دوو پەیام بۆ پەکەکە

12/06/2021

ئاری محەمەد هەرسین

نێوانی ئێمەو پەکەکە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دژوارتر دەچێت، هەندێک لەبرادەرانی یەکێتی خەریکن خۆیان ئەکەن بەمامۆستای ڕێنمایی ئاشتیی‌و تەبایی‌و خێری زیندە، کەسانێک کە هیچ باجێکی شەڕی نەگریسی براکوژیان نەداوە، خۆیان لەئێمە کردۆتە باڵوێزی ئاشتی، وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە هەمویان ئاشتیخوازبن‌و تاکە شەڕخوازی مەیدان پارتی بێت.

ئێمە نە حەزمان لەشەڕی براکوژیەو نە موبادەرەی هەڵگیرسانیشی ئەکەین، بەڵام عەنتەریش لەکەس قبوڵناکەین، تەنانەت ئەگەر ئەوکەسە براکەمان بێت کە پەکەکەیە، پەکەکە کوردەو برای ئێمەیە، بەڵام برایەتی مانای ئەوەنییە کە لایەک خۆی بەمودیرو مەسئولی نیشتیمان بزانێت‌و هیچ حسابێک بۆ دەستکەوتەکانی براکانی تری نەکات‌و تەنانەت بیەوێت وەک مشەخۆر خۆی بێتەسەر سفرەی حازرو ماڵی براکەشی بەناوی دڵسۆزی‌و شۆڕشگێڕیەوە وێران بکات.

دوو خاڵی گرنگ وەک مەسجێکی زۆر ڕاشکاوانەو ڕوون گرنگە پەکەکە لێی تێبگات:

یەکەم: ئەگەر پەکەکە کوردی عێراقی خۆشدەوێت‌و پێیخۆشە بارە قورسەکەی سەرشانیان کەمبکاتەوە، ئەبێت کوردستانی عێراق بەجێبهێڵێت، چونکە پەکەکە بوەتە بارگرانی بۆ حکومەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمیش تاپۆنییە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی‌و گۆڕان‌و لایەنەکانی تریش تێیدا بەشدارن، بۆیە ئەبێت پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگات کە کێشەی ئەو لەگەڵ ئێمەی پارتی نییە بەتەنیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو کوردستانی عێراقە.

دووهەم: ئەگەر پەکەکە لەبادینان جێی پێ لێژ بوبێت، ئەوە مانای ئەوەنییە لەدەڤەری پشدەر، شارباژێڕ، شارەزورو هەورامان بەئاسانی ئەتوانێت دەست لەهەڤاڵانی ئێمە بوەشێنێت، بۆیە ئەگەربێت‌و بەهەر بیانویەک هێرشی سەربازی بکرێتەسەر تاکە کەس، یان بارەگاکانمان، زۆر بەتوندیی‌و بەگورزی سەربازی وەڵامدەدەینەوە، هەمان شت بۆ هێرشکردنەسەر بارەگاکانمان بەنمایشی خۆپیشاندانی مەدەنیش کە پەکەکە خەڵکی سیڤیل بۆ مەرامی خۆی بەکاربهێنێت ڕەوایەو وەڵامی توندمان ئەبێت، چونکە وەک سەرۆک مام جەلال فەرمویەتی، وتار بەوتارو فیشەکیش بەفیشەک وەڵامئەدرێتەوە. ئێمەش وا ئەکەین، خۆپیشاندان بەمەبەستی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی‌و پانکردنەوەی سەری کادیرانمان بەبلۆک وتارنییە، بەڵکو هێرشێکی سەربازیە، هیوادارین پەکەکە زیاتر سەری بەکێشەی کورد لەتورکیاوە بیەشێنێت‌و واز لەئاژاوە نانەوە لەکوردستانی عێراق بێنێت. 

هیوادارین پەکەکە تۆزقاڵە زەڕڕەیەک هەست بەبەرپرسیارێتی بکات‌و ئەم شەڕە نەگریس‌و ناشرینەمان لێ لابات، چونکە هیچ نەبێت برامانن، ئێمە حەزمان لەکوشتنی برای خۆمان نییە، مەگەر هیچ ڕێگایەک نەمێنێت‌و ناچاربین لەپێناو خۆپاراستن، پەنجەی سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمان ببزوێنین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی