باشترین کوردی زیندوو

11/06/2021

عەتا کەریم

توركیا، لە مێژە لە هەرێمی كوردستانە، ئامادەییەكەی ئابووری و بازرگانی و هەواڵگری و سەربازییە، دەرگای هاتنە ناوەوەیشی لەرێی ئۆكەی هەولێرەبوە و لە ساڵی 1997ەوە بارەگایان هەیە، كە بۆ ئەركی ناوبژیوانی یەكێتی و پارتی لە شەڕی ناوخۆ هاتبوون! بەڵام تائێستاش هەرماون و نەرۆیشتوون، سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2013 دا پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی چوونە دەرەوەی ئەو هێزانەی لە خاكی هەرێم پەسندكردووە! و بەڵام نەک تورکیا نەچۆتەدەر بەڵکو زیاتر وفروانتر رۆدەچێتە ناوخاکی  هەرێم، بەهەر جۆر و هەنجەتێک بووە پارتی دیموکراتی کوردستان کە بانگهێشتکار و پێشرەوی تورکیایە بۆ هەرێم.
تەشقەڵە و سینارێۆی زینی وەرتێ و هەروەها رووداوی لێدانی مینهەڵگرەوەیەکی هێزێکی پێشمەرگە کە 5 پێشمەرگە بوونە قوربانی، دەرخەری ئەوەن کە بەهەر بیانویەک بێت ئاشووبێک لەم هەرێمە سازبکرێت و پەکەکە بیانووەکە بێت، لەمەسەلەی رۆژئاواش هەمان ئاوەز و دژایەتی پەیرەوئەکات وەکئەوەی تورکیا ئەیکات، ئەمەش روونە.
مەترسی و کارەساتی ئەم شەڕی بەوەکالەتەی بۆ تورکیا دەکرێت، کورد دۆراو قوربانی یەکەم، ئەگەر شەرێک لەنێوان پێشمەرگەی پارتی و گەریلای پەکەکە بقەومێت، کوژراوی هەردوولا کورد دەبن! تورکیاش ئەمەی دەوێت شەرێک لەدەرەوەی خاکی خۆی و هەردو لایەنی شەرکەریش کورد بێت،  مێژوویەکی شەرمەزاریش پێشوازی دەکات و ئەردۆگانیش بە باشترین کورد دەگات کە دەڵێت (باشترین کورد ئەوانەن کە دەمرن). بەو هیوایەی لەم ئەلفە بگەن و وەک کەسی کەس بن، باشترین کوردی زیندووبن. 
بەر لە هەموو شتێك لە بەرژەوەندی شكۆی كوردستانە، كە سەروەریی خاك و سنوور و ئاسمانی خۆی بپارێزێت و رێ بە هێزی دەوڵەتانی دراوسێ نەدات بە هەنجەتی جۆراو جۆر دەستدرێژ بكەن، بۆردومان و تۆبپاران بكەن، لەبەرامبەریشدا تەنیا بە ئیدانەیەكی شەرمنانە خۆی لە بەرپرسیارێتی راستەقینەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی شكۆ و سەروەریی بدزێتەوە، یاخود لەژێر عەبای رەشی بەرژەوەند و پەیوەندی حزبی لە بەرگی حكومی و دەسەڵاتی هەرێمیدا، كار بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی بكرێت بە تایبەتی توركیا.
رێگەی زۆر هەن كە هەرێمی كوردستان كاریان لەسەر بكات بەتایبەتی بەرامبەر بە ئەنكەرە لەم دۆخەدا، بەو پێیەی هەرێم پەیوەندی دیپلۆماتی و سیاسیی و نەوتی بەهێزی لەگەڵ توركیادا نەماوە و نوێنەرایەتییە حزبیەكانیشی لە ئەنكەرە دەركراون، هێزی سەرمایەگوزاری و بازرگانی هەرێم لە كەرتی هاوردە بۆ توركیا جگە لە نەوتێكی كەم، لە ئاستی نەبوودایە، هەروەها پەیوەندی سیاسییەكەشی هەرخراپە ئەوانەش لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی پارەوە لینكەكان بچڕان و زۆریشیان نەمان، بەڵام توركیا هەژموونی سیاسیی و سەربازیی و ئابووری و هەواڵگری خۆی بەسەر هەرێمدا زیاتر و زۆرتر دەسەپێنیت، كە گەیشتۆتە داربڕینەوە و تێکدانی سروشتی کوردستان. 
دوو ساڵ لەمەوبەر ئەردۆغان راشكاوانە بە دەسەڵاتدارانی عیراقی وت، كە بۆ لێدانی پەكەكە مۆڵەت لەكەس وەرناگرن و كاری خۆیان دەكەن، بەو واتایەی هەر كاتێك نیازی هەبوو، بەبێ فەرموو دێنە هەرێمەوە و پردی پەڕینەوەكەشیان لەرێی هەولێرەوەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی