ئەو شەقازلەی لە بنانگوێی سەرۆكی فەرەنسایان سرەواند

13/06/2021

د. خالید ئەلمواجدە

ئەو تۆمەتەم (دەستدرێژیكردنەسەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت) زۆر بەدڵ بوو كە ئاراستەی ئەو گەنجە فەرەنسییە كرا كە زلەكەی لە سەرۆكی فەڕەنسادا… 
دامیان تارێل تەمەن 28 ساڵ كە ئەو تۆمەتەی دراوەتەپاڵ، ئەمڕۆ ئازاد كرا، ئەمەش دوای ئەوەی پارێزەرەكانی لە بەردەم دادگا وتیان كە ئیمانوێل ماكڕۆن هەڵەی كردووە بەوەی دەبوو وەك ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی تەندروستی لە كۆڕۆنا ماوەی یەك مەتر لەو تۆمەتبارەوە دووربایە. 
ئەو زلەی لە ماكرۆن درا
كاتێك گوێبیستی ئەو تۆمەت بووم كە دراوەتەپاڵ دامیان تارێل، شۆك بووم، نەمزانی نەپێبكەنم نە بگریم، بەزەییم بە ئەقڵە پوچەكەی خۆمان هاتەوە و تەواو دڵتەنگ بووم، دڵتەنگی زۆرم لەوە دڵنیایی كردمەوە كە هەمیسان ئەوە دووبارە بكەمەوە كە ئێمە خەڵكانێكین شایستەی ژیانكردن نین، بە هۆی پوچی ئەقڵمانەوە شایستەی ئەوەین هەموو شتێكمان بەسەر بێت، بۆیە پێویستە ڕۆژئاواییەكان دووبارە بمانكەنەوە كۆیلە و كەسیش بۆی نییە لۆمە و سەرزەنشتیان بكات.

فەڕەنسییەكان تۆمەتی (هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك و سەرەوژێركردنی سیستەمی حوكمڕانی و پلانگێڕی بە فیتی بێگانە) یان نەدایەپاڵ ئەو گەنجە، پێیان وانەبوو كابە كەچ بووە، پێی  تەنگەتاو نەبوون، داوای گێڕانەوەی ئابڕوومەندی و قەرەبووی مادییان نەكرد، فڵان و فیسار ڕیشسپی و پیاوماقوڵیان نەهێنانە سەرخەت، نە دۆ و دۆشاویان تێكەڵاو كرد و نە كردیانە شەوی شێتەی… بەڵكو فەرەنسییەكان ڕووداوەكەیان وا لێكدایەوە كە تەنیا دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت.

ئەمما ڕووداوەكە بۆ ئێمە ڕوویەكی تەواو پێچەوانەی هەیە؛ ئەگەر خوانەكردە شتێكی لەم بابەتە لە هەر وڵاتێكی عەرەبی قەومابا و یەكێك لە فیرعەونەكانی وڵات دەستدرێژ كرابایەسەر، ئەو كات هیچ تۆمەتێكیان ئاراستەی گەنجەكە نەدەكرد، دەزانن بۆ؟ چونكە هەر ئەو كات بە فیشەك جەستەیان دەكردە ڕەشكە و بێژینگ بە شێوەیەك كەس نەیدەناسییەوە، ئینجا وتەبێژێكی فەرمی دەوڵەت- مان لێ قوت دەبۆوە و بە زمانێكی سەقەت و كرچوكاڵ بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی لەوبارەوە دەخوێندەوە و دەیفەرموو: گەنجە تۆمەتبارەكە سەر بە تابووری پێنجەمە و پلانی دژ بە نیشتمانە ئازاد و دیموكراسییەكەمان گێراوە كە لانەی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و ئازادیە، ئەو ناپاكە ویستویەتی سەركردەی وڵاتەكەمان (ڕەزای خوای لێ بێت)  تیرۆر بكات كە بەدەرە لە هەموو كەموكورتییەك و مرۆڤی بێ هەڵە و ئاسمانی بێ پەڵەیە، بێ مانندە و تاوەكو ئێستا كۆپییەكی وەك ئەو لەدایك نەبووە…!! پیلانگێڕییەكە بە فیتی لایەنێكی دەرەكییە و سەرەتایەكە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا…‼ ئینجا شانۆگەرییە باوەكە و قەوانە كۆنەكەیان لێدەدایەوە و تاك بە تاكی تیرە و هۆزی گەنجەكەیان (مام، خاڵ و خاڵۆژن و پور و داپیرە و باپیرە…هتد) بەئامانج دەگرت و لە هەموو كار و فرمانێكی حكومی بێبەشیان دەكردن كە پەیوەست بێت بە سەرخان و ژێرخانی وڵاتەوە، تا دەسەڵاتداریش لە ژیاندا بێت، دەبوو هۆز و تیرەی گەنجەكە تا هەتایە بەسەرشۆڕی بژین و لەكەیەك بێت بەناوچاوانیانەوە، ئەمە جگە لە دەیەها مێژوونوسی قارەمانی پڕۆفیشناڵ كە بە زرینگە و خشەی پارە و سامان دەكەوتنە هەلەكەسەما و ئەو ڕووداوەیان وەك ئەفسانە و شاكارێكی مێژووی تۆمار دەكرد.

ڕووداوەكەی فەرەنسا بۆ ئێمەی كۆنەپارێزی دواكەوتووی ئەقڵی و ڕۆشنبیری و شارستانی دەبێت ببێتە پەند و ئامۆژگاری و لێیە فێربین و لێی هەڵێنجین؛ دەبێ فێڕی ئەوە بین كە ئەو كەسەی پۆستێكی دەوڵەتی لە بواری خزمەتگوزاری گشتی بەڕێوە دەبات، تەنانەت ئەگەر سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیرانیش بێت، دەكرێت لە بەرامبەر حوكمڕانییەكەیدا سەركۆنە و سەرزەنشت بكرێت… كەچی ئێمەی عەرەب لە بری ئەوە هەر خەریكی هونەرسازی داڕشتنی یاسای تاوانە ئەلەكترۆنییەكانین تاوەكو دەسەڵاتدارەكانمان بە پەرژینێكی خودایی دەورەدەین.
درود و نەمری بۆ ئەو زلە- یەی لە بنانگوێی سەرۆكی فەڕەنسا- یان سرەواند كە شەقازلەیەك بوو بۆ هەموو دەسەڵاتدارێكی ملهوڕێ عەرەبی كە هێشتا چێژ لە نەزانی و دواكەوتوویی و نۆكەرایەتی بۆ ئەم و ئەو وەردەگرێت و گەرەكیەتی بۆ هەتاهەتایە بمانكاتە كۆیلە و دەربار.

پێگەی ئەلەكترۆنی: ئەلشیڕاع
نوسینی: د. خالید ئەلمواجدە
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی