با شەرمەزاری هەردوو لا دەرنەچین!

15/05/2021

مەجید ساڵح

(١)
شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینەکان، رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ زیاتر، بۆ ئەو سەردەمەی پێغەمبەری ئیسلام لە فەرمودەیەکدا کە  (أبی هریرە)  گێڕاویەتەوە و دەڵێ: “لا تقومُ الساعەُ حتی یقاتڵ المسلمون الیهودَ ، فیقتلُهم المسلمون حتی یختبی‌وَ الیهودیُّ من ورا‌وِ الحجڕ و الشجڕ، فیقولُ الحجرُ أو الشجرُ: یا مسلمُ یا عبدَ اللهِ هژا یهودیٌّ خلفی ، فتعاڵ فاقْتلْه...”٠ واتا دنیا ئاخری نایەت تا موسڵمانەکان شەڕی جولەکەکان دەکەن و موسڵمانەکان دەیانکوژن و ئەوانیش لە بن دار و بەرددا خۆیان حەشار دەدەن و دار و بەردەکانیش دەڵێین ئەی موسڵمان ئەی بەندەی خوا ئەمە جولەکەیەکە وەرە بیکوژە.. 

(٢)
لە شەستەکاندا کە ئەو دەمە باو باوی کۆمنیستی بوو، بەشێک لە کورد بە شێوازی جیاجیا پشتیوانی لە فەڵەستینەکان دەکرد و هەندێ لە سیاسیەکانی کورد پێیەکیان لە لای رێکخراوەکانی فەڵەستین و پێیەکی تریان لە کوردستان بوو، بە دەگمەن شاعیرێکی کورد هەیە شیعرو شانامەی بەسەر فەڵەستیندا نەوتبێت..
بەشێکی تریش دۆستایەتی کۆنی خۆیان لەگەڵ ئەوجولەکانەی لە کوردستاندا ژیابوون زیندوو کردەوە و ماوەیەک مۆساد و داودەزگا ئیسرائیلییەکان لە کوردستاندا تەراتێنیان بوو... بەڵام کاتێک کورد لە ساڵی 1975 دا لێی قەوما و شۆڕشەکەی هەرەسی هێنا، فەڵەستینیەکان ورتەیان لە دەم دەرهات نەهات و ئیسرائیلییەکانیش خۆیان کرد بە کەڕەی شەربەت و لە کولەکەی تەڕیڕیشدا باسی کوردیان نەکرد..

(٣)
ئیسرائیل و عەرەب هەر ماوەیەک جارێک شەڕی کۆنە قینی خۆیان دەکەنەوە. عەرەب دەیەوێت هەموو جولەکە بکوژێت بۆ ئەوەی دنیا ئاخری زوو بێت و ئیسرائیلیش لە ترسی ئەوەی وەکو (بەنی قورەیزە و بەنی نەزیر)یان لێ نەیەت و قەڵای خەیبەریان بەسەردا نەڕوخێت، بە هەموو هێزەوە لە عەرەبەکان دەدەن..
بەڵام سەیر لەوەدایە لە هەموو شەڕێکی عەرەب و جولەکەدا، وەػ بڵێی خۆمان کێشەمان کەم بێت،  کوردە بۆرە دەمار دەیگرێ و بەشێک دەبێتە برای پشتیوان بۆ عەرەب و بەشێکی تریش لە رقی ئەوی دیکەدا، لە جولەکە جولەکە ترە...

شەڕی جولەکە و عەرەب بە ئێمە یەکلایی نابێتەوە، بەڵام بەو خەستیە پشتیوانی لە یەکێکیان جگە لە فراوانکردنی درزی نێوان کۆمەلگاکەمان هیچی لێ ناکەوێتەوە.. وازیان لێ بێنن ئەوان دوایی ماندوو دەبن و بەرژەوەندی خۆیان لە ئاشتیدا دەبیننەوە و ئیتفاقیە دەکەن، ئەو کاتە ئێمە لەو بەینەدا شەرمەزاری هەردولا دەردەچین..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی