مەرگی سەعدی و مانەوەی ئێمە

13/06/2021

سەردەشت محەمەد

سەعدی یوسف، شاعیری دیاری عێراقی ئەو شاعیرەی کە لەڕێگایی شیعرەکانییەوە  دژایەتی میللەتی کوردی دەکرد، ئەو کە زیاتر لە چل دیوان و زیاتر لە سی بەرهەمی ئەدەبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا  لە تەمەنی  هەشتاو حەوت ساڵیدا کۆچی دوای کرد،  ئەو شاعیرە ساڵی ٢٠١٤ لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەناونیشانی ( میسریی عوروبەو عێراقی عەجەم) دژایەتی خۆی بۆ گەلی کورد  دەربڕی ونەتەوەی کوردی وەک مەیموون و کوردستانیشی وەک مەیمونستان وەسف کرد، ئەم شاعیرە عێراقییە تەنهاکەس نییە کە بائاشکرا دوژمنایەتی گەلێکی ستەمدیدەی وەک کوردبکات، بەڵکو  کورد گەلێکی ماف خوراو و داگیرکراوە و دوژمنەکانی هەرچییان پێبکرێت بۆ سڕینەوەی چی لەڕێگای هێزی سەربازی و چی لەڕێگای  هەوڵدان بۆ  تێکدانی کەلتور و مێژوو  ئەدەبیەوە  درێخییان نەکردوە و هەرگیز درێخیش ناکەن،

  دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە بزانین  ئەوەی وادەکات ماوەی ئەم داگیرکاری و سڕینەوەمان  خێراتر بکات و دەرفەت بۆ دوژمنەکانمان ئاسانتربکات  پەرتەوازەی نێوماڵی کورد و نەبونی یەک گووتاری سیاسیە لەنێوان هێزە کوردییەکاندا، بەتایبەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستادا کە  هێزێکی داگیرکەری وەک تورکیا بەبیانوی هەبونی پەکەکەوە لەناوچەکەدا  پەلاماری خاکی کوردستان دەدات و بەئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی باشووری کوردستان دەکات، لەکاتێکدا  ئێمە مێژووی  ئەم دەوڵەتەمان لەلا ڕوونە کەهەر لەگەڵ دروست بونیدا  بەداگیرکاری و خوێن ڕشتن دەستی پێکردوە و  هەمیشە هەوڵیداوە لەسەر حیسابی خاکی وڵاتانی چواردەوری درێژە بە فراوان بوونی خاکەکەی بدات و ئەمە بێجگە لەوەی کە جگە لە تورک وزمانی تورکی هیچ گەل و نەتەوە و زمان و ئایدیایەکی دیکەی پێ قبوڵ نییە، ئەم دوژمنکارییە ئێمە وەنەبێت تەنها تورک کردبێتی، بەڵکو ئەوڕقەی کە دەوڵەتی فارس و عەرەب هەیانبووە بەرامبەر بەئێمە ئەگەر زیاترنەبوبێت لەتورک ئەوا هیچی کەمتر نەبوە و نابێت، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەن ئەوەی زامنی مانەوەمان دەکات بەتەنها یەکگرتوی و یەک خستنی  نێوماڵی خۆمانە،  وەدەبێت  دوژمنانیشمان لەو ڕاستییە تێبگەن هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوە و لەناوچون و دژایەتی ئێمە دواجار هاوشێوەی هەوڵەکانی سەعدی یوسف دەبێت و لەکۆتایدا هەوڵەکانیان  یەک یەک لەناودەچن و ئێمەش هەروەک ئێستا دەمێنینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی