شەڕی تورکیاو پەکەکەو حەقیقەتێکی تاڵ

14/06/2021

لەتیف نێروەیی

بەرلەوەی حەقیقەتە تاڵەکە بخەمەڕوو کە پەیوەستە بەسیاسەتێکی هەڵەی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان‌و تائێستا باجی ئەو هەڵە سیاسییە دەدەین، بەرلەوە دەخوازم تەفسیرێکی هەڵە ڕاستبکەمەوە کە پەیوەستە بەهۆکاری ڕەتکردنەوەی شەڕی کوردو کورد.

کاتێک دەڵێین دژی شەڕی (کوردو کوردین)، مەبەستمان ئەوەنییە کە پشتگیری لە(پەکەکە) بکەین‌و بمانەوێ لەدژی تورکیا بجەنگین، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە کە مەترسیەکانی بەڵای هەموو جۆرە شەڕێک لەهەرێمەکەمان دوربخەنەوە بەشەڕی (تورکیاو پەکەکە)شەوە.

کاتێک دەڵێین لەجیاتی شەڕ با بیر لەبژاردەیەکی دیکە بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو شەڕکردن لەدژی (پەکەکە) چارەسەری کێشەکە ناکات، مەبەستمان ئەوەنییە کە لەسیاسەت‌و هەڵسوکەوتی (پەکەکە) ڕازین، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە پێشتر لەهەرێمی کوردستان چەندینجار ئەزموونی شەڕمان هەیە لەگەڵ (پەکەکە)و بەهۆی شەڕەوە دۆخەکە ئاڵۆزترو مەترسییەکان زیاتر دەکات‌و دەستی وڵاتانی ئیقلیمیش بەتایبەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان فراوانترو کراوەتر دەکات، هەروەک بەو جۆرە شەڕانە نە هێزەکانی (پەکەکە) ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵدەکەن، نە هێزەکانی سوپای تورکیاش لەو شارو شارۆچکەو زنجیرە شاخ‌و دێهاتانەی هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە کە لێی نیشتەجێن، بەڵکو بیانوو دەدات بەدەستەوە کە هێزەکانی هەردولا زیاتر ڕووبکەنە ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، نە دەرفەتیش دەڕەخسێت کە هاوڵاتیانی دێهاتی ناوچە سنورییەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

ئیدی شەڕکردن لەپێناو چی‌و چما شەڕ بکەین؟
حەقیقەتە تاڵەکە:

حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە کە حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەداو پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵەوە بەهێزترین کارتی هەرێمی کوردستانیان بەرامبەر بەتورکیاو پەکەکە لەدەستداوە، ئەویش کارتی نێوەندگیری هەرێم بوو لەنێوان تورکیاو (پەکەکە) کە پێشتر چەندینجارو لەدرێژەی چەندین ساڵ بەهۆی نێوەندگیریی هەرێمی کوردستانەوە بەتایبەتی لەسەردەستی هەڤاڵ (مام جەلال) ئەو دوو لایەنە ئاگربەستیان ڕاگەیاندو پرۆسەی ئاشتی‌و دیموکراتی لەتورکیا هەنگاوی باشی هاوێشت کە ڕەوشەکە لەبەرژەوەندی پرسی کوردبوو لەو وڵاتە، جگە لەوە ئەو ئارامییەی کە لەو سەردەمە لەتورکیا هاتە کایەوە باندۆرێکی ئەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەبوو بەتایبەتی لەناوچە سنورییەکان‌و ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان.

 بەڵام بەداخەوە لەهەڵبژاردنەکانی پێشوتری تورکیا حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان بێلایەنی خۆیان لەدەستداو بەکردەوە بونەتە بەشێک لەململانێکانی ناوخۆی تورکیاو بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا دابەشبوون.

بەشێکیان بەڕاشکاوانە چونەتە پاڵ حزبی دادوگەشەپێدان (حزبی عەدالە)و بەشی دووەمیش بەڕاشکاوانە چونەتە پاڵ (هەدەپە)و دەستیانکرد بەبانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوازی دەرگا بەدەرگا لەباکوری کوردستان.

هەرچەندە لەڕووی مێژوویی‌و سۆزی نەتەوەییەوە جیاوازی لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا هەبوو، بەڵام لەڕووی بابەتییەوە ئەم هەڵوێستەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەهەڵەیەکی ستراتیژی ئەژماردەکرێت، چونکە لەلایەکەوە بێلایەنی هەرێمی کوردستانیان لەدەستداو لەلایەکی دیکەوە ئەو کارتە بەهێزەی هەرێمیان لەدەستدا کە هەرێم ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان سوپای تورکیاو (پەکەکە) دەگێڕا، هەروەک هەرێم ڕوڵی هەبوو لەیەکتر نزیکردنەوەی حزبی عەدالەو پەیەدەو ناوچەکە بەگشتی سەقامگیریەکی سیاسی‌و ئەمنی بەخۆیەوە بینیبوو.

بۆیە گرنگە دان بەو هەڵەیەدا بنێین‌و بیر لەوەبکەینەوە چۆن بتوانین ئەو هەڵەیە ڕاستبکەینەوە تاوەکو هەرێم جارێکی دیکە بتوانێت هەمان ڕۆڵی جاران بگێڕێت‌و نێوەندگیری لەنێوان ئەو دوولایەنەدا بکات وەکو جاران  ببێتە کارەکتەری سەرەکی دۆزینەوەی چارەسەر نەک ببێتە بەشێک لەشەڕەکەیان، بەمە دەتوانین مەترسیەکانی ئاگری شەڕەکە لەناو ماڵی خۆمان دووربخەینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی