لەپرسی جولەکەوە بۆ پرسی فەڵەستین
مێژووی هەزاران ساڵ لەچەند دێڕێک
ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت پرسی فەلەستین لەئەساسدا پرسی جولەکەکان بوو. لەڕاستیدا پرسی فەلەستین لە 1948 لەگەڵ دابەشکردنی فەلەستین لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان سەرهەڵدەدات و تەمەنی کەمتر لە 100 ساڵە، بەڵام پرسی جولەکەکان بەو غەدرە دەستپێدەکات کە نەبوخوزنەسەری دووەم، پاشایەکی بابلییەکان، لەجولەکانی دەکاتو تەمەنی زیاتر لە 2500 ساڵە. نەبوخوزنەسەر لە586ی پێش زاینی بەزۆرەملێ جولەکەکان لەئیسرائیل دەگوێزێتەوە بۆ کەنارەکانی شاری بابل لەمیزۆپۆتامیا.
هاوکات، نەبوخوزنەسەر زێڕو زیوی ئەو پەرستگایەی جولەکەکانیش دەدزێت کە لەماونت تێمپڵ (پەرستگای سەر شاخەکە، ناوەکەتان لەبیرنەچێت) لە 957ی پێش زاینی دروستکرابوو، دواتریش پەرستگاکە وێراندەکات. لەگۆرانییەکی تیپی بۆنی ئێم کە لە1979 گوتراوە ئەم نەهامەتییە خراوەتەڕوو.
جولەکەکان بۆ سەدان ساڵ لەسەر دەستی فیرعەونەکانی میسر ئازارو دەربەدەری زۆریان چێشت، لەوێ فڕێ دەدرێن بۆ ئەوێ، وەک تۆپ. لەگەڵ هاتنی ڕۆمانەکانیش بۆ ناوچەکە ئیدی دەردەسەری جولەکەکان ئێجگار گەورە دەبێت بەتایبەتی کە ڕۆمانەکان تەبەنی دینی کرستیانی دەکەنو لە شوێنی پەرستگاکەی سەر شاخ کڵێسایەک دروستدەکەن. کاتێک موسڵمانەکان دێن، عومەری بن خەتاب و یاوەرانی کڵێساکە دەڕوخێننو مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر هەمان ئەو گردەی کە پەرستگای جولەکەکانی لێبوو لە شوێنی کڵێساکە دروستدەکەن. چەند ساڵێک دواتر عەبدولمەلیک بن مەروان قوبەتلسەخرە دروست دەکات ڕێک لەسەر ئەو شوێنەی کە پەرستگای سەر شاخەکەی لێدروستکرابوو، لەسەر نیمچە ئەشکەوتێکی بچوک کە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان سەردانی کردوە.
بێجگە لە گرنگی پەرستگاکە بۆ جولەکەکان، هەر ئەو شاخەی، کە ئەو هەموو پەرستگاو مزگەوتو کڵێسەی لەسەر دروستکراوە، لای جولەکەکان پیرۆزییەکی تایبەتیی هەیە. جولەکەکان پێیانوایە کە ئەو شاخەی کە پەرستگاکەی لەسەر دروستکراوە یەکەمین بەردی، یان بناغەی، دروستکردنی زەوییە لەلایەن خواوە. ئەمەش شاخەکە دەکات بە چەقی زەوی، چەق لێرە مەبەست ناوکی زەوییە نیە. بەڵکو ئەو خاڵەیە کە بنیاتنانی زەوی لێیەوە دەستپێدەکاتو نزیکترین خاڵە لە ئاسمان. هاتنی پێغەمبەری موسڵمانان بۆ قودس، بۆ سەر ئەم شاخەو لەوێش چوونی بۆ ئاسمان لە ئیسراو میعراج هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاخەکە چەقی زەویو نزیکترین خاڵە لە ئاسمان، بۆیە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان هاتۆتە ئەم شاخەو لەوێشەوە چووە بۆ لای خوا.
کاتێک خاچپەرستەکان دێن، مزگەوتی ئەلئەقسا دەکەن بە تەویلەی وڵاغانو کڵێسا کۆنەکە هەر لەسەر شاخەکە دروستدەکەنەوە. کە سەلاحەدینی ئەیوبی خاچپەرستەکان دەردەکات لە قودس، مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر کڵیسا کاوڵبووەکە نۆژەن دەکاتەوە.
لەم هینەو بەردەدا جولەکەکان لە هەمووان زیاتر زەرەرمەند بوون چونکە ئەوەی ڕووخاوەو تێکدراوەو دروستکراوەتەوە لەسەر ئەو شاخە دروستکراوە کە جولەکەکان یەکمجارو یەکەم پرستگای دینی خۆیان لەسەر بنیادنابوو. ئێستا پەرسگاکە کەوتۆتە بنی بنەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی کە موسڵمانان قوبەتولسەخرەیان لەسەر دروست کرد. لەو نێوەدا جولەکەکان لە هەمووان زیاتر، لە سەردەمی نەبوخوزنەسەر تا وەعدی بەلەفۆر، بێدەسەڵاترو دەربەدەرکراوتر بوون.
لەمانەش گرنگتر، ئەو هەموو شەڕو ماڵوێرانیە لەسەر خاکو شاخو پەرستگاکەی جولەکەکان بووە مایەی ئاوارەیی هەزاران هەزار جولەکە بەسەرتاسەری دنیادا. لە ئاوارەییدا، بەگشتی جولەکان لەلایەن موسڵمانەکان باشتر داڵدەدراون لەوەی کە کرستیانەکان لە ڕۆژئاوا مامەڵەیان لەگەڵ کردون.
لە سەدەکانی ناوەڕاست لە تەواوی ئەوڕوپا بەتایبەتی لە ئیسپانیا بەشێکی زۆر لە جولەکەکان بە زۆروزۆرداری کران بە کریستیان، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە دنیای موسڵمانان کردەوە بەتایبەتی لەوەی ئێستا پێیدەگوترێت فەلەستینو مەغریب. لە سەدەی بیستیش لەلایەن نازییەکانەوە نزیکە شەش ملیۆنیان لێ جینۆساید کرا. بەڵام پێش جینۆسایدکردنیان جولەکەکان لە شاری بازل، لە سویسرا، کۆنفرانسێک دەبەستنو بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان دەدەن لە نیشتیمانی ئەژدادو ئابائیان.
هەوڵەکانی جولەکەکان بەسەرۆکایەتی هێرتزل وەعدی بەلفۆری لە1917دا لێ شین دەبێت، کە بهریتانیای مەزن بڕیاردەدات پشتیوانی جولەکەکان بکات لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان. جینۆسایدەکەی نازییەکان وایکرد کە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پشتیوانی لە بیرۆکەکەی جولەکەکان لەگەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیلو دروستکردنی دەوڵەتێک بکات.
لەگەڵ هاتنی بەریتانیا بۆ ناوچەکەو دەرپەڕاندنی عوسمانییەکان، ئیدی جولەکەیەکی زۆر لەسەر داوای سەرکردەکانیان گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، هەم هێزی سەربازیان بنیاتنا هەم خاکو زەویان لە عەرەبەکان کڕی. لەوانەش گرنگتر لە کارە دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام بوون.
کاتێک بەریتانیا لە1947 بڕیاری کشانەوە دەدات لەفەلەستین، ئیدی پرسەکە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین لە1948 دەدات. نزیکەی نیوەی خاکی فەلەستین درا بەعەرەبو لەنیوی کەمێک زیاتر درا بەجولەکەکان، بەڵام زیاتر بیابان بوو ئەوەی بەر جولەکەکان کەوتبوو. فەلەستینیەکان پێشنیارەکەیان قەبوڵنەکردو جولەکە قەبوڵیان کرد. لەم نێوەدا عەرەبەکان شەڕیان بە جولەکەکان فرۆشتو جولەکەکانیش لەبەرئەوەی باشتر خۆیان بۆ شەڕ ئامادەکردبوو ئیدی خاکێکی زۆریان لەفەلەستینیەکان داگیرو زەوتکردو بەملیۆنانیان لێ ئاوارەکردن. لەوکاتەوە، واتە لە 1948، ئەوەی وەک پرسی جولەکە ناسرابوو ئیدی بوو بەپرسی فەلەستینییەکان.
لەبەشی داهاتوو، قسە لەسەر پرسی فەلەستینیەکان دەکەم لە 1948وە تائێستا. لەبەشی سێیەمیش قسە لەسەر دوا پێشهاتەی شەڕی حەماسو ئیسرائیل دەکەم.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی