حیزبی خەڵك یان هی ناو چوار دیوار

23/07/2021

هەژار سدیق


حزبی سیاسی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیە، بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، کە لەلایەن ئەوروپیەکانەوە داهێنراوە، حزبیش وەکو باقی ئەو داهێنانە زانستیانەی ڕۆژئاوایە، کە مرۆڤایەتی سوودی لێ بینیووە.
بەر لە دوو هەزارو چوارسەد ساڵ بەر لەئێستا لەیۆنان یەکەم حزبی سیاسی دامەزراوە بەناوی (ئۆلیگارشێ) ئەم حزبە وەکو حزبەکانی ئێستای باشوری کوردستان، حزبی بنەماڵەو بەرەبابە دەوڵەمەندو خاوەن میلیشیاکان بووە، ئۆلیگارشیەکان، فەیلەسوفە مەزنەکانی وەکو سوکرات و ئەفڵاتون و ئەرستۆیان زیندانی دەکرد، یان بەژەهر دەیانکوشتن.
ئۆلیگارشیەکان، وەکو حزبەکانی  ئێستای کوردستان،  ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگرانیان، دەکوژن یان زیندانیان دەکەن.
سەرکردایەتی حزبەکانی باشور، بەهەمان عەقڵیەتی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، وەکو ئۆلیگارشیەکان، ڕقیان لەخەڵکی خۆیان دەبێتەوەو بەهچیان نازانن، بۆیە لەناو خەڵك ناژین و تەنانەت، خانووەکانیشیان لەدووری خەڵك و لەسەر گردو بەرزاییەکانی دووری خەڵك بنیات ناوە.
نزیکەی پێنج سەد ساڵ بەر لەئێستا، لەفۆرمێکی سەردەمیانەو لەپێناوی خەڵكدا، بەریتانی و ئەمریکیەکان حزبی خەڵك و خزمەتکاری میللەتەکانی دروستکردو کۆتاییان هێنا بەحزبی بنەماڵەو بەرەبابەکان، ئەم پێشکەوتنە مەزنانەی کە لەم دوو وڵاتەشدا هەیە، کەمرۆڤایەتیش سوودی زۆری لێ بینووە، ئەنجامی ئەم فۆرمە نوێیەی حزبایەتیە، کەتا ئێستاش هەر لەنوێبوونەوە دایە.
دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، لەسەر هەمان فۆڕمی پارتی ڕاستڕەوی لیبڕالی بەریتانی 1678 و پارتی پارێزگارانی ڕاستڕەوی توندڕەو ، پارتی دیموکراتی کۆماری 1794 پارتی نەتەوەیی کۆماری 1828، کۆتایی هێنا بەحزبی بنەماڵەو ئۆلیگارشیەکان.
لەم هەلومەرجەی ئێستای ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، کەوێران بووە، بەدەست عەقڵیەتی دەرەبەگی ئۆلیگارشیەکانی کوردایەتیدا، سەرکردایەتی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە خەڵك بە 124 ەکە  ناویان دێنن، لەژێر باری ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی زۆر گەورەدان، هەموو خەڵك، بە بەرگ و بێ بەرگەوە ، بەبازاڕو بازرگانیەوە، بەبرسی و بەتێرەوە، چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکا، بۆ ئەوەی نەبن بە ئۆلیگارشێ، چونکە، ئێوە کوڕی خەڵکن، یەکێتییش بەدەنگی خەڵك و ئاهو حەسرەتی خەڵکەوە بەهێز دەبێت نەوەکو دەستکێشی هێزی بێگانەو پرۆسەی تەزویری دەنگ.
دەبێت، هەڵبژاردنی ساڵی 2013 تان لەیادبێت، کە ئەو جوتیارو خەڵکەی گوندەکان ، کە پێش ڕاپەڕین نانی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێیان لەئەستۆ بوو، چ سزایەکی قورسیان دان، لەسەر ئەوەی سەرکردایەتی پێشوو، هەنگاوی بەرەو ئۆلیگارشێ دەنا.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی