پەكەكە، هاوپەیمانی دوێنێ‌‌و تیرۆریستی ئەمڕۆ!!!

07/06/2021

هەژار ئەنوەر

ئەگەر وابڕوات دۆخێكی خراپ چاوەڕێمان دەكات ئەویش جگە لەزیانی كورد خۆی كەسی تر نییە، میللەتی كورد لەشەڕی یەكتركوژی مێژوویەكی خراپی هەیەو  تائێستاش باجەكەی دەدات، بەدووبارەبوونەوەشی لەبچووكبوونەوە زۆر گەورەترە.

محەمەدی حاجی مەحمود دوێنێ‌ وتی لەساڵی 1992 یەكێتی‌و پارتی بەحزوری مام جەلال‌و كاك مەسعود لەماڵی كەریم خانی برادۆست، ڕێككەوتن كە پەكەكە ڕەوانەی قەندیل بكەن، تائێستاش هیچ زمانحاڵێکی ئەو دوو حزبە ئەوەیان ڕەتنەكردۆتەوە، ئایا پەكەكە خاكی داگیركردووین.

ئەم قسەیەی محەمەدی حاجی مەحمود شتێكی بیرخستمەوە، كاتێك مەخمور كۆنتڕۆڵكرایەوە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگەو گەریلاو سوپای عێراق‌و  هاوپەیمانان بەیەكەوە شەڕی بەرگریكاریان لەخاك‌و نیشتمان‌و مرۆڤایەتی دەكرد، هەر ئەوكاتە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەو كەمپەی مەخموری كرد كە پێرێ‌ بۆردومانكراو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەكەكە كۆبۆوەو دەستخۆشی لێكردن كە هاوشانی پێشمەرگە شەڕیان دژی تیرۆیستان كرد، لە16ی ئۆكتۆبەریش شەڕیان كرد.

هەركات یەكێتی بچێتە ژێرباری شەڕكردن دژی پەكەكە بەهەر بیانوویەك بێ‌، ئەوە ڕاگەیاندنی مردنی حزبەكەیە، بۆیە تا ئەوساتەی قسە دەكەین تەنها شەڕكردن ئەگەر ڕووبدات لەنێوان پەكەكەو پارتیە، ئەگەر ئەو شەڕەش ببێتە کرداری، ئەم شتانەش روودەدەن.

1.    شەهیدبوونی چەند سەد پێشمەرگەیەك‌و گەریلایەك.
2.    قوڵبوونەوەی خراپیەكان دەیان هێندەی ئێستای دۆخی سیاسی.
3.    وێرانتربوونی دۆخی دارایی‌و ئابووری.
4.    دورکەوتنەوەو خراپبوونی زیاتری پەیوەندیەكانی هێزە سیاسیە كوردیەكان.
5.     دەستگیرکردنی چەندین كەسی دیكەو زیندانیكردنیان بەزیندانی سیاسی.
6.    ماوەی ئاساییبوونەوەی دۆخەكە درێژدەبێتەوە.
7.    توركیا، بەبێ‌ هیچ زیانێك سوودمەندو سەركەوتوودەبێت، بۆ مەودادرێژ.

نابۆ یەكتركوژی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی