلەمانتارم بینی، بەزەییم بەوانەی لای خۆماندا دەهاتەوە:

1ـ پەرلەمانتارێکی (بەلجیکا) وتی (50) ساڵە ئەندام پەرلەمانم، خول هەبوە سەرۆک وەزیران یان وەزیر یان سەرۆک پەرلەمان یاخود پەرلەمانتار بووم.

2ـ سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەخولی پێشوو هاتە پەرلەمانی کوردستان‌و وتی:"(39)ساڵە ئەندام پەرلەمانم".

3ـ کە چووینە پەرلەمانی ئیتاڵیا سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئیتاڵیا وتی:"32 ساڵە ئەندام پەرلەمانم".

بۆیە بەدەست من بێت 50 ساڵی تریش (د.موسەنا، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، هۆشیار عەبدوڵڵا، نەجیب باڵەتەیی، شێرکۆ جەودەت‌و مەلا غەریب پێنجوێنی)هەڵدەبژێرمەوە.

کەواتە  نابێ ئەم پێگە گرنگە بکرێتە خەڵات‌و شاباش بۆ ڕاکێشانی بنەماڵەو عێل‌و عەشرەت یاخود ئامرازی پاداشتدانەوەی کادیرە حزبیەکان بێت، ئەگەر وامان نەکرد پەرلەمان دەبێتە ئەو مەخسەرەیەی وەک ئێستای پەرلەمانی کوردستان کە کەس ئیرەیی پێنابات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی