ئەردۆغان چی دا بە ناتۆ و چی لێدەسکەوت؟

15/06/2021

سەلاح خدر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک دەوڵەتی تورک چەندین مانگ بوو بەدوای هەلێکدا دەگەڕا چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن بکەوێت.
چەندین ڕێگای ڕەسمی و ناڕەسمی بۆ ئەو مەبەستە تاقیکردەوە، بەڵام بایدن هەموو داخوازیەکانی ئەردۆغانی تا کۆبوونەوەی ناتۆ ڕەد کردووە و دواین جار ١٤ی ئەم مانگە یەکیان بینی.

بەرلە کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەردۆغان پەیامی دیالۆگی لەگەڵ ئەمەریکا دا، گوایا نیازی ئەرێنی خۆی نیشان دەدات، هەڵبەتە لەژێر ئەو پەیامە دبلۆماسی و ساختەیەدا بەناوی ئارامی و ئاسایش ئەجەندایەکی چەپەڵ هەیە.
ئەردۆغان گوتی بەپاراستنی سنورەکانمان سنوری ناتۆ دەپارێزین، واتا وەک هەرجارێک ئەمجارەش داوای کرد لە ڕووی ماددی و لە شەڕی کورداندا هاوکاری بکەن، هەوڵیدا تێکۆشانی ئازادی کوردان لەبەرچاو ئەمەریکا و ئەوروپا ڕەش بکات، بۆ قبوڵکردنی ئەوەش هەموو باج نۆکەرایەتییەک قبوڵ دەکات، لەناویدا پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵی ئەفغانستان.

بەپێی ئەو پلانە دانراوە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان سوپای تورک ڕۆڵی پاسەوانی هاوپەیمان دەبینێت لە ئەفغانستان.
بۆ ئەوەش ئەردۆغان ئەمجارە بێ پێچ و پەنا بەئاشکرا گوتی ئامادەی خزمەتکردنی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاین لە ئەفغانستان، گەرچی پێشتر بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاندبوو کە ئەوان بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئەمەریکا کردوویان دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بچنە دەرەوە و بوونی تورکیاش قبوڵ ناکەن، واتا لەمەودوا تاڵیبان لەبەرامبەر خۆی دەبینێتەوە.

ئەردۆغان قسەکانی لە کۆبوونەوەی ناتۆدا کۆتایی بەو ئەفسانە و کاریزما ساختەیە هێنا کە وەک ڕابەری جیهانی موسوڵمانان بۆ خۆی دروست کردبوو.
ڕاستە کۆبوونەوەکەی بایدن و ئەردۆغان بەڕووی ڕاگەیاندندا داخرابوو و ئەنجامەکەشی ڕانەگەیەندرا، بەڵام جیاواز لەو وێنە و پۆزانەی ئەردۆغان کەلە دیدارەکانی ناتۆدا بڵاوبووەتەوە، ڕاستیەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک تێگەیشتووە لەوەی ئیدی وڵاتانی ناتۆ بەچاوی ساڵانێک پێش ئێستا لە تورکیا ناڕوانێت و بەتایبەت دوای دۆسیەی ئێس ٤٠٠ و کێشەکانی لە دەریای ناوەڕاست، ئەنقەرە پەراوێز خرا، لە پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانیدا لەگەڵیاندا شکستی هێنا، تاکە کارتێک کەماوە لە دەستیدا بۆ بەکارهێنان پەیوەندییە سەربازییەکەیەتی، تورکیا لە سوپایەکی شکستخواردوو زیاتر هیچی نییە، بۆ ئەوەش خستوەتە مامەڵەوە لەگەڵ واشنتۆن و ئەوروپا و دوای سوریا و لیبیا و ئازەربایجان، ئەمجارە لە ئەفغانستان، پاکستان و هەنگاریا و وڵاتانی دیکەی موسوڵمان وەک پاسەوانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەیخاتە کار.

ئەردۆغان کۆبووەنەوەی لەگەڵ بایدن بە بەرهەمدار پێناسەکرد، بەڵام نەیتوانی تەنها یەک دەستکەوتی کۆبوونەوەکە بەڕاگەیاندنەکان بڵێت. ئەو تەنها ئەوەی گوت کە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان پێشدەخەن و میکانیزمێک بۆ ڕاوێژی هەرێمی دادەمەزرێنن.
هەرچی بایدنە شتێک کۆبوونەوەکەی نەگوت کە لەبەژەوەندی تورکیادا بوبێت، بەڵکو ئەویش کۆبوونەوەکەی بە بەرهەمدار وەسف کرد، ئەوەش لە دبلۆماسییەتدا پەیڤێکە بۆ هەموو کۆبوونەوەیەک بەکاردەهێندرێت.

لەلایەکی دیکە ئەو تێگەیشتنە دروست بوو کە ئیدی مەحاڵە پەیوەندیەکانی نیوان ئەمەریکا و تورکیا بگەڕێتەوە سەردەمی دۆناڵد ترامپ.
لەدیدارەکەی ئەردۆغان – بایدن دا دەرکەوت کە ڕژێمەکەی ئەردۆغان لەسنوری لەناوچوندایە و دەیەوێت بەڕێگەی پاس و غوڵامکردنی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە