پاڤڵ تاڵەبانی چ دەرگایەکی کردەوە؟

23/07/2021

عوسمان گوڵپی


مانگی تەمووز بۆ یەکیەتی نیشتمانی مانگێکی جیاواز بوو لە مێژووی حیزبی خۆیدا، کە پێشتر پێیدا تێنەپەڕیوە و ئەزموونی نەکردوە، ئەگەرچی یەکیەتی بە چەندی ناکۆکی و جیابوونەوە و شەڕ و ململانێدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی لەم مانگەدا ڕوویدا زۆر جیاواز بوو لە ململانێ و ناکۆکیەکانیتر، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پاڤڵ تاڵەبانی بە دوو جۆر ناو دەهێنرێن، بەشێكیان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ناوی دەبەن و بەشێکیشیان بە کودەتا و گەلەکۆمەکی ناوی دەهێنن. 

ئەم هەنگاوانەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ من گرنگ نیە چۆن ناو دەهێنرێن و پێشم وا نیە  ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پەیڕە و میکانیزمە ئاساییەکانی حیزبدابن بەڵکو ئەوە دۆخێکی نائاساییە کە حیزبی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەی گرنگرە ئەو دەرگایەیە کە پاڤڵ تاڵەبانی کردیەوە، دەرگایەك کە پێشتر کەس لە ناکۆکیەکاندا نەیکردۆتەوە و لێی نەداوە.

 بەڵکو هەنگاوەکانی ئەم دوایی پاڤڵ تاڵەبانی بوونە تاقیگەی ڕێگایەکی نوێی ململانێ و گۆڕینی باڵانس چ بۆ نێو خۆی حیزب بێت یان دەرەوەی حیزب، چونکە لە مۆدیلی حیزبی کوردیدا چەندین ڕێگای ململانێ حیزبی تاقی کراونەتەوە، لە جیابوونەوە و دروستکردنی حیزبی نوێ، تا لە ناوبردنی نەیار و بەلاڕێدابردنی کۆنگرە و باڵ باڵێن و دوور کەوتنەوە، کە هەموویان لە نێوان پلەبەندی بەرپرسیارێتیدابوون نەك هاوئاستی، بەڵام ئەو دەرگایەی پاڤڵ تاڵەبانی کردیەوە دەرگایەکی نوێ بوو، دەرگایەك کە ئەگەرچی لەم قۆناغەدا ئامانجەکەی پێکا، بەڵام لێکەوتەکانی دیارنین بۆ داهاتوو و دەکرێت هەمان دەرگا جارێکیتر لێی بدرێتەوە و ببێتە ڕێگایەکی نوێ بۆ گۆڕینی باڵانس، جا چ لە نێو خۆی حیزبدا یان لە لایەن هێزی نەیارەوە بەڵام لە ڕێگەی خودی حیزبەکەوە، بە پاساو گەلی جیاواز، چونکە هیچ گۆڕانکاری و هەنگاوێك نانرێت تا کۆمەڵێك پاسا و بەڵگەی بۆ ئامادە نکرێت، پێویستە بە ئەندازەی گەورەیی و بچوکی پلانەکە پاساوی گەورە و بچوك ڕیز بکرێت و دەشکرێت کە بەشێکیان دروست و بەشێکیشیان بۆ ڕەوایپێدانبێت، کە پاساوەکان بابەتەکەی من نین لەم نوسینەدا

ئەو هەنگاوانەی پاڤڵ تاڵەبانی سەرکردایەتیکردن، کردیانە کەسی یەکەم و خاوەن بڕیاری نێو یەکیەتی، ئەوەی کار ئاسانی بۆ ئەمە کرد وێڕای بوونی ئەو وەك کوڕی گەورەی تاڵەبانی، کۆبوونەوەی تواناو باڵەکانیتری یەکیەتی بوو لە دەوری پاڤڵ تاڵەبانی بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی، ئەمەش وایکرد هەنگاوەکان وەك خۆیان جێ بەجێ ببن و لاهور شێخ جەنگی بە تەنها بهێڵێتەوە و لە ژێر کاریگەری هۆکار گەلێك و مانەوەدا ڕازیبێ بە هەنگاوەکانی هاو ئاستەکەی.

ئەو ڕێگایەی پاڤڵ تاڵەبانی پێداڕۆشت پێشتر کەسی پێدا نەڕۆشتبوو، لە بارامبەر هاوئاستی خۆیی و خاوەن دەنگی زۆرینەی کۆنگرە و دەزگای زەبەلاح و هێز، بەڵام ڕێگاکە و ئامادەسازی جۆراوجۆر بۆیی و چۆنیەتی مامەڵەی بەرامبەر وایکرد کە ئاسانبێت، بە بێ ئەوەی حیزبەکەی پارچە پارچە بکات، لێرەدا قسە لەسەر لێکەوتەکان و کاریگەریەکان ناکەم

بەڵام ئەوەی کەماوە بۆ داهاتوو ئەو دەرگایەیە کە پاڤڵ تاڵەبانی بۆ یەکەم جار کردیەوە،  ئایا ئەمە نابێتە ڕێگایەکی تەجروبەکراوی شایەن بە دووبارەبووەوە نەك بۆ یەکیەتی بە تەنها بەڵکو بۆ حیزبەکانیتریش؟ چونکە ڕاستە لە ئێستادا بۆچوونەکانی یەکیەتی تاڕادەیەك کۆکیان پێوە دیارە، بەڵام ئەم کۆك بوونە لە گەڵ پاڤڵ تاڵەبانی تا کەی دەخایەنێت؟ پاڤڵ تاڵەبانی تاکەی دەتوانێت کۆك بوون و دۆستایەتی ئاراستە نێوخۆییەکان و تەنانەت حیزبی منافسیش ڕاگرێت؟ یان پلانیتری بۆ دوای ئەم هەنگاوانە هەیە؟ گریمان بەرژەوەندیەکان و سیاسەتی دەرەکی و کێ بڕکێی نێوخۆیی وایکرد کۆکەکانی ئێستا جارێکیتر ناکۆك بوونەوە؟ ئەو کات ناکرێت هەمان ئەو ڕێگایە بۆ یەکلاکردنەوە پەنای بۆ ببرێت، لە کاتێکدا هەموان هێز و پارە و پەیوەندی دەرەکی ومیدیایان هەیە؟ لە لایەکیتریشەوە ئەی ئەگەر نێوان یەکیەتی و پارتی ناکۆکی تێکەوتەوە و کەوتنەوە گەرێکیتری ململانێ، ئەو کات بیرلە وە ناکرێتەوە کە نەیارەکانی بەدەردی ئەم رێگایە بەرێت، مەگەر هێز و پشتیوانی سیاسی و میدیا و سەرچاوەی دارای بەردەست نین؟  کەواتە ئەو دەرگایەی پاڤڵ تاڵەبانی کردیەوە وادەکات هەمیشە چاوی لە کلیلی دەرگاکە بێت نەبادا ئەوانیدی بیکەنەوە بە تایبەت بەڕووی خۆیدا، هەرچەند تەنها بۆ یەکیەتی نا بەڵکو هێزەکانیتریش دەبێت بزانن کە دەرگایەکی نوێ بۆ گۆڕینی باڵانس تەجروبەکراو قابیلی دووبارە کردنەوەشە، ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ ئەوەی شیکردنەوە بۆ گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایەی یەکیەتی و لێکەوتەکانی بکرێت، چونكە یاری ئەنجام یەكلای دەكاتەوە نەك هیچیتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی