بەشی دووەم:
عوسمانیەکان شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان سپاردبوو بەو فیوداڵ (دەرەبەگانە)ی خۆیان دیاریان دەکردن، ئەوەی بەلای سوڵتانەوە گرنگبوو دەرەبەگەکان باجیان بۆ کۆبکەنەوەو لەکاتی جەنگاکانیشدا سەربازیان بۆ ئامادەبکەن، چیدی ئەو دەرەبەگە چۆن ناوچەکەی ژێردەستەڵاتی خۆی بەڕێوەدەبرد بایەخێکی ئەووتۆیان پێنەداوە.
لەسەرەتادا زەویەکانیان بەسیستەمی تیمار (دیرە) بەدەرەبەگەکان داوە، دواتر لەسەدەی نۆزدەهەمدا پێداچوونەوەیان بەسیستەمی ئیدارییو موڵکەکانی دەوڵەت (میری)دا کرد بەناوی تاپۆوە زەویەکانیان تۆمارکردەوە بەسەر فیوداڵەکاندا، ڕێژەی 12%ی ئەو باجو سەرانەیان بۆ فیوداڵەکان دیاریکرد بۆخۆیان بێت لەبەرانبەر کۆکردنەوە (جبایە)دا.
بەهۆی تاپۆوە (خاوەنداریی زەویو زار)و دەستەڵاتی کۆکردنەوەی باجو سەرانەوە لەسەدەی نۆزدەوە، چینێکی نوێی دەسەڵاتداری فیوداڵ لەناو کۆمەڵگەدا پەیدابوون کە جگەلەوەی مەلاک بوون، تێکەڵاوی سیاسەتی ئابووریو ئیداری دەوڵەتیش بوون.
لەهەرسێ ولایەتی موسڵو بەغداو بەسرەش لەسەردەمی ولایەتی مەدحەت پادشادا 1822-1884دا تاپۆ بەسەر فیوداڵە لایەنگرەکانی سوڵتاندا دابەشکرایەوە. تا سەردەمی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیو دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، لە 92%ى زەویو زاری ئەو سێ ولایەتە موڵکی چەند بنەماڵەیەکی فیوداڵ بوون، لە85%ی ولایەتی بەسرە کە ئیمارەتی مەنتەفەقی بەسەرەوەبووە موڵکی ماڵی ئال سەعدونو ئال مەنتەفەق کە بنەماڵەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی بوون، ولایەتی بەغدا لە90%ى موڵکی بنەماڵەکانی چەلەبیو شەمەرو جبوور بوونو ولایەتی موسڵیش لە80%ى موڵکی بنەماڵەکانی جەلایریو جافو بەرزنجی بوون، کۆی ئەو ڕێژەیەی مابوویەوە دابەشبوو بەسەر بنەماڵە فیوداڵە بچوکەکانی دیکەدا.
دەسەڵاتی فیوداڵەکان لەسەردەمی حوکمی پادشایەتیو بەریتانیەکاندا لەعێراقدا وەک خۆی مایەوە، فیوداڵەکان بەشداری ڕاستەوخۆیان لەدەستەڵاتدا پێکرایەوە، سەرۆک هۆزەکانیان کرانە ئەندامانی مەجلیسی نەوابو مەجلیسی ئەعیان کوڕو نەوەکانیشیان لەسوپادا بەشداریان پێکرایەوە، لەسەردەمی پادشایەتیشدا هەمان ڕۆڵو پێگەیان لەدەوڵەتدا مایەوە تا کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم 1958و بڕیاری ڕیفۆرمکردنەوەی زەویو زارو دەسەڵاتەکانی فیوداڵەکان.
لەدژی بڕیاری ڕیفۆرمەکەی کۆمارەیەکان (قاسم) هەندێک لەو فیوداڵانە بەسامانەکانیانەوە هەڵهاتن بۆ دەرەوەی عێراق، بەشێکیان لەدژی قاسم تێکەڵاو بەبەعسیەکان بوون، بەشێکی دیکەشیان چەکیان هەڵگرتو دایانە شاخو لەدژی حکومەتی کۆمارەیەکان کەوتنە جەنگەوە..
ماویەتی ...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی